رووداو دیجیتاڵ
ئارسیناڵ بە وردی چاودێری دۆخی ڤینیسیۆس جونیۆری بەرازیلی دەکات لە یانەی ریال مەدرید، دوای ئەوەی یاریزانەکە چووەتە نێو دوایین 12 مانگی گرێبەستەکەی و تاوەکو ئێستا، هیچ ئاماژەیەک بۆ نوێکردنەوەی نییە، ئەمەش وایکردووە میکێل ئارتێتا بیر لە گواستنەوەی ئەو ئەستێرەیە بکاتەوە بۆ بەهێزکردنی هێڵی هێرشبەریی یانەکەی.
لە وەرزی 2025-26 هێڵی هێرشبەریی ئارسیناڵ لە لای چەپ کێشەی هەبوو، گابریل مارتینێلی و لیاندرۆ ترۆسارد نەیانتوانی ئەو ئاستە پێشکێش بکەن کە لە لێیان چاوەڕوان دەکرا و هەردووکیان بەیەکەوە تەنیا حەوت گۆڵیان لە پرێمەرلیگ تۆمارکرد. رۆیشتنی ترۆسارد بۆ یانەی 'بێشیکتاش' و هاتنی کریستۆس تزۆلیس، هێشتا بۆشایی لەو لایەی یانە لەندەنییەکەدا هێشتووەتەوە و ڤینیسیۆس دەتوانێت ئەو کوالێتییە بەرزە بۆ ئارسیناڵ دابین بکات.
ئامارەکانی ڤینیسیۆس دەریدەخات، کە یاریزانەکە لە لالیگا یەکێک بووە لە باشترینەکان، بە شێوەیەک لە هەر 90 خولەکدا 7.7 جار هەوڵی بڕینی یاریزانانی بەرامبەری داوە. ئەو یاریزانە تەنیا لەبەر لێهاتوویی لە بڕینی یاریزاندا گرنگ نییە، بەڵکو مەترسییەکی بەردەوامە بۆ سەر گۆڵی تیپی بەرامبەر و توانایەکی زۆری لە دروستکردنی هەل و گۆڵکردنیشدا هەیە.
ئارتێتا دەتوانێت سوود لە خێرایی ڤینیسیۆس وەربگرێت بۆ هێرشی هەڵگەڕاوە، چونکە ئەو یاریزانە هەمیشە لەسەر هێڵی کۆتایی بەرگری تیپی بەرامبەر دەمێنێتەوە و بە خێراییەکەی دەتوانێت بۆشایی گەورە دروست بکات، وەک ئەوەی لە یارییەکانی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر 'بێنفیکا' ئەنجامی دا. هەروەها لە یارییە داخراوەکاندا، ڤینیسیۆس توانای تێپەڕینی لە ناوچە بەرگرییە سەختەکانی تیپی بەرامبەردا هەیە، نموونەی ئەوەش گۆڵەکەی بوو بەرامبەر 'ئیسپانیۆل' کاتێک لە نێوان هەشت یاریزاندا توانی گۆڵ تۆمار بکات.
یەکێکی دیکە لە کێشەکانی ئارسیناڵ ناهاوسەنگییە لە هێرشبردندا، بە جۆرێک 42٪ـی هێرشەکانی یانەکە لە لای راستی یاریگەوەن کە بوکایۆ ساکا و مارتن ئۆدیگارد و نۆنی مادویکێ لێی یاری دەکەن، ئەمەش وایکردووە ئارسیناڵ ببێتە تیپێکی پێشبینیکراو و یانەکانی دیکە بتوانن بە ئاسانی خوێندنەوەی بۆ بکەن. هاتنی ڤینیسیۆس دەتوانێت هاوسەنگی بۆ هەردوو لای یاریگەکە بگێڕێتەوە و گوشار لەسەر لای راستی تیپەکە کەم بکاتەوە.
سەرباری لایەنە ئەرێنییەکان، گومان لەسەر لایەنی بەرگری ئەو یاریزانە هەیە. ئارتێتا لەسەر بنەمای بەرگری تووند تیپەکەی بونیاد ناوە، بەڵام ڤینیسیۆس لە ریال مەدرید زۆر کەم بەشداری لە ئەرکە بەرگرییەکاندا دەکات. ئامارەکان دەریدەخەن رێژەی تۆپ لێسەندنەوە و پچڕاندنی تۆپ لای ڤینیسیۆس لە خوار ئاستی ناوەندی لالیگاوەیە، ئەمەش خاڵێکە کە پێویستی بە کارکردن دەبێت ئەگەر بیەوێت لە پرێمەرلیگدا سەرکەوتوو بێت.
ڤینیسیۆس جونیۆر ساڵی 2018 لە یانەی 'فلامینگۆ'ـوە پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد و لەو کاتەوە بووەتە یەکێک لە گرنگترین یاریزانەکانی یانە ئیسپانییەکە و نازناوی زۆری لەگەڵدا بەدەستهێناون.




