رووداو دیجیتاڵ
دوای تەواوبوونی پشووی مۆندیال، یارییەکانی خولی ئەمریکی دەستیانپێکردەوە و تێیدا هەردوو ئەستێرەی نوێی خولەکە، ئانتوان گریزمان و رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی یەکەم دەرکەوتنی فەرمییان ئەنجامدا، گریزمان گۆڵی تۆمارکرد و لیڤاندۆڤسکیش نەیتوانی رێگری لە شکستی تیپەکەی بکات.
خولی ئەمریکی بە ئەنجامدانی 15 یاریی گەڕایەوە نێو رکابەرییەکان. تیشکی سەرەکی میدیاکان لەسەر ئانتوان گریزمان، یاریزانی ئۆرلاندۆ سیتی و رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری شیکاگۆ فایەر بوو. گریزمان سەرەتایەکی سەرنجڕاکێشی هەبوو، لە یەکەم یاریی فەرمیدا بەرامبەر سان خۆسێ ئێرسکویک گۆڵێکی تۆمارکرد و تیپەکەی 4-0 سەرکەوتنی بەدەستهێنا. گۆڵەکەی گریزمان لە خولەکی 48 تۆمارکرا، ئەوەش 300ـەمین گۆڵی پیشەگەری بوو لە مێژووی یانەکاندا.
لەلایەکی دیکەوە، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لە یەکەم دەرکەوتنیدا لەگەڵ شیکاگۆ فایەر نەیتوانی گۆڵ تۆمار بکات. شیکاگۆ بەرامبەر ئینتەرمەیامی یاریی کرد، ئەو یانەیەی بەبێ لیۆنێل مێسی و دیپاوڵ یاریی کرد. سەرەڕای یارینەکردنی مێسی، لویس سوارێز درەوشایەوە و دوو گۆڵی بۆ ئینتەرمەیامی تۆمارکرد. یارییەکە بە ئەنجامی 3-2 بۆ هاوڕێکانی مێسی کۆتاییهات. پرێستۆن پلامبێکی تەمەن 20 ساڵ گۆڵی سەرکەوتنی ئینتەرمەیامی لە خولەکی 87 تۆمارکرد.
ئەرکی لیڤاندۆڤسکی لە شیکاگۆ قورس دەبێت، چونکە دەبێت شوێنی هۆگۆ کویپەرس پڕبکاتەوە، ئەو یاریزانەی پێش پشووی مۆندیال 13 گۆڵی تۆمارکردبوو و ئێستا رووی لە یانەی مۆنتێری کردووە. لە یارییەکەدا لیڤاندۆڤسکی 62 خولەک بەشداریکرد، بەڵام تەنیا یەک هەلی گۆڵکردنی بۆ ڕەخسا و بەرگریی ئینتەرمەیامی رێگری لێ کرد.
بڕیارە لە 19ـی مانگی 8ـی 2026، هەردوو یانەی ئۆرلاندۆ سیتی و شیکاگۆ فایەر رووبەڕووی یەک ببنەوە، ئەوەش دەبێتە یەکەمین رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی نێوان گریزمان و لیڤاندۆڤسکی لە خولی ئەمریکی. ئینتەرمەیامی و شیکاگۆش جارێکی دیکە لە 9ـی مانگی 9ـی 2026 لە یاریگەی سۆڵجەر فیڵد بەیەک دەگەن، چاوەڕوان دەکرێت مێسی و کاسێمێرۆ لەو یارییەدا ئامادە بن.




