رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، دووچاری گوشاری زۆری ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەی بووەوە و لەلایەن پارتە سیاسییەکانی وڵاتەکەیەوە رەخنەی تووندی لێگیرا، پاشئەوەی دەرکەوت لەسەر دۆسێی تۆمەتبارکردنەکانی مانچێستەر سیتی، لەگەڵ خاوەنەکانی ئەو یانەیە کۆبووەتەوە.
یانەی مانچێستەر سیتی لەلایەن دەستەی پرێمەرلیگەوە بە 114 سەرپێچی، لە یاسا و بنەما داراییەکانی خولەکە تۆمەتبارکراوە. پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بەریتانیا، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان رووگیرکرد، کاتێک ئاشکرایانکرد بەنهێنی لەگەڵ بەرپرسەکانی یانەکە بەنهێنی کۆبووەتەوە.
ئاندی بۆرنهام، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، پاش گوشاری پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی وڵاتەکە، بەڵێنیدا تەواوی وردەکاری و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی یانەکە، ئاشکرا بکات.
دەستەی پرێمەرلیگ، لە نوێترین ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لەگەڵ مانچێستەر سیتی، ئەو یانەیە تۆمەتبارکردووە بە بەکارهێنانی "گرێبەستی بازرگانیی ناڕاست" لەچوارچێوەی پڕۆسەیەکی رێکخراودا، بۆ زەبەلاحکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان بەزیاتر لە 900 ملیۆن پاوەند کە دەکاتە نزیکەی ملیارێک و 200 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.
وێڕای مەترسیداریی تۆمەتەکان، یانەی مانچێستەر سیتی، سوورە لەسەرئەوەی هیچ لادانێکی لە یاسا داراییەکان نەکردووە و بەفێڵ قەبارەی سەرمایەی خۆی زیادنەکردووە، لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا یانەکە دەڵێ، "رای لیژنەی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لە دۆسێیەکە، هەڵەی گەورەی روونی تێدایە"، هەر بۆیە یانەکە لە کاتێکی پێشتری ئەم مانگەدا، داوای تێهەڵچوونەوەی بەدۆسێی لێکۆڵینەوەکەدا کرد، لەپێناو خۆپاراستن لە سزای تووند، کە دەکرێ بگاتە لێشکاندنی خاڵ و لێسەندنەوەی نازناوەکان.
دۆسێیەکە لە یاریگاکانەوە گەیشتە پەرلەمانی بەریتانیا، پاشئەوەی ژمارەیەک سیاسەتوانی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی وڵاتەکە، هێرشی تووندیان کردە سەر سەرۆکوەزیران، بەهۆی ئەو لێدوانانەی لەبارەی دۆسێیەکەوە دابووی.
پارتی لیبرال دیموکراتی بەریتانیا، داوای لە بۆرنهامی سەرۆکوەزیران کرد، دەستبەجێ، ناوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوانە ئاشکرا بکات کە لەگەڵ خاوەنەکانی یانەکە و نوێنەرانی لە ئەبوزەبی ئەنجامیداوە. هاوکات، کیمی بادینۆشی سەرۆکی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا داوایکرد، حکومەت دەستبەجێ وردەکاریی تەواوی کۆبوونەوەکانی بۆرنهام، لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکانی یانەکە، ئاشکرا بکات.
لە بەرامبەر ئەو گوشارانەدا، بۆرنهامی سەرۆکوەزیران بەڵێنی ئاشکراکردنی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانیدا.
بۆرنهام دەڵێ، "سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆن داوای ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی کردووە، من دڵخۆشم بەوە و دەیکەم، بۆ هەمووانی رووندەکەمەوە چیمکردووە، هەروەها کاتێک سەرۆکی شارەوانیی شاری مانچێستەربوو، چۆن لەگەڵ ئەواندا کۆبوومەتەوە".
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێ، پەیوەندییەکانم لەگەڵ یانەکەدا نوێ نییە، ئەو کۆبوونەوانەی کردوومن لە ساڵی 2021 بوون و دوای ئەو ساڵە، هیچ کۆبوونەوەیەکم لەگەڵ بەرپرسانی یانەکەدا نەبووە.
بۆرنهام، سەرۆکی گەورە شارەوانیی شاری مانچێستەر بووە لە نێوان 2017 تاوەکو 2026، کە لەو ماوەیەدا، وەبەرهێنانەکانی گرووپی ئەبوزەبی خاوەنی مانچێستەر سیتی، لە شارەکەدا فراوانبوونی گەورەی بەخۆوە بینی.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، پێشتر و دوای ئەوەی بۆ یەکەمجار، دۆسێی لێکۆڵینەوە لەسەر یانەکە کرایەوە، گوتبووی گرووپی ئەبوزەبی، هاوبەشێکی گەورەی بونیادنانی مانچێستەری نوێ بوون و یانەکەیان بۆ هێزێکی گەورەی جیهانی گۆڕی. ئەو قسانەی بۆرنهام، رەخنەی زۆری لێگیرا.
پێشهاتەکانی دۆسێیەکە هاوکاتە لەگەڵ ئەو هەواڵانەی میدیای بەریتانیا بڵاویانکردووەتەوە و ئاشکرایانکردووە، گرووپی ئەبوزەبی هەڕەشەی کشاندنەوەی سەرجەم وەبەرهێنانەکانیان لە بەریتانیا کردووە، ئەگەر یانەکەیان سزا بدرێت.




