رووداو دیجیتاڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین بڕیاریداوە هەڵمەتێکی یاسایی فراوان دژی ئەو هەڵمەتە چەواشەکارییانە دەستپێبکات، کە لە کاتی مۆندیالی 2026ـدا کرایە سەر هەڵبژاردەی تانگۆ و یاریزانەکانی. لە یارییەکی دراماتیکیدا کە چووە کاتی زیادکراوەوە، ئەرجەنتین بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بەرامبەر ئیسپانیا شکستی هێنا و نازناوی مۆندیالی لەدەستدا، بەڵام ئەمە تەنیا سەرەتای کێشەکان بوو. مۆندیالێکی پڕ لە مشتومڕ لە سەرەتای پاڵەوانێتییەکەوە، ئەرجەنتین لە نێو چەندین کێشەدا بوو؛ لە شەڕەقسەی نێو یاریگا و تانەدان لە بڕیارەکانی ناوبژیوان، تاوەکو دەگاتە تۆمەتبارکردنی یاریزانەکان بە تووندوتیژی لە یاریی کۆتاییدا. جگە لەمانە، تیۆری پیلانگێڕی لەبارەی فیفا FIFA بەشێکی دیکەی کێشەکان بوو؛ هەندێک لایەن فیفایان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە لایەنگریی ئەرجەنتین دەکات، هەندێکی دیکەش بەپێچەوانەوە دەیانگوت ئەرجەنتین لە قۆناخە یەکلاکەرەوەکاندا رووبەڕووی ستەم بووەتەوە. سۆشیاڵ میدیا؛ گۆڕەپانی جەنگی دیجیتاڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ببوونە مەیدانێکی جەنگ بۆ بڵاوکردنەوەی دەنگۆ، وێنەی دەستکاریکراو و ڤیدیۆی بێ بنەما دژی یاریزانانی تانگۆ. بەگوتەی سەرچاوە نزیکەکان لە هەڵبژاردەکە، ئەم هەڵمەتە لە کۆنترۆڵ دەرچووە و زیانی بە ناوبانگی یاریزانەکان گەیاندووە. سزاکە هەمووان دەگرێتەوە رۆژنامەی لا ناسیۆنی ئەرجەنتینی بڵاویکردەوە، فیدراسیۆنی وڵاتەکە تیمێکی یاسایی راسپاردووە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە و تۆمارکردنی سکاڵا. ئەم هەڵمەتە یاساییە تەنیا میدیا گەورەکان ناگرێتەوە، بەڵکو ئەمانەش دەگرێتەوە: - دەزگاکانی راگەیاندنی جیهانی. - ئەو هەژمارە کاریگەرانەی ئینفلۆنسەر لە تیکتۆک و ئینستاگرام سووکایەتییان کردووە. - تەنانەت ئەو بەکارهێنەرانەی فۆڵۆوەرێکی کەمیان هەیە، بەڵام بەشدارییان لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاستدا کردووە. پارێزەرانی فیدراسیۆنەکە دەستیان کردووە بەکۆکردنەوەی سکرین شۆت، پۆست و ڤیدیۆکان وەک بەڵگە بۆ دادگا. فیدراسیۆنی ئەرجەنتین دەیەوێت لەم رێگەیەوە بەرگری لە وێنەی هەڵبژاردەکەی بکات، کە دوای مۆندیال نەک هەر لە رووی وەرزشییەوە، بەڵکو لە رووی میدیاییشەوە بریندار کراوە.