رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا، پاڵەوانی خولی ئیسپانیا، دەستی کردووە بە دانوستاندنی فەرمی لەگەڵ ئەستێرەکەی فێران تۆرێس، بەڵام بەربەستی تێکەوتووە.
پاڵەوانی فیناڵی جامی جیهانی 2026، بەمەبەستی درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ 3 وەرزی زیادە، ئەمەش تەنیا چەند کاژێرێک دوای بەدەستهێنانی جامی جیهانی دوای بردنەوە لە ئەرجەنتین لە یاریی کۆتاییدا بەئەنجامی 1-0.
فێران تۆرێس رۆژی یەکشەممە لە یاریگای نیوجێرسی لە نیویۆرک هەڵبژاردەی ئیسپانیای گەیاندە دەستکەوتێکی جیهانی نوێ، کاتێک لە گێمی دووەمی یاریی کۆتاییدا وەک یەدەگ هاتە ناو یاریگا و گۆڵی سەرکەوتن و نازناوەکەی لە سەرەتای گێمی دووەمی زیادکراودا تۆمارکرد.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا، یانەی بارسێلۆنا پاداشتێکی تایبەت و خێرای پێشکەش بە ئەستێرە درەوشاوەکەی، فێران تۆرێس کردووە بە پێشکەشکردنی گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ پێداچوونەوەیەکی گەورە بە پاداشتە داراییەکانی ناو گرێبەستەکەی ئێستای، بەڵام یاساکانی یاریی خاوێن رێگری لە یانەکە دەکەن بگاتە ئەو ژمارانەی تۆرێس چاوەڕێی دەکات.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی گوتی "لە کاتێکدا راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن فێران تۆرێس لە گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ پاریس سانجێرمان نزیکە، یانەی بارسێلۆنا نیازی نییە دەستبەرداری بێت، بەتایبەت دوای بردنەوەی جامی جیهانی و تۆمارکردنی گۆڵی بردنەوەی نازناوەکە، کە ئەمەش نرخی ئەو یاریزانە زۆر بەرز دەکاتەوە".
ئەم هێرشبەرە نێودەوڵەتییە ئیسپانییە لە وەرزی 2026-2027 دەچێتە دواساڵی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسا، و خاوەنی پێگەیەکی بەهێزە بۆ دانوستاندن، هەروەها بارسێلۆنا هێشتا ئومێدی هەیە بڕوای پێ بهێنێت بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی.
لە لایەکی دیکەوە، رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی ئاماژەی بەوە کردووە کە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەک لە نێوان یاریزانەکە و بەرپرسانی یانەکە ئەنجام دەدرێت و تێیدا دەستەوارەیەکی نوێ پێشکەش دەکرێت.
مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ ئاماژەی بە تەنگژەیەکی راستەقینە کردووە کە گەورەترین بەربەستە لەبەردەم درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی تۆرێس لەگەڵ بارسێلۆنا و پەیوەندی بە یاساکانی یاریی دارایی خاوێنەوە هەیە لە خولی ئیسپانیا.
رۆژنامەکە زیاتر دەڵێت "ئەرکەکە بۆ بارسێلۆنا قورس دەردەکەوێت، کە ناتوانێت مووچەی ئەستێرە ئیسپانییەکەی و براوەی جامی جیهانی زیاد بکات پێش مانگی ئەیلوولی داهاتوو بەهۆی یاساکانی یاریی دارایی خاوێن لە خولی ئیسپانیا، کە رێگری لە تیپەکە دەکات بگاتە ئاستێکی دیاریکراوی مووچە".
فێران تۆرێس دەستەوارەیەکی نیمچە فەرمی لە پاریس سانجێرمانەوە هەیە، هەروەها پەیوەندی سەرەتایی لەگەڵ یانەی لیڤەرپووولیش هەیە کە چووەتە لیستی ئەو یانانەی گرنگی بە گرێبەستکردن لەگەڵ پاڵەوانی جیهانی 2026 دەدەن.
نرخی فێران تۆرێس لەم ساڵەدا بەرزبووەوە، دوای بردنەوەی جامی جیهانی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا و بردنەوەی خولی ئیسپانیا لە وەرزی رابردوودا.
فێران تۆرێس وەرزی 2025-2026ـی بەئەنجامێکی نایاب کۆتایی پێ هێنا، کاتێک 21 گۆڵی بۆ بارسێلۆنا لە 43 یاری لە هەموو پاڵەوانێتییەکاندا تۆمارکرد، و ئیسپانیای گەیاندە نازناوی جامی جیهانی و گۆڵی بردنەوەی لە یاری کۆتایی بەرامبەر ئەرجەنتین تۆمارکرد.



.jpg&w=3840&q=75)
