رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین هەنگاوە سەرەتاییەکانی دەستپێکردووە بۆ دیاریکردنی جێگرەوەی لیۆنێل سكالۆنی، ئەوەش دوای ئەوەی تانگۆ لە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026 بەرامبەر ئیسپانیا دۆڕا و نازناوەکەی لەدەستدا.
لیۆنێل سكالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە ئاماژەی بە ئەگەری جێهێشتنی پۆستەکەی کرد و رایگەیاند، پێویستی بە کاتە بۆ ئەوەی بیر لە داهاتووی خۆی بکاتەوە و تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی نەداوە.
سکالۆنی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی ئۆلێی ئەرجەنتینی گوتی"تاوەکو مانگی 12ـی داهاتوو وەک راهێنەری ئەرجەنتین بەردەوام دەبم، بەڵام دوای ئەوە ئەگەری زۆرە واز بهێنم".
بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکان، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا سكالۆنی لەگەڵ بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەی کۆببێتەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی.
دیارترین بەربژێرەکان کێن؟
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، مارسێلۆ گایاردۆ یەکێکە لە دیارترین ئەو ناوانەی بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی تانگۆ دەستنیشان کراوە.
گایاردۆ کە خاوەنی مێژوویەکی زێڕینە لەگەڵ یانەی ریڤەرپلەیت و چەندین نازناوی ناوخۆیی و کیشوەریی بەدەستهێناوە، وەک بژاردەیەکی نموونەیی بۆ قۆناخی دوای سكالۆنی سەیر دەکرێت.
لە لایەکی دیکەوە، خەونی گەورەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین، دیێگۆ سیمیۆنییە، راهێنەری ئێستای یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید. سیمیۆنی ناوە هەرە دڵخوازەکەی نێو کۆڕ و کۆبوونەوەکانی فیدراسیۆنەکەیە، بەڵام گواستنەوەی ئەو بۆ هەڵبژاردەکە کارێکی ئاسان نابێت.
گرێبەستەکەی سیمیۆنی لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید و پێگەی بەهێزی لە نێو یانە ئیسپانییەکەدا، وەک بەربەستێکی گەورە لەبەردەم بەرپرسانی تانگۆ دەبینرێت و رەنگە نەتوانن بەئاسانی رازی بکەن پۆستەکە وەربگرێت.
تاوەکو ئێستا فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین بەفەرمی هیچ بڕیارێکی سەبارەت بە رۆیشتنی سكالۆنی یان دەستنیشانکردنی راهێنەری نوێ رانەگەیاندووە، بەڵام هەریەکە لە گایاردۆ و سیمیۆنی لە سەرووی لیستی ئەو ناوانەن کە چاویان لەسەرە.

.jpg&w=3840&q=75)


