رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئیسپانیا، راپۆرتی ناوبژیوانی یاریی نێوان ریال مەدرید و ڤیاڕیالیان بڵاوکردەوە، پاشئەوەی ڤینیسیۆس جۆنیۆری یاریزانی ریالی بەکارتی سوور کردە دەرەوە، میدیاکان دەڵێن، راپۆرتی ناوبژیوانەکە، دەبێتە هۆکاری سزادانی تووندی ئەو یاریزانە و بێبەشکردنی لە کلاسیکۆی داهاتوو.
بەپێی راپۆرتی رۆژنامەکان، ناوبژیوانەکە لە راپۆرتی خۆیدا دوای یارییەکە، نووسیویەتی، "بەهۆی راکێشانی پرچی یەکێک لە یاریزانانی تیپی بەرامبەر لە کاتی یارییدا، وێڕای نەبوونی هیچ دەمەقاڵەیەک لە نێوانیان، کارتی سووری پێدراوە".
ناوبژیوانەکە هەروەها باسی هەڵسوکەوتی ڤینی لە دوای پێدانی کارتە سوورەکە کردووە و گوتوویەتی، "لە خولەکی 73 و دوای راگرتنی یاریی، یاریزانی ژمارە 7ی تیپی خاوەن یاریگا، ڤینیسیۆس دی ئۆلیڤێرا دو ناسیمێنتۆ، لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بڕیارەکەم بەردەوامبوو، لە کاتێکدا هێشتا لە نێو یاریگادا مابووەوە و هاواری دەکرد و لە من نزیکدەبووەوە بەشێوەیەکی شەڕانگێزانە".
ئیسیدرۆ دیاز دی میرا ئیسکۆدێرۆی ناوبژیوانی یارییەکە، لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەیدا دەڵێ، "ڤینیسیۆس سووربوو لەسەر نزیکبوونەوە لێم، هەربۆیە هاوتیپەکانی ناچاربوون بیگرن و دووری بخەنەوە"، ئاماژەی بەوەداوە لە هەمان کاتدا، کە نەیتوانیوە هیچ دەستەواژەیەک لە قسەکانی ئەو یاریزانە تێبگات.
بە لەبەرچاوگرتنی زمانی راپۆرتی ناوبژیوانەکە، وەکئەوەی میدیاکان دەڵێن، ئەگەری زۆر لەئارادایە ڤینیسیۆس بۆ زیاتر لە یارییەک رابگیرێت، بەوەش لە یاریی داهاتووی یانەکەی بەرامبەر سێڤییا بێبەش دەبێت و لە کلاسیکۆشدا بەشداری ناکات.
ئەگەر لیژنەی تەمبێکاری، لە دەستەی لالیگا، لەپاش پێداچوونەوەی راپۆرتی ناوبژیوان، بڕیاری راگرتنی ڤینیسیۆس بۆ زیاتر لە یارییەک بدات، ئەو یاریزانە بەشداریی کلاسیکۆی رۆژی 25ی ئەم مانگە بەرامبەر بارسێلۆنا، لە کامپ نو ناکات.
تاوەکو ئێستا، ریال مەدرید لە بەرامبەر رووداوەکەدا بێدەنگیی هەڵبژاردووە، بەڵام میدیای نزیک لەو یانەیە بڕیاری ناوبژیوان بەنادادپەروەرانە ناودەبەن.




