رووداو دیجیتاڵ
جۆزیف بلاتەری سەرۆکی پێشووی فیفا، هێرشی تووندی کردە سەر مۆندیالی 2026 و لە هەمان کاتدا، رەخنەی لە کارگێڕیی ئێستا فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی گرت.
مۆندیالی ئەمساڵ کە یەکەمجاربوو 48 هەڵبژاردەی بەشدارییان تێداکرد، بەئەنجامدانی 104 یاری و بەبەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانێتییەکە، لەلایەن ئیسپانیاوە کۆتایی هات.
بلاتەر لە 'ئێکس'ی خۆی لە پەیامێکدا دەڵێ، درێژترین مۆندیال بەبردنەوەی تیپە شایستەکە کۆتایی هات، بەڵام لە رێگادا بەرەو کۆتایی، پاڵەوانێتییەکە متمانەی خۆی لەدەستدا.
ئەو هەروەها دەڵێ، نابێ رێگا بە سیاسەت بدرێت، باڵ بەسەر تۆپی پێدا بکێشێت.
بەرپرسە سویسرییەکە کە لە 1998 تاوەکو 2015 کەسی یەکەمی فیفا بوو، دەڵێ، "ئێستا کارەکە لەدەستی هاندەران، یاریزانان و فیدراسیۆنی وڵاتاندایە، بۆ ئەوەی تۆپی پێ لە ژێر سەرکردایەتییەکی نوێدا، بگێڕنەوە سەر رێچکە رەسەنەکەی خۆی".
فیفا، رۆژی 18ی مانگی سێی ساڵی داهاتووی، وەک وادەی ئەنجامدانی کۆنگرەی ساڵانەی خۆی و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی دەستنیشانکردووە.
پێشتر جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی ئێستای فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، بەفەرمی نیازی خۆی، بۆ بەربژێربوونەوە بۆ سەرۆکایەتیی رێکخراوەکە راگەیاندبوو.
سەرچاوە میدیاییەکان ئاشکرایانکردووە، 200 فیدراسیۆنی ئەندامی فیفا پشتگیری ئینفانتینۆ دەکەن، بۆ بوونەوە بەسەرۆکی رێکخراوەکە، لە کاتێکدا ئەندامانی فیدراسیۆنە نێوخۆییەکانی ئەورووپا، دژی بوونەوەی جیانین بەسەرۆکی فیدراسیۆنەکە.




