رووداو دیجیتاڵ
ریال مەدرید هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەگەری گرێبەستکردن لەگەڵ هەردوو یاریزان رۆدری، ناوەڕاستکاری مانچێستەر سیتی، و مایکل ئۆلیسێ، باڵی هێرشبەری بایرن میونشن یەکلاییکردەوە. ئەمەش دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا باس لە ئەگەری گواستنەوەیان بۆ ناو ریزەکانی یانە شاهانەکە لە بازاڕی گواستنەوەی ئەم هاوینەدا دەکرا.
بەپێی ئەوەی تۆڕی زا ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، سەرچاوەکان لە ناو ریال مەدرید دووپاتیان کردووەتەوە کە رۆدری ئێستا لەناو پلانەکانی یانەکەدا نییە، سەرەڕای ئەو ئاستە بەرزەی یاریزانەکە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا پێشکەشی کرد و خەڵاتی باشترین یاریزانی جامی جیهانی 2026ـی بەدەستهێنا.
ئەمە لەکاتێکدایە کە راپۆرتە نوێیەکان، کە دوایینیان رۆژنامەی مارکا بوو، ئاماژە بەوە دەکەن کە رۆدری ئارەزوویەکی زۆری هەیە بۆ پۆشینی درێسی ریال مەدرید، و هەندێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕی ئێستا گوشار لە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە دەکەن بۆ دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی سوودی ئەو گرێبەستە.
ناوی رۆدری بەتووندی بەستراوەتەوە بە گواستنەوە بۆ ریال مەدرید، بەتایبەت کە یاریزانەکە ئەزموونێکی زۆری لە خولی ئیسپانیا هەیە، بەڵام سەرچاوەکانی یانەکە جەختیان کردووەتەوە کە ئەو یاریزانە ناوەڕاستکارە ئیسپانییە بەشێک نییە لە پلانەکانی ریال مەدرید لە بازاڕی گواستنەوەی ئێستا.
تۆڕی زا ئاتلێتیک سەبارەت بە مایکل ئۆلیسێ ئاماژەی بەوە کردووە کە هەڵوێستی ریال مەدرید نەگۆڕاوە، چونکە یانەکە هێشتا بوونی هەر دانوستاندنێک لەگەڵ بایرن میونشن سەبارەت بە گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو باڵە فەرەنسییە رەتدەکاتەوە.
پێشتریش یانەکە بڵاوکراوەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە و تێیدا چوونە ناو دانوستاندن بۆ کڕینی ئۆلیسێ رەتکردەوە.
تۆڕەکە دووپاتیکردەوە کە گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە لەم هاوینەدا، لەلایەن ریال مەدریدەوە وەک گرێبەستێکی جێبەجێکراو سەیر ناکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ریال مەدرید سەرنجی خستووەتە سەر تەواوکردنی پڕۆژەکەی لەژێر سەرپەرشتی جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەر، کە دەیەوێت بە گرێبەستکردن لەگەڵ بەرگریکارێکی نوێ و یاریزانێکی ناوەندیی زیادە هێڵی تیپەکە بەهێز بکات، بەڵام کارگێڕیی یانەکە پێیوایە بەشە گەورەکەی کارەکانی بازاڕی گواستنەوە تەواو بووە و لە قۆناخی داهاتوودا لەپێشینەی کارەکانیان رزگاربوون دەبێت لە هەندێک یاریزان پێش ئەوەی بیر لە گرێبەستی نوێ بکەنەوە.




