رووداو دیجیتاڵ
یانەی چێڵسی دوای ململانێیەکی بەهێز لەگەڵ یانەی ئارسیناڵ، سەرکەوتووبوو لە گواستنەوەی مۆرگان رۆجەرزی ئەستێرەی یانەی ئاستۆن ڤێلا بۆ ریزەکانی. یانە لەندەنییەکە بەبڕی 117 ملیۆن پاوەند (157 ملیۆن دۆلار) لەگەڵ ئاستۆن ڤێلا گەیشتە رێککەوتن، ئەمەش بەرزترین نرخی گواستنەوەی یاریزانێکی بەریتانییە لە مێژوودا. مۆرگان رۆجەرز گرێبەستێکی بۆ ماوەی شەش ساڵ واژۆ کردووە و بژاردەی نوێکردنەوەی بۆ ساڵێکی دیکەشی لەگەڵدایە.
میدیاکانی تایبەت بەم وڵاتە بڵاویانکردەوە، رێککەوتنەکە تەنیا لە ماوەی 48 کاژێردا ئەنجامدراوە. چێڵسی رۆژی پێنجشەممە، دوای شکستی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بەرامبەر ئەرجەنتین لە مۆندیال، گفتوگۆ فەرمییەکانی دەستپێکرد. چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری چێڵسی رۆژی هەینی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ رۆجەرز کرد و پلانی خۆی بۆ روونکردەوە، هەمان رۆژ یاریزانەکە لەسەر مەرجە تایبەتییەکانی رازی بوو.
جگە لە کارگێڕیی یانەکە، هەریەکە لە ریس جەیمس، کاپتنی یانەکە و کۆڵ پاڵمەری هاوڕێی نزیکی رۆجەرز، پەیوەندییان پێوە کردووە بۆ ئەوەی دڵنیای بکەنەوە چێڵسی بەجددی دەیەوێت گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکات. مۆرگان رۆجەرز وەرزی رابردوو 14 گۆڵ و 11 ئەسیستی بۆ ئەستۆن ڤێلا هەبوو، هەر ئەمەش وایکرد ببێتە ئامانجی سەرەکی چەندین یانەی گەورە.
یانەی ئارسیناڵ یەکێک بوو لە رکابەرە بەهێزەکان و بۆکایۆ ساکا و دێکلان رایس هەوڵی زۆریاندا رۆجەرز رازی بکەن روو لە یانەکەیان بکات، تەنانەت میکێل ئارتێتاش راستەوخۆ قسەی لەگەڵ کردووە. ئارسیناڵ ئامادەبوو 80 ملیۆن پاوەند بدات، بەڵام ئەستۆن ڤێلا داوای ریکۆردی مێژوویی دەکرد و ئارسیناڵ ئامادەنەبوو بگاتە ئەو نرخەی چێڵسی پێشکێشی کردبوو.
چابی ئەلۆنسۆ لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا رۆجەرزی سەرسام کردووە. یاریزانەکە دوای گفتوگۆکە بە هاوڕێکانی گوتووە "پێم وایە چابی ئەلۆنسۆ پیاوی کارەکەیە". راهێنەرە ئیسپانییەکە دەیەوێت رۆجەرز لە چەندین شوێنی جیاواز وەک باڵی چەپ، باڵی راست، یاریزانی ژمارە 10 و هێرشبەری سەرەڕم بەکاربهێنێت.
ئاستۆن ڤێلا بۆ پڕکردنەوەی شوێنی مۆرگان رۆجەرز، یۆهان مانزامبی بەبڕی 50 ملیۆن پاوەند گواستووەتەوە و هەوڵی کڕینی سیریسێنسیۆ سەمەرڤێڵ لە وێست هام دەدات. چێڵسیش ئەم هاوینە بەهۆی فرۆشتنی چەند یاریزانێکی وەک مارک کوکورێیا، ئەندری سێنتۆس، تایریک جۆرج و جیمی جەی مۆرگان، توانیویەتی نزیکەی 140 ملیۆن پاوەند کۆبکاتەوە و بودجەی پێویست بۆ ئەم گرێبەستە گەورەیە دابین بکات.
مۆرگان رۆجەرز پشکنینە پزیشکییەکانی لە لەندەن ئەنجامداوە و دوای گەڕانەوەی لە پشووی هاوینە، بەفەرمی دەست بە مەشقکردن دەکات لەگەڵ چێڵسی.




