رووداو دیجیتاڵ
دوای ساڵانێکی زۆر لە خزمەتکردن و بەدەستهێنانی نازناوی مێژوویی، دیدێ دیشام کۆتایی بە کاروانی خۆی هێنا وەک راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا و چاوەڕێ دەکرێت زینەدین زیدان شوێنی بگرێتەوە. میدیای فەرەنسا بڵاویکردەوە زیدان رۆژی 1ـی مانگی 9ـی 2025 بە فەرمی دەستبەکار دەبێت. دیشام دوای شکستەکەی بەرامبەر ئینگلتەرا لە مۆندیال بڕیاری دا دەست لەکار بکێشێتەوە و رایگەیاند ژینگەی دەوروبەری ژەهراوی بووە و بۆ بەرژەوەندی هەڵبژاردەکە ئەو بڕیارەی داوە.
زینەدین زیدانی تەمەنی 54 ساڵ، ماوەی پێنج ساڵە لە جیهانی راهێنەرایەتی دوورکەوتووەتەوە، چاوەڕێی دەرفەتێک بووە بۆ وەرگرتنی ئەرکی راهێنەری فەرەنسا. زیدان پێشتر سێ جار لەسەریەک نازناوی چامپیۆنزلیگی بۆ ریال مەدرید بەدەستهێناوە و یەکێکە لە پڕبایەخترین راهێنەرەکانی جیهان. زیدان لە چاوپێکەوتنێکی پێشوویدا گوتی "کارم لەگەڵ فەرەنسا تەواو نەبووە و دەمەوێت بازنەکە تەواو بکەم. کاتێک دەڵێم دەمەوێت هەڵبژاردەکە وەربگرم، لەسەر قسەی خۆم سوورم. ئەگەر دەرفەت هەبێت، من لەوێ دەبم. ئارەزووێکی زۆرم بۆ ئەم ئەرکە هەیە".
دیشام دوای کۆتاییهاتنی گەشتەکەی لە مەیامی رایگەیاند "بڕیارمدا کۆتایی دەست لەکار بکێشمەوە، نەک لەبەر خاتری خۆم، بەڵکو لە پێناو بەرژەوەندی هەڵبژاردەی فەرەنسا. چواردەورەکەم زۆر ژەهراوی ببوو. تیپەکە شایستەی ئەوە نییە". دیشام یەکێک بووە لە کەسایەتییە هەرە کاریگەرەکانی مێژووی تۆپی پێی وڵاتەکەی، هەم وەک یاریزان و هەم وەک راهێنەریش نازناوی مێژوویی بۆ فەرەنسا بەدەستهێناوە.
پێشبینی دەکرێت لەگەڵ هاتنی زیدان، گۆڕانکاری لە دەستەی کارگێڕیی و راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکەدا بکرێت. باس لەوە دەکرێت فابیان بارتێز، گۆڵپارێزی پێشووی فەرەنسا و هاوڕێی زیدان، ببێتە بەشێک لە ستافە نوێیەکە. یەکێک لە ئاڵنگارییە بچووکەکانی بەردەم زیدان پرسی سپۆنسەرە، چونکە فەرەنسا سپۆنسەری کۆمپانیای نایکی هەیە و زیدان پەیوەندییەکی درێژخایەنی لەگەڵ کۆمپانیای ئەدیداس هەیە، پێویستە ئەم بابەتە رێکبخرێتەوە.
دیشام ماوەی 12 ساڵ راهێنەری فەرەنسا بوو. لە ساڵی 2012ـەوە ئەرکەکەی وەرگرت و لە ماوەی کارکردنیدا وەک یاریزان و راهێنەر بەشداری لە 290 یاری هەڵبژاردەکەدا کردووە. ئەم رێژەیە دەکاتە 30 لەسەدی هەموو ئەو یارییانەی فەرەنسا لە مێژووی خۆیدا لە ساڵی 1904ـەوە ئەنجامی داون.




