رووداو دیجیتاڵ
مایکڵ ئۆلیسێی ئەستێرەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، رووبەڕووی سکانداڵێکی گەورەی کەسی بووەتەوە، پاشئەوەی ئافرەتێکی ئەڵمانی ئاشکرایکردووە، منداڵێكی لەو هەیە و ئۆلیسی ئامادەیە نییە ژیانی دابین بکات.
ئۆلیسێ لە مۆندیالی 2026 بووە جێگای سەرنجی میدیاکان و هاندەران، پاشئەو ئاستە بەرزەی لە پاڵەوانێتییەکەدا پێشانیدا. ئەوە هاوکاتبوو لەگەڵ ئاشکراکردنی ویستی گەورەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو هێرشبەرە فەرەنسییە تەمەن 24 ساڵە.
ئافرەتە ئەڵمانییەکە ئاشکرایکردووە، کچێکی تەمەن 20 ساڵی لە ئۆلیسێ هەیە، پاشئەوەی ماوەیەک بەیەکەوەبوون، بەڵام ئێستا ئامادەنییە ژیانی کچەکەی دابین بکات و پارەی رۆژانەی بۆ خەرج بکات.
رۆژنامەی 'بیڵد'ی ئەڵمانی، لە لاپەڕەی یەکەمی خۆیدا قسەکانی فاتیمە زۆرنبریشەری 34 ساڵانی بڵاوکردووەتەوە کە نیشتەجێی دوسڵدۆرفە و ئاشکرایکردووە، بەر لە چوار ساڵ پەیوەندییەکی سۆزداری لەگەڵ ئەو یاریزانە هەبووە، کاتێک لە کریستاڵ پاڵاسی ئینگلیزی یارییدەکرد، ئەو دەڵێ ماوەی دوو ساڵ لە پەیوەندیدابوون و دوو هەفتە پاش جیابوونەوەیان، بۆی دەرکەوتووە دووگیانە.
بەپێی ئەو پشکنینانەی لە میونشن ئەنجامدراون، دەرکەوتووە ئۆلیسێ باوکی منداڵەکەیە کە ناوی عالیا نوورە، بەڵام وەک دایکی دەڵێت، ئەو یاریزانە نایەوێت کچەکەی ببینێت و پارەی پێویست بۆ ژیانی بدات. ئاماژەی بەوەداوە کە پارێزەرەکانی هێرشبەرەکەی بایرن میونشن، لە سەرەتادا گوتوویانە مانگانە تەنیا 836 یۆرۆ دەدەین بۆ منداڵەکە، دواتر بەرزیان کردووەتەوە بۆ دوو هەزار یۆرۆی مانگانە، بەڵام لەناکاو پارەکەیان بڕیوە و ماوەی دوو ساڵە هیچی نادەنێ.
رۆزنبرێشەر، هەروەها دەڵێ "دڵتەنگم بەبێبەزەیێتی ئۆلیسی بەرامبەر منداڵەکەی، ئەو راستەوخۆ قسە لەگەڵ من ناکات، بەڵکو پارێزەرەکانی دەنێرێت و ئەوانیش ئامۆژگارییان کردووە کە منداڵەکەی نەبینێت، بەڵکو یەکێک لە پارێزەرەکان پێشنیازی بۆ کردم، جلوبەرگی لەنگە بۆ منداڵەکەم بکڕم".
تیمی پارێزەرانی ئۆلیسی تۆمەتەکان رەتدەکەنەوە، دووپاتیدەکەنەوە کە ئەو یاریزانە لەسەرەتاوە دەستپێشخەریی هاوکاریی دایکی منداڵەکەی کردووە، ئێستاش هەمان دەستپێشخەریی هەیە، ئاشکرایانکردووە، دایکی منداڵەکە لەبەردەم دادگاکانی فەرەنسادا داوای 60 هەزار یۆرۆی مانگانەی کردووە، لە کاتێکدا ئۆلیسێ بڕە پارەیەکی زیاتر لەوەی پێشنیازکردووە کە یاساکانی ئەڵمانیا وەک لانیکەمی خەرجیی مانگانە دەستنیشانیان کردووە.
رۆژنامە ئەڵمانییەکە، رووداوەکەی بە سکانداڵ ناوبردووە، دەڵێ ئەوە لە کاتێکدایە کە خاوەنی زۆرترین ئەسیستی مۆندیالی ئەمساڵ، بەتووندی ناوی بە ریال مەدریدەوە بەستراوەتەوە، بەڵام ئەم دۆسێیە، داهاتووی ئەو یاریزانە تەمومژاوی دەکات.




