رووداو دیجیتاڵ
دیاردەی کونکردنی گۆرەوییەکان لەلایەن یاریزانانی تۆپی پێوە لە پاڵەوانێتییە گەورەکاندا بووەتە جێی سەرنج و زۆرینەی یاریزانانیش بۆ کەمکردنەوەی گوشاری سەر ماسولکەکانیان و رێگریکردن لە پێکان پەنا بۆ ئەم کارە دەبەن.
لە مۆندیالدا، دیمەنی گۆرەوییە دڕاوەکانی یاریزانان زۆر بینرا. ئەم دیاردەیە نوێ نییە و نزیکەی هەشت ساڵە لە یاریگاکاندا دەبینرێت، بەڵام ئێستا زیاتر بڵاوبووەتەوە. یاریزانانی هەڵبژاردەی ئوسترالیا لە یاریی بەرامبەر ئەمریکا بە گۆرەویی کونکراوەوە دەرکەوتن، ئەمەش پرسیاری لای هاندەران دروستکردووە دەربارەی سوودەکانی ئەم کارە.
یاریزانان پێیان وایە گۆرەوییە مۆدێرنەکان لە ماددەی پۆلیستەر دروست دەکرێن و زۆر تووندن، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی گوشار لەسەر ماسولکەی قاچ، کونکردنی گۆرەوییەکان یارمەتی زیادبوونی سووڕی خوێن دەدات و مەترسی گرژبوونی ماسولکە و پێکان کەم دەکاتەوە. ئەمە وایان لێ دەکات هەست بە ئاسوودەیی بکەن و ئاستێکی بەرزتر پێشکێش بکەن.
فرانک نۆبڵ، هێرشبەری پێشووی یانەی وێستهام یونایتد لەبارەی ئەم دیاردەیەوە دەڵێ "تۆ بە جوانی دەردەکەویت، هەست بە باشی دەکەیت و ئاستێکی باش پێشکێش دەکەیت، هەموو شتێک پەیوەستە بەوەی لەناو یاریگەدا تەواو ئاسوودەبیت".
لە رووی پزیشکییەوە، راج برار پسپۆڕی وەرزشی ئاماژە بەوە دەدات هیچ بەڵگەیەکی پزیشکی نییە بیسەلمێنێت کونکردنی گۆرەوی رێگری لە پێکان دەکات. ئەو دەڵێت "بۆ کەمکردنەوەی گوشاری سەر ماسولکەکان، پزیشکەکان داوای بەکارهێنانی گۆرەویی پەستانی تووند دەکەن نەک دڕاندنیان، چونکە ئەو گۆرەویانە سووڕی خوێن چالاک دەکەن و رێگری لە ئاوسان دەگرن".
هەندێک براند گۆرەوییەکان زۆر تووند دروست دەکەن بۆ ئەوەی لۆگۆکانیان بە روونی دیار بێت، ئەمەش بێزاری لای یاریزانان دروست دەکات. بەڵام ئێستا تەکنەلۆژیای نوێ بەکاردێت بۆ دروستکردنی گۆرەوی وا هەوا بگۆڕکێی تێدا بێت و قاچی یاریزانەکە بە وشکی و فێنکی بهێڵێتەوە.
گاری نێڤڵ، بەرگریکاری پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و یانەی مانچێستەر یونایتد یەکێکە لەوانەی بە گومانەوە سەیری ئەم کارە دەکات. نێڤڵ لە پۆدکاستێکدا لە ساڵی 2024 گوتی "ئەو یاریزانانە سەدان جووت پێڵاویان بۆ دروست دەکرێت، باوەڕ ناکەم کۆمپانیاکانی سپۆنسەر نەتوانن جووتە گۆرەوییەکی کەمێک گەورەتریان بۆ دروست بکەن".
ئەم دیاردەیە لە خولە پلە نزمەکاندا بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی دارایی. سکرتێری یانەی نۆرسوود لە ساڵی 2023 ئاشکرای کردووە بەهۆی ئەوەی یاریزانان گۆرەوییەکان دەدڕێنن و زیان بە کەلوپەلی یانەکە دەگەیێنن، ناچاری کردوون خۆیان پارەی گۆرەوییەکانیان بدەن.




