رووداو دیجیتاڵ
هیچ کاتێک کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بەدرێژایی کاروانی یارییکردنی خۆی، لەو جۆرە یاریزانانە نەبووە کە بەئاسانی، شکست یان ناهەقی و دانیشتن لەسەر کورسیی یەدەگ قبووڵ بکات. ئەو کاریگەرییەکەی لە نێو یاریگادا، تەنیا لەسەر لاکێشەی سەوز نەبووە، بەڵکو هەموو کات، خاوەنی پەرچەکردار و کاردانەوەی خێرابووە، کە ئەویکردووەتە یەکێک لە دیمەنە نەمرەکان، لە مێژووی تۆپی پێدا.
لە ریال مەدریدەوە، تاوەکو مانچێستەر یونایتد و دواتریش هەڵبژاردەی پۆرتوگال، بەپێی مێژووی ئەو یاریزانە، تووڕەیی کریس لە حەوت رووداوی جیاوازدا، زۆر بەخراپی تەقیونەتەوە، حەوت وێستگەی تووڕەیی، لە کاروانی ژمارە حەوتی ئەفسانەکەی پۆرتوگالدا.
لەگەڵ گەیشتنی بەتەمەنی 41 ساڵی و بەردەوامبوونی مشتومڕ لەبارەی داهاتوویەوە، رووداوی بەجێهێشتنی کەمپی هەڵبژاردەی پۆرتوگال، لە گەڕی ئەمجارەی یارییە نێودەوڵەتییەکاندا، وایکرد جیهان بیری بکەوێتەوە، رۆناڵدۆ چەندین نۆرە تووڕەیی تووندی لە کاروانی خۆیدا هەبووە، کە ژمارەیان حەوت نۆرەیە.
حەوتەم
پۆرتوگال نزیکبوو لەوەی بردنەوە بەسەر سڕبیادا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال لە مانگی سێی ساڵی 2021 بەدەست بهێنێت، کاتێک رۆنالدۆ وا تێگەیشت کە لە دوا چرکەکانی یارییەکەدا گۆڵێکی کوشندەی تۆمارکردووە.
رۆناڵدۆ لەو یارییەدا، لێدانێکی بەهێزی بۆ گۆڵی سڕبیا هەبوو، هەمووان وایانزانی تۆپەکە لە تۆڕی گۆڵی سڕبیا گیر دەبێت، تەنانەت رۆناڵدۆ خۆیشی هەمان هەستی هەبوو، بەڵام ستیڤان میترۆڤیچی بەرگریکاری سڕبی، لەسەر هێڵی گۆڵ، تۆپەکەی گەڕاندەوە. دیمەنەکە روون بوو، مشتومڕی لێکەوتەوە لەوەی تۆپەکە هێڵی گۆڵی تێپەڕاندووە یان نا، ڤار هیچی نەگوت.
بێدەنگیی ڤار و بڕیاردانی ناوبژیوان بەبەردەوامبوون لە یارییکردن، تووڕەیی کریستیانۆی تەقاندەوە، بەتووندی لە دژی بڕیارەکەی ناوبژیوان وەستایەوە، پێیدا هەڵشاخا و بەهۆیەوە، کارتی زەردی وەرگرت، بەڵام لەوە مشتومڕهەڵگرتر، ئەوکاتەبوو کە کاپتنی پۆرتوگال، نیشانەی کاپتنییەکەی لە قۆڵی کردەوە و فڕێیدایە سەر زەوی، ئەو هەڵسوکەوتەی شەپۆلی تووندی رەخنەی لەلایەن هاندەرانەوە بەشوێندا هات.
رۆناڵدۆ دواتر لە سۆشیال میدیای خۆی رایگەیاند، هەندێک سات زەحمەتن، بەتایبەت کاتێک یاریزان هەستدەکات، نەتەوەکەی ناهەقیی بەرامبەر کراوە.
شەشەم
لەوانەیە لویس نانی، دوایین یاریزان بێت، حەز بە راوەستانەوە لەبەردەم حەزەکانی رۆناڵدۆدا بکات. ئەگەرچی بەهەڵە روویدا، بەڵام لە یاریی دۆستانەی ئیسپانیا و پۆرتوگال لە ساڵی 2010، رۆناڵدۆ یەکێک لە جوانترین گرتەکانی کاروانی خۆی تۆمارکرد، کاتێک بەرگریکارانی تیپی بەرامبەری بڕی و دواتر تۆپەکەی بەرزکردەوە بۆ پشتسەری ئیکەر کاسیاسی گۆڵپارێز، تۆپەکە لە رێگادابوو بەرەو ناو گۆڵ، دەبووە گۆڵێکی مێژوویی.
نانی بڕیاریدا خۆی بکاتە پاڵەوانی چیرۆکەکە و ساتە مێژووییەکە بگۆڕێت، بازیدا و خۆی خستە ئۆفسایدەوە و بەر تۆپەکە کەوت، بەرلەوەی بچێتە ناو گۆڵەوە. بەو کارە، گۆڵەکەی رۆناڵدۆ رەتکرایەوە و ئەو بەشێوەیەک تووڕەبوو، کە نەدەکرا کەس یبیشارێتەوە.
یارییەکە بەسەرکەوتنی پۆرتوگال بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر کۆتایی هات، نانی هەرزوو داوای لێبوردنی کرد و دووپاتیکردەوە بەئەنقەست کارەکەی نەکردووە، بەڵام ئەوە هیچی لەو راستییە نەگۆڕی، کە رۆناڵدۆ یەکێک لە جوانترین گۆڵەکانی کاروانی خۆی لەدەستدا.
پێنجەم
لە کاروانی رۆناڵدۆدا راستییەک هەیە، هەرگیز لەبەردەمیدا مەوەستەوە کاتێک ئەو، لەبەردەم گۆڵدایە. ئەوە بەسەر ئەلڤارۆ ئەربێلوادا هات لەگەڵ رۆناڵدۆ، لە یاریی ریال مەدرید بەرامبەر ئەلمێریا لە کۆتاییەکانی وەرزی 2014 - 2015.
ئەربێلوا دەبوو تۆپێک بنێرێتە ناوچەی سزای تیپی بەرامبەرەوە و رۆناڵدۆ، لە نزیک ستوونی دووری گۆڵ وەستابوو، بۆ ئەوەی گۆڵێکی دیکە تۆمار بکات، بەڵام ئەربێلوا تۆپەکەی گەیاندە ناو تۆڕی ئەلمێریا.
یاریزانانی ریال مەدرید ئاهەنگیان بۆ گۆڵەکە گێڕا، بەڵام رۆناڵدۆ بەشداریی لەگەڵدا نەکردن، لەبری ئەوە، تۆپەکەی هەڵگرتەوە و بەتووندی لێیدا بۆ ناو گۆڵ، رووخسارێکی تووڕەی پێشاندا و کاتێک پرسیار لە ئەربێلوا کرا لەبارەی رووداوەکەوە، ئەو گوتی، "لە هەڵسوکەوتەکەی رۆناڵدۆ نیگەران نەبووم".
چوارەم
گەڕانەوەی رۆناڵدۆ بۆ مانچێستەر یونایتد، بەو شێوەیە نەبوو کە پێشبینی دەکرد، ئەو ئەگەرچی لە درەوشانەوە و گۆڵکردن بەردەوام بوو، بەڵام نەیتوانی نازناو لەگەڵ یانەکەدا بباتەوە، لە نێو یانەکەدا کێشە و گرفت سەریانهەڵدا.
مانگی چواری ساڵی 2022، لە دوای شکستی یونایتد بەرامبەر ئیڤێرتۆن بە گۆڵێکی بێبەرامبەر، لە نێو گۆدیسۆن پارک، رۆناڵدۆ بەتووڕەیی لە یاریگا چووە دەرەوە، بەڵام تووڕەییەکەی ئەمجارەی روونتر بوو.
رۆناڵدۆ لە کاتی چوونە دەرەوەیدا لە یاریگا، مۆبایلی دەستی منداڵێکی برد و بەوەش نیگەرانییەکی زۆری هاندەرانی هێنایە سەر خۆی. ئەو یاریزانە دواتر داوای لێبوردنی کرد، بەڵام بۆ دوو یاریی راگیرا، پۆلیس هاتە نێو دۆسێیەکەوە و ساتە تووڕەییەکەی ئەو بووە پەندێک بۆ داهاتووی کاروانی ئەو.
سێیەم
ئەگەر ساتێک هەبێت کە شێوازی پەیوەندی رۆناڵدۆی بەهەڵبژاردەی وڵاتەکەیەوە گۆڕیبێت، مۆندیالی 2022ی قەتەربوو، کاتێک پۆرتوگال بەربژێرێکی بەهێزی نازناوەکە بوو. رۆناڵدۆ بەتەمەنی 37 ساڵی بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا کرد، بەڵام چیدی یاریزانە دەستلێنەدراوەکەی جاران نەبوو.
کریس تەنیا یەک گۆڵی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا تۆمارکرد، ئەویش بەلێدانی سزا. دواتر لە یاریی بەرامبەر کۆریای باشوور دانیشێنرا، لە دیمەنێکدا کە دووپاتیکردەوە ئەو لە دۆخەکە ناڕازییە. دوای یارییەکە، فێرناندۆ سانتۆسی راهێنەر گوتی، هەڵسوکەوتی رۆناڵدۆم بەدڵ نەبوو.
گورزە گەورەکە لە قۆناخی شانزەی پاڵەوانێتییەکەدابوو، کاتێک سانتۆس بڕیاریدا رۆناڵدۆ لەسەر کورسیی یەدەگ بهێڵێتەوە، لە ئەنجامدا گۆنچالۆ رامۆس دەرکەوت و درەوشایەوە و هاتریکی تۆمارکرد، ئەوەش خاڵی وەرچەرخان بوو لە پەیوەندی رۆناڵدۆ و پۆرتوگال، بەرلەوەی پێکەوە لە پاڵەوانێتییەکە بکرێنە دەرەوە و رۆناڵدۆش بەحەسرەت و فرمێسکەوە، بگەڕێتەوە وڵاتەکەی.
دووەم
چیرۆکی دوایین نیگەرانبوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە هەڵبژاردەی پۆرتوگال و چوونە دەرەوەی لە کەمپی مەشقی هەڵبژاردەکە، نوێترین چیرۆکی نیگەرانیی و تووڕەییەکانی ئەو یاریزانەیە.
رۆناڵدۆ نیگەرانبوو لەوەی، جۆرجێ خیسوسی راهێنەری بەشداریی بەو نەکرد و ئەویش بەتووڕەییەوە لە پۆرتوگالەوە گەڕایەوە مەدرید و دواتریش بۆ سعودیە.
سەرچاوەکان گوتیان تووڕەیی رۆناڵدۆ تەقیوەتەوە، پاشان کەوتووەتە نێو دەمەقاڵەی گەورەوە لەگەڵ بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەی، بەڵام نەگەیشتووەتە رێکەوتن و بەتووڕەیی لە کەمپەکە چووەتە دەرەوە.
رۆناڵدۆ لە پەیامێکدا لەپاش رووداوەکە گوتی، "لەکاتی گونجاودا، گەلی پۆرتوگال لە هەموو راستییەکان ئاگادار دەکەمەوە".
تاوەکو ئەم ساتە، دیار نییە دۆسێی ناکۆکییەکە بەکوێ دەگات.
یەکەم
بەڵام لە هەموو نۆرە تووڕەییەکانی رۆناڵدۆ گەورەتر، ئەوەبوو کە لە مانگی دەی ساڵی 2022 سەریهەڵدا، کاتێک ناکۆکییەکانی نێوان ئەو و ئێریک تێن هاگی راهێنەری یانەکە گەیشتە لووتکە، پاشئەوەی رۆڵی ئەو لە تیپەکەدا زۆر کەمبووەوە.
لە یاریی تۆتێنهامدا، کە بەسەرکەوتنی یونایتد بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر کۆتایی هات، ناکۆکییەکە گەیشتە تەقینەوە. رۆناڵدۆ بڕیاریدا لە یاریگا بچێتە دەرەوە بەر لە یارییەکە، دیمەنێک کە زۆرکەس بە وەستانەوە لە دژی بڕیارەکانی راهێنەر، ناویانبرد.
ئەوە تەنیا نۆرەتووڕەییەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو سەرەتای کۆتایی بوو، دوای چەند هەفتەیەک لەو رووداوە، رۆناڵدۆ لە چاوپێکەوتنێکدا، هەموو شتی ئاشکراکرد و هێرشی تووندی کردە سەر تێن هاگ و کارگێڕیی یانەکە و بەوەش پەیوەندییەکەیان بەیەکجاری کۆتایی هات.
ئەو نۆرە تووڕەییانەی لە کاروانی رۆناڵدۆدا روویانداوە، رووداوی راگوزەرنەبوون، بەڵکو بەشێکن لە کەسایەتی ئەو، کە هەموو کات رکابەرە، بووەتە بەشێک لە میراتی ئەو، لە رکابەری، سەرکەوتن و رەتکردنەوەی شکست و بەدەستهێنانی نازناوەکان.




