رووداو دیجیتاڵ
بێگومان بەدەستهێنانی نازناوی جامی جیهانی 2026، رۆڵی هەر کاریگەر دەگێڕێت لە یەکلاییکردنەوەی ناوی براوەی تۆپی زێڕین. لامین یامال، ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لە پێشەنگی کاندیدەکانە بۆ بردنەوەی باڵۆندۆر، دوای ئەوەی سەرکردایەتی ماتادۆری کرد بۆ بردنەوەی مۆندیال.
لە هەمانکاتدا، لیۆنێل مێسی گەڕایەوە بۆ ناو رکابەرەکان، دوای گەیشتنی ئەرجەنتین بۆ یاریی کۆتایی. پاریس سانجێرمانیش چەندین یاریزانی رکابەری دەبێت دوای بردنەوەی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپای ئەم وەرزە لەسەر حیسابی ئارسیناڵ، کە بووە پاڵەوانی خولی نایابی ئینگلیزی.
تۆڕی GiveMeSport لیستێکی 10 باشترین یاریزانی بڵاوکردووەتەوە کە کێبڕکێ لەسەر تۆپی زێڕینی ساڵی 2026 دەکەن، بەپێی هەلی سەرکەوتنی تیپەکانیان و ئاستی ئێستایان. لیستەکە بەپێی گۆڵە تۆمارکراوەکان، ئەسیست، کلین شیت (بۆ بەرگریکار و گۆڵپارێز)، بەدەستهێنانی نازناوەکان، و ئاستی گشتییە.
کڤاراتسخێلیا و هالاند
کڤاراتسخێلیا هەرگیز لە سەرسامکردنی بینەران بێئومێد نابێت، ئەو جادووگەرە جۆرجییە ترسی خستووەتە دڵی بەرگریکارانی لای رکابەران. ئەو تەنیا بڕێنەرێکی ناوازە نییە؛ بەڵکو رۆڵی لە زیاتر لە 25 گۆڵدا هەبووە، و رۆڵێکی گەورەی گێڕا لە بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ بۆ پاریس، چونکە لێدانێکی سزای لە یاریی کۆتاییدا بەدەستهێنا، بەڵام بەشداری لە مۆندیالی ئەم هاوینەدا نەکرد، کە لەوانەیە لە کۆتاییدا لە کێبڕکێی باڵۆندۆردا یەکلاکەرەوە بێت.
کڤاراتسخێلیا ئەم وەرزە لە 48 یاری بۆ پاریس بەشدار بووە، 19 گۆڵی تۆمارکردووە و 10 ئەسیستی کردووە، هەروەها نازناوی خولی فەرەنسا و خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپای بردووەتەوە.
سەبارەت بە هالاند، ئەو بەشێک بوو لە تیپی مانچێستەر سیتی کە لە یاریی کۆتایی کاراباوکەپ شکستی بە ئارسیناڵ هێنا، هەروەها لە چێڵسی بردەوە بۆ بردنەوەی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا. لە یەکەم دەرکەوتنی لە جامی جیهانیدا، هالاند 7 گۆڵی بۆ هەڵبژاردەی نەرویج تۆمارکرد، کە لە قۆناخی هەشتدا لەسەر دەستی ئینگلتەرا ماڵئاواییان کرد. ناوبانگی هالاند دوای درەوشانەوەی لە مۆندیال گەورەتر بووە، بەڵام بدوورە لەوەی لە ساڵی 2026 باڵۆندۆر بباتەوە. هالاند ئەم وەرزە لە 52 یاری بۆ مان سیتی بەشدار بووە، 38 گۆڵی تۆمارکردووە و 9 ئەسیستی کردووە و نازناوی کاراباوکەپی ئینگلتەرای بردووەتەوە.
رایس و بێلینگهام
دیکلان رایس رۆڵی هەبوو لە بردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگ بۆ ئارسیناڵ و ئومێدی زۆری هەبوو دوای ئەوە نازناوی مۆندیال بباتەوە، بەڵام ئینگلتەرا لە پێش کۆتایی دۆڕا. رایس گۆڵێکی تۆمارکرد و یەکێکی دیکەی دروست کرد لە یاریی دیاریکردنی پلەی سێیەم، کە بەبردنەوەی 6-4 لە فەرەنسا کۆتاییهات. رایس ئەم وەرزە لە 55 یاری بۆ ئارسیناڵ بەشدار بووە، 5 گۆڵی تۆمار کردووە و 11 ئەسیستی کردووە، و نازناوی پرێمەرلیگی بردەوە.
بەڵام جود بێلینگهامی هاونیشتیمانی، باشترین وەرزی خۆی لەگەڵ ریال مەدرید بەسەر نەبرد، بەڵام دوای پێشکەشکردنی ئاستێکی باش لەگەڵ ئینگلتەرا لە مۆندیال، چووە ناو لیستی 10 باشترینەکان بۆ باڵۆندۆر. بێلینگهام لە مۆندیالی 2026دا 7 گۆڵی تۆمارکرد، بەڵام دوای شکستیان لە گەیشتن بە یاریی کۆتایی بەهۆی دۆڕانیان بەئەنجامی 1-2 بەرامبەر ئەرجەنتین لە پێشکۆتایی، دڵتەنگ بوو. جود بێلینگهام ئەم وەرزە لە 40 یاری بۆ ریال مەدرید بەشدار بووە، 8 گۆڵی تۆمارکردووە و 5 ئەسیستی کردووە، و بە وەرزێکی سفری کۆتایی پێ هێنا.
ئۆلیسێ و ئێمباپێ
مایکل ئۆلیسێ لە مانگەکانی رابردوودا بەهۆی ئاستە ناوازەکەی لەگەڵ بایرن میونشن، بەخێرایی لە ریزبەندییەکەدا سەرکەوت. هەرچەندە تیپە ئەڵمانییەکەی لە خولی پاڵەوانەکان شکستی هێنا، بەڵام باڵە فەرەنسییەکە وەرزێکی زۆر نایابی بەڕێکرد. بێگومان پێشکەشکردنی 31 ئەسیست، ئۆلیسێ دەکاتە باشترین دروستکەری یاری لە ئەورووپا، بەڵام هەلی بردنەوەی باڵۆندۆر کەم بووەوە دوای ئەوەی نەیتوانی جامی جیهانی لەگەڵ فەرەنسا بباتەوە، سەرەڕای ئەوەی 8 گۆڵی لە مۆندیالدا دروست کرد. ئۆلیسێ ئەم وەرزە لە 52 یاری بۆ بایرن میونشن بەشدار بووە، 22 گۆڵی تۆمارکردووە و 31 ئەسیستی کردووە، و نازناوی خولی ئەڵمانیا و جامی ئەڵمانیای بردەوە.
سەبارەت بە کیلیان ئێمباپێی هاونیشتیمانی، ئەو بە وەرزێکی سفری لە ریال مەدرید دەرچوو، بەڵام خەڵاتی گۆڵکاری لیگای بردەوە. دۆڕانی 0-2 بەرامبەر ئیسپانیا، هەلەکانی ئێمباپێی بۆ بردنەوەی تۆپی زێڕین لەناوبرد، بەڵام لەهەمانکاتدا بووە گۆڵکاری مێژوویی جامی جیهانی، هەروەها پێڵاوی زێڕینی وەک گۆڵکاری مۆندیالی 2026 بە 10 گۆڵ بردەوە. ئێمباپێ ئەم وەرزە لە 44 یاری بۆ ریال مەدرید بەشدار بووە، 42 گۆڵی تۆمارکردووە و 7 ئەسیستی کردووە.




