رووداو دیجیتاڵ
ئیسپانیا لە یاریی کۆتایی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە ئەرجەنتینی بردەوە و بووە پاڵەوانی جامی جیهانی.
دوای کاتی زیادکراو، فێران تۆرێس تاکە گۆڵی یارییەکەی تۆمارکرد و ئیسپانیا بە ئەنجامی 1-0 لە ئەرجەنتینی بردەوە کە بە 10 یاریزان یاری دەکرد و بۆ دووەم جار لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی جامی جیهانی.
پاڵەوانەکانی ئەورووپا لە یاریگای (مێتلایف) کۆنترۆڵی یارییەکەیان کردبوو، بەڵام بە زەحمەت توانییان رێگەیەک بۆ گۆڵکردن لە دژی پاڵەوانی بەرگریکار بدۆزنەوە کە بە شێوازێکی پڕ لە ئەزموون بەرگرییان دەکرد.
ئیمیلیانۆ مارتینێزی گۆڵپارێزی ئەرجەنتین زنجیرەیەک تۆپی گەڕاندەوە و ئیسپانیای لە گۆڵکردن بێبەش کرد، بەڵام لە کاتی زیادکراوی گێمی دووەمدا رەوتی یارییەکە گۆڕا، کاتێک ئینزۆ فێرناندێزی یاریزانی هێڵی ناوەند بەهۆی وەرگرتنی دووەم کارتی زەردەوە دوای تاکڵێکی تووند لەسەر پاو کوبارسی، لە یارییەکە کرایە دەرەوە.
کاتی زیادکراو بە هەمان شێوازی پێشوو بەردەوام بوو، ئیسپانیا بەدوای گۆڵی یەکەمدا دەگەڕا لە دژی ئەرجەنتینێک کە بە قووڵی پاشەکشێیان کردبوو بۆ ناوچەی خۆیان.
سەرەنجام لە ساتە سەرەتاییەکانی گێمی دووەمی کاتی زیادکراودا گۆڵەکە تۆمارکرا، کاتێک تۆرێسی یاریزانی یەدەگ بە لێدانێکی ورد و جوان تۆپەکەی خستە ناو گۆڵ، دوای ئەوەی نیکۆ ویلیامز بە نایابی تۆپەکەی بۆ گەڕاندەوە.
ئیسپانیای لویس دی لا فۆینتێ لە حەوت یاریی رێگای گەیشتن بە یاری کۆتایی تەنیا یەک گۆڵیان لێ تۆمارکرا، ئەوان لە رێگەی شێوازی یاریی کۆنترۆڵکردنی تۆپەوە (پۆزێشن) رکابەرەکانیان قەتیس کردبوو.
ئەرجەنتینی لیۆنێل مێسی بە ململانێیەکی زۆر لە قۆناخە یەکلاکەرەوەکان تێپەڕین؛ لە بەرامبەر میسر گەڕانەوەیەکی سەرسوڕهێنەریان هەبوو و لە قۆناخی نیوەی کۆتاییشدا توانییان قەرەبووی گۆڵێکیان بکەنەوە و لە ئینگلتەرا ببەنەوە.




