رووداو هەولێر
بە بەشداریی 10 یانە، یارییەکانی وەرزی نوێی خولی بالەی کچانی یانەکانی عێراق لە دهۆک دەستیپێکرد، ئەمساڵیش جارێکی دیکە یانەکانی سەنحاریب و ئەکاد عەنکاوە پێشەنگی تیپەکانن.
یانەکان بەسەر دوو یانەدا دابەشکراون، لە کۆمەڵەی یەکەم تیپەکان بریتیین لە: سەنحاریب، ئەمانە بەغدا، مەسافی شیمال، قەرەقۆش، سیاحە.
کۆمەڵەی دووەم بریتین لە : ئەکاد عەنکاوە، دەربەندیخان، ئەفرۆدێت، رەواندز و زەعفەرانییە.
چوار رۆژە یارییەکان لە شاری دهۆک بەسەرپەرشتی یەکێتیی بالەی عێراق بەردەوامن، یانەی سەنحاریب پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەکە توانیوویەتی دوو یاریی یەکەمی لە ئەمانە بەغدا و قەرەقۆش بباتەوە و پێشەنگی کۆمەڵەی یەکەمە.
یانەی ئەکاد عەنکاوە خاوەن پلەی دووەمی وەرزی رابردوو کە شەش نازناوی خولەکەیە، دوو سەرکەوتنی تۆمارکردووە، لە یانەکانی ئەفرۆدێت و دەربەندیخانی بردەوە، پێشەنگی کۆمەڵەی دووەمە.
راندی مەتی، راهێنەری یانەی ئەکاد عەنکاوە لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "تیپەکەمان بەشێوەیەکی مامناوەند ئامادەکاریی کردووە، لەبەرئەوەی لە کاتێکی درەنگ یاریزانەکانمان کۆبوونەوە، بەڵام رکابەریی دەکەین و دەمانەوێت هەنگاو بۆ بردنەوەی نازناو بکەین".
ئەمساڵ یارییەکانی خولەکە بە شێوازی دوو قۆناخی بەڕێوەدەچن، قۆناخی یەکەم لە دهۆکە و یارییەکانی قۆناخی دووەم لە سلێمانی دەکرێن.




