رووداو دیجیتاڵ
سادیۆ مانێ، ئەستێرەی سەنیگالی وازهێنانی خۆی لە یاریی نێودەوڵەتی راگەیاند، بەمەش کۆتایی بە کاروانێکی وەرزشی هێنا، کە زیاتر لە 10 ساڵی خایاند، ئەمەش چەند رۆژێک دوای دەرچوونی 'شێرەکانی تیرانگا' لە جامی جیهانی 2026.
راگەیاندنەکەی مانێی تەمەن 34 ساڵ لە رێگەی بڵاوکراوەیەکەوە بوو، کە رۆژنامەی لو کۆتیدیانی سەنیگالی بڵاویکردەوە، تێیدا جەختی کردەوە کە بەشداریکردنی لە مۆندیالی 2026 دوایین وێستگەی بوو بە درێسی هەڵبژاردەی نیشتمانییەوە، دوای ماڵئاواییکردن لە پاڵەوانێتییەکە لە قۆناخی 16 بە شکستهێنان بەرامبەر بەلجیکا بەئەنجامی 3-2 دوای کاتی زیادکراو.
سەرەڕای کۆتاییهێنان بە کاروانی نێودەوڵەتی، مانێ لەسەر ئاستی یانەکان بەردەوام دەبێت، چونکە گرێبەستی لەگەڵ یانەی نەسڕی سعودی هەیە کە تاوەکو ساڵی 2027 درێژ دەبێتەوە.
پەیامێکی ماڵئاوایی کاریگەر
مانێ پەیامێکی ماڵئاوایی کاریگەری ئاراستەی هاندەرانی سەنیگال کرد، تێیدا جەختی کردەوە کە هەموو توانایەکی خۆی بۆ بەرگریکردن لە رەنگی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەکارهێناوە.
وەک رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی گواستوویەتییەوە، لە بەیاننامەکەیدا گوتوویەتی "بزانن کە من هەموو شتێکم لەپێناو ئەم ئاڵایەدا فیدا کرد. باشترینم پێشکەش کرد و هەمیشە بە هەموو توانامەوە لەپێناو نیشتمانەکەمان جەنگاوم".
گوتیشی "پاڵپشتی بەردەوامی ئێوە سووتەمەنی راستەقینەی هەموو ئەو سەرکەوتنانە بوو کە بەدەستمهێنان".
کاپتنی پێشووی سەنیگال جەختی کردەوە کە نیازی نییە لە تۆپی پێی وڵاتەکەی دوور بکەوێتەوە، ئاماژەی بە ئارەزووی خۆی کرد بۆ بەردەوامبوون لە خزمەتکردنی هەڵبژاردەکە لە پێگەیەکی جیاوازەوە دوای وازهێنانی لە یاریی نێودەوڵەتی.
مانێ گوتی "سبەی خۆشحاڵ دەبم بە خستنەگەڕی ئەزموونی خۆم لە خزمەت نیشتمان، چ لە ناو دەستەی هونەری بێت، یان وەک راهێنەر، یان لە ناو دامەزراوە وەرزشییەکاندا".
زیاتر لە 10 ساڵ بە درێسی سەنیگالەوە
مانێ لە ساڵی 2012 دەستی بە کاروانی وەرزشی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەی سەنیگال کرد و 130 یاریی نێودەوڵەتی ئەنجامدا، بەمەش بووە یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی مێژووی تۆپی پێی سەنیگال.
باڵە هێرشبەرەکەی پێشووی یانەی مێتزی فەرەنسی، یەکێک بوو لەوانەی رۆڵی سەرەکییان هەبوو لە بردنەوەی نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەفریقای 2021 دوای دۆڕانی یاریی کۆتایی لە وەشانی 2019ـدا. هەروەها لە یاریی کۆتایی وەشانی 2025 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام کاف بە بڕیارێکی کارگێڕی نازناوەکەی بەخشییە مەغریب، تا ئەوکاتەی بڕیاری کۆتایی لە دادگای نێودەوڵەتی کاس دەردەچێت.
مانێ رۆڵێکی سەرکردایەتی گەورەی لە ناو هەڵبژاردەکەدا هەبوو، یەکێک لە دیمەنە دیارەکانیش کە پێگەی ئەوی چەسپاند، داواکردنی بوو لە هاوڕێکانی بۆ گەڕانەوە بۆ ناو یاریگا لە کاتی یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەفریقای رابردوو بەرامبەر مەغریب.




