رووداو دیجیتاڵ
یۆرگن کڵۆپ، نزیکە لە وەرگرتنی پۆستی مەشقدانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا تاوەکو ساڵی 2030.
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئەڵمانیا ئاشکرایانکردووە، کڵۆپ زۆر نزیکە لە شوێنگرتنەوەی یولیان نایگلسمان کە لە دوای چوونە دەرەوەی هەڵبژاردەکە لە مۆندیالی ئەمساڵ، لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بەلێدانە یەکلاکەرەوەکان ماڵئاوایی لە مۆندیال کرد، دوای شکست بەرامبەر پاراگوای لە قۆناخی سی و دوومی مۆندیال.
ئەڵمانیا، جیا لە مۆندیالی ئەمساڵ، لە هەردوو مۆندیالی 2018 و 2022، نەیتوانی قۆناخی کۆمەڵەکانی ئەو دوو پاڵەوانێتییە، تێبپەڕێنێت. لە کاتێکدا لە مۆندیالی 2014 نازناوەکەی بردەوە.
لە پاش دوورخستنەوەی نایگلسمان، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا دانوستاندنی راستەوخۆی لەگەڵ یۆرگن کڵۆپی راهێنەری پێشووی لیڤەرپوول دەستپێکرد، بۆ شوێنگرتنەوەی راهێنەرە 38 ساڵانەکە.
میدیای ئەڵمانیا ئاشکرایانکردووە، کڵۆپ تاوەکو 2030 راهێنەری ئەڵمانیا دەبێت، ئەگەر هیچ پێشهاتێک نەبێتە هۆکاری رێگرتن لە رێکەوتنەکە.
وەک سەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە، بڕیارە دوایین دانوستاندن لە نێوان کڵۆپ و بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا، هەفتەی داهاتوو لە نیویۆرک ئەنجام بدرێت.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، دەستبەرداربوونی کڵۆپ لە پۆستی بەڕێوەبەری تۆپی پێی کۆمپانیای رێد بوڵ، کە ئێستا کاری تێدا دەکات، هیچ رێگرییەک لەبەردەم بوونە راهێنەری ئەڵمانیا، بۆ ئەو راهێنەرە دروست ناکات و بەواژۆکردنی گرێبەستەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەکە، کارەکەی لە رێد بوڵ کۆتایی دێت.
کڵۆپ لە کۆتایی وەرزی 2023 - 2024 مەشقدانی لیڤەرپوولی ئینگلیزی بەجێهێشت و بووە بەڕێوەبەری تۆپی پێ، لە کۆمپانیای رێد بوڵ، کە خاوەندارێتی چەندین یانەی جیاوازی تۆپی پێ دەکات، لە جیهاندا.




