رووداو دیجیتاڵ
رووداو سپۆرتس براوەی خەڵاتی فانتاسیی تۆرلیگا رادەگەیێنێت، دوای ئەوەی وەرزی 2025-2026ـی پرێمەرلیگ کۆتاییهات.
لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا کە کارمەند و نوێنەرانی کۆمپانیای تۆرنێت ئامادەی بوون، براوەی یەکەمی فانتاسیی تۆرلیگا بەبردنەوەی ئۆتۆمبێلێک خەڵاتکرا.
ئاری هاشم، بەڕێوەبەری فانتاسیی تۆرلیگا بە رووداو سپۆرتسی گوت "زیاتر لە 24 هەزار کەس بەشدارییان لە فانتاسیدا کرد، ئەزموونی یەکەممان سەرکەوتوو بووە، بەتایبەت کە بەشداربوون تێیدا بێبەرامبەر بووە و پێشوازییەکی باشی لێکراوە."
ئاری هاشم دەڵێت "لە ماوەی 9 مانگی بەڕێوەچوونی یارییەکاندا 27 خەڵاتی جیاوازیان داوەتە بەشداربووان و لە هەر مانگێکدا سێ براوە خەڵاتکراون."
سامان وڵاتژێری، بێژەری وەرزشیی تۆڕی میدیایی رووداو، سویچی ئۆتۆمبێلەکەی دایە براوەی خەڵاتەکە و نەشوان خەتاب مەولوود بووەتە براوەی یەکەمی رکابەرییەکە.
نەشوان خەتاب دەڵێت "هەستێکی زۆر خۆشم هەیە کە ئۆتۆمبێلەکەم بردووەتەوە، رۆژانە بەبەردەوامی چاودێریی هەموو زانیارییەکانم کردووە و لە رێگەی رووداو سپۆرتسەوە لە یەکەم رۆژەوە بەشداریم لە فانتاسیی تۆرلیگادا کرد و بەکارهێنانەکەی زۆر ئاسان بوو".
براوەی ئۆتۆمبێلەکە دەڵێت "بەشێوەیەکی دوو هەزار و 398 خاڵم کۆکردەوە و بە جیاوازیی دوو خاڵ خەڵاتەکەم بردەوە. لە سەرەتای بەشداربوونمدا گابریێل ماگالایسی بەرگریکاری ئارسیناڵ زۆر هاوکارییکردم بۆ ئەوەی خاڵی زۆر بەدەستبهێنم."
نەشوان خەتاب، گوتی "من هاندەری ئارسیناڵم و خۆم یانەکەم بووینەتە یەکەم".



