رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا کارەکانی بۆ گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز چڕکردووەتەوە و هانزی فلیک پێیوایە ئەو یاریزانە باشترین بژاردەیە بۆ ئەوەی ببێتە هێرشبەری سەرەکیی یانەکە و شوێنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بگرێتەوە.
هانزی فلیک راهێنەری بارسێلۆنا هیچ گومانێکی نییە جولیان ئەلڤارێز ئەو هێرشبەرەیە کە دەتوانێت گۆڕانکاری لە شێوازی یاریکردنی یانەکەیدا بکات. سەرەڕای خراپی ئاستی جولیان لە مۆندیال، بەڵام فلیک پێیوایە هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە جیاواز لە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، توانایەکی زۆری لە جووڵە و دروستکردنی بۆشایی و یاریکردن لە دەرەوەی ناوچەی سزادا هەیە، ئەمەش وا دەکات هێڵی هێرشبەری یانە کەتەلۆنییەکە پێشبینی نەکراو بێت.
دیکۆ بەڕێوبەری وەرزشی و خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، گواستنەوەی ئەلڤارێزیان کردووەتە پێشەنگی کارەکانیان. یانەکە دەیەوێت پاڵپشتی تەواوی یاریزانەکە بکات بۆ ئەوەی ئاتلێتیکۆ مەدرید رازی بکەن رێگەی پێ بدات روو لە کامپ نو بکات. هەرچەندە تاوەکو ئێستا یانە مەدریدییەکە وەڵامی فەرمی دەستەوارەکەی بارسێلۆنای نەداوەتەوە، بەڵام بەرپرسانی یانە کەتەلۆنییەکە متمانەیان بەوە هەیە ئاتلێتیکۆ مەدرید کات دەکوژێت بۆ ئەوەی بڕی دەستەوارەکە زیاد بکەن یان یاریزانەکە بە یانەی ئارسیناڵ بفرۆشن.
جولیان ئەلڤارێز لە مانگی 2ـی 2025 بەڵێنی لە کارگێڕیی ئاتلێتیکۆ مەدرید وەرگرتووە رێگەی پێبدەن لە هاویندا یانەکە جێبهێڵێت. یاریزانەکە و بارسێلۆنا دەیانەوێت سوود لەو بەڵێنە وەربگرن بۆ ئەوەی گواستنەوەکە سەر بگرێت. بڕیار وایە دوای تەواوبوونی یارییەکانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە مۆندیال، هەردوولا ستراتیژێکی هاوبەش بۆ گوشارخستنەسەر یانە مەدریدییەکە دابڕێژن.
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لە ماوەی چوار وەرزدا لەگەڵ بارسێلۆنا ساڵانە بە تێکڕا 30 گۆڵی تۆمارکردووە.




