رووداو دیجیتاڵ
سیلیست ئەمارێلا. خانمە پەرلەمانتاری پاراگوایی کێشەیەکی گەورە دەنێتەوە، بەهۆی لێدوانێکی رەگەزپەرستانە کە دژی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی دا و وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی پاراگوای خۆی بێبەری دەکات لەو لێدوانانە.
دوای ئەوەی یاریی فەرەنسا و پاراگوای بەبردنەوەی کیلیان ئێمباپێ و هاوڕێکانی کۆتاییهات و یارییەکە تووندوتیژییەکی زۆری بەخۆیەوە بینی و ئێمباپێ لەدوای یارییەکە لە لێدوانەکانیدا گلەیی لە یاریزانانی پاراگوای و شێوازی یاریکردنیان کرد، سیلیست ئەمارێلا، لە لێدوانێکدا دژی کیلیان ئێمباپێ، گوتی "ئەم دڕندەیە تەنانەت فێری نووسینیش نەبووە. لە جیاتی شیری دایک، بە مژینی گوێزی هیندی گەورە بووە. رۆشنبیرترین بوونەوەر کە گوێی لێ بووبێت شەمپانزی بووە. کامیرۆنییەکی داگیرکراوە و خۆی وەک فەرەنسی نیشان دەدات، کینە لەدڵ، تازە دەوڵەمەند، لەخۆبایی و ناشیرین. بە درێژایی یارییەکە شڵەژاو و تا ئاستی مردن ترسابوو، وەک تەواوی تیپەکەی. نەیانتوانی تەنانەت یەک گۆڵیش بکەن، تاوەکو ئەو کاتەی بە لێدانی سزا بەخت یاوەریان بوو. تاکە شت کە زۆربەمان لۆمەی تیپەکەی لێ دەکەین ئەوەیە کە دوای تەواوبوونی یارییەکە زللەیەکیان نەکێشا بەدەمیدا".
وەڵامی ئێمباپێ:
زۆری نەبرد کیلیان ئێمباپێ وەڵامێکی تووندی ئەو خانمە پەرلەمانتارەی دایەوە و بۆی نووسیبوو "خانم سیلیست ئەمارێلا، تۆ ژنێکی سووکی و شایەنی پۆستەکەت نیت. تۆ نوێنەرایەتی پاراگواى ناکەیت، کە وڵاتێکە بەدرێژایی کێبڕکێکە خولیای وەرزشی و شکۆی نیشان داوە. بەهۆی سەرکێشی و رەگەزپەرستییە ئاشکرایەکەت، هەموو جیهان ئەو گەشت و هەوڵە مێژووییەی یاریزانەکانت لەم جامی جیهانییەدا لەبیرکرد، بۆ ئەوەی رێگە بە ژنێکی ناشایستە بدەن خراپترین وێنەی وڵاتەکەی نیشان دەدات. هەرگیز رێگە بە کەسانی وەک تۆ نادەم بە ئازادی رق و کینە و رەگەزپەرستییان لە هەموو جیهاندا بڵاو بکەنەوە".
بڵاوکراوەیەکی تووند لە وەزارەتی دەرەوەی پاراگوای
حکومەتی پاراگواى بێبەریبوونی فەرمی خۆی لە سیناتۆر سیلیست ئەمارێلا راگەیاند، دوای ئەو سووکایەتییە رەگەزپەرستییانەی ئاراستەی کیلیان ئێمباپێی کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسای کردبوو. لە بڵاوکراوەیەکی تونددا دەسەڵاتداران لێدوانەکانیان سەرکۆنەکرد و هاوسۆزی خۆیان بۆ ئەو ئەستێرە فەرەنسییە و گەلی فەرەنسا دەربڕی.
وەزارەتی دەرەوەی پاراگواى لە بڵاوکراوەکەدا رایگەیاند "حکومەتی کۆماری پاراگواى بەتووندی سەرکۆنەی ئەو لێدوانانە دەکات کە سیناتۆر سیلیست ئەمارێلا ئاراستەی کیلیان ئێمباپێی کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسای کردووە؛ چونکە ئەم لێدوانانە دژی ئەو بەها و پرەنسیپانەن کە رێز لە پێکەوەژیانی ئاشتییانە و کەرامەتی مرۆڤ دەگرن، کە وڵاتەکەمان پەیڕەوی لێ دەکات".
ئەو سیناتۆرەی پاراگواى، چەند کاژێرێک دوای دەرچوونی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لەسەر دەستی فەرەنسا بەئەنجامی 1-0 لە قۆناخی 16ـی جامی جیهانی 2026، هێرشێکی رەگەزپەرستی تووندی کردە سەر ئێمباپێ کە خاوەنی تاکە گۆڵی یارییەکە بوو، و بەوە وەسفی کرد کە "کامیرۆنییەکی داگیرکراوە و خۆی وەک فەڕەنسی نیشان دەدات".
حکومەتی پاراگواى لە بڵاوکراوەکەیدا جەختی کردەوە کە لێدوانەکانی ئەو خانمە سیناتۆرە رای کەسسی خۆیەتی و بەهیچ شێوەیەک گوزارشت لە هەڵوێستی فەرمی وڵات ناکات، ئاماژەی بەوەش کرد کە "پاراگواى کۆمارێکی دیموکراسییە و لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دامەزراوە"، و سیناتۆر "بەرپرسیارێتی تاکەکەسی تەواوی لە ئەستۆدایە".
حکومەتی پاراگواى پەیامێکی دڵنەواییشی ئاراستەی فەرەنسا کرد و گوتی "هاوسۆزی خۆمان بۆ هەموو ئەو کەسانە دەردەبڕین کە بەم لێدوانانە ئازاریان چەشتووە، و جەخت لە رێزی خۆمان بۆ گەلی فەرەنسا دەکەینەوە، کە پاراگواى پەیوەندییەکی مێژوویی دۆستانە و هاوکاری و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی لەگەڵیاندا هەیە".
کاردانەوەکان بەدرێژایی رۆژی دووشەممە زیادیان کرد، ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا پاڵپشتی خۆی بۆ ئێمباپێ و تەواوی هەڵبژاردەی فەرەنسا دەربڕی، هاوکات فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا رایگەیاند کە سکاڵا پێشکەش بە داواکاری گشتی دەکات بۆ دەستپێکردنی رێکارە یاساییەکان.
فیلیپ دیالۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا، لێدوانەکانی بە "تاوانکاری و قێزەون" وەسف کرد، لە کاتێکدا مارینا فێراری وەزیری وەرزش، هێرشەکانی بە 'سووک' و 'ناشایستە' ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە تەنیا کاپتنی فەرەنسای نەکردووەتە ئامانج، بەڵکو ئەو بەهایانەشی کردووەتە ئامانج کە فەرەنسا باوەڕی پێیانە.




