رووداو دیجیتاڵ
فێرناندۆ تۆرێسی ئەفسانەی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، باسی کاروانی یارییکردن و راهێنەرایەتی خۆی کردووە، ئاماژەی بە دێربیی مەدرید لە نێوان هەردوو یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید و ریال مەدرید داوە. ئەو دەڵێ، مۆرینیۆ توانیویەتی ریال مەدرید بگۆڕێت.
سبەی یەکشەممە، لە میترۆپۆلیتانۆ، ئاتلێتیکۆ مەدرید میوانداریی ریال مەدرید دەکات، لە یەکەم دێربیی ئەمساڵی نێوان هەردوو یانە.
هەردوو یانە لە ئاست و ئەنجامدا لەیەکدییەوە نزیکن. ریال مەدرید دەیەوێت خۆی لە یادەوەرییە ناخۆشەکانی وەرزی رابردوو، لە هەمان یاریگادا بپارێزێت، کاتێک لە ژێر سەرپەرشتی چابی ئەلۆنسۆدا، تیپەکە بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕا.
تۆرێس پاش ساڵانێکی زۆر لە گەشتکردن بەیاریگاکانی ئەورووپا وەک یاریزان، ئەزموونکردنی کارکردن لەگەڵ چەندین راهێنەری گەورە، ئێستا دەیەوێت وەک راهێنەرێک جێپەنجەی خۆی لە جیهانەکەدا، بەجێبهێڵێت.
هەر راهێنەرە و تامێک
تۆرێس چەند ساڵێکە راهێنەری تیپی دووەمی ئاتلێتیکۆ مەدریدە، ئەو وەک یاریزان لە چەندین راهێنەری گەورەوە فێربووە، هەر بۆیە بۆ ئەو، هەر راهێنەرێک تامێکی تایبەتی هەبوو.
تۆرێس دەڵێ، بەختەوەرم لەگەڵ چەند راهێنەرێکی گەورە کارم کردووە، تەنانەت پێشئەوەی خۆم بیر لەوە بکەمەوە کە ببمە راهێنەر، زۆر شتم فێربووم، بەڵام لەگەڵ لویس ئاراگۆنێس، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر من هەبوو، دواتر لەگەڵ ڤیسێنتی دیل بۆسکی لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا و هەروەها، لەگەڵ هەموو ئەو راهێنەرانەی لە ئاتلێتیکۆ مەدرید کارم لەگەڵدا کردن.
ئەو هەروەها دەڵێ، دوای ساڵانێک لە ئیسپانیا، چوومە ئینگلتەرا لەگەڵ رافا بینیتێز کارمکرد، کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر من هەبوو، هەروەها ئانچێلۆتی، دواتر مۆرینیۆ و سیمیۆنی... لەگەڵ چەند راهێنەری گەورە کارم کرد.
کاریگەریی ئەو راهێنەرانە چی بوو؟ تۆرێس دەڵێ، پێموایە کەمێک لە هەریەکەیان فێربووم، هەروەها لە هەموویان فێربووم، بەڵام کاتێک سەرنجم خستە سەر خواستی بوون بە راهێنەر، بۆم دەرکەوت کە یۆرگن کلۆپ کاریگەریی راستەقینەی لەسەر من هەبووە.
ئاتلێتیکۆ: لە نێوان هاندەر و راهێنەر
بوونی تۆرێس لە یاریگای میترۆپۆلیتانۆ، ئاڵنگارییەکی گەورە دەهێنێتە ئاراوە. ئەو لەلایەکەوە هاندەرێکی بەسۆزی ئاتلێتیکۆیە، لەلایەکی دیکەشەوە راهێنەرێکی گەنجە و چاوی لە فێربوونە.
ئەو دەڵێ، کاتێک دەچمە یاریگای میترۆپۆلیتانۆ هەوڵدەدەم ملپێچێکی یانەکە لە مل بکەم و چێژ لە سەیرکردنی تیپەکە وەربگرم، هەوڵدەدەم شتەکان زێدەڕۆیی نەکەم، تەنیا دەچم سەیری تیپەکەم دەکەم، پشتگیرییان دەکەم، لەگەڵ هاندەرەکانم بم، هەست بەو وروژاندنە بکەم، هەوڵدەدەم بۆ ماوەیەکی کەم هەستی راهێنەرایەتی لە خۆمدا بزر بکەم.
کێ براوەی دێربییە؟
لەبارەی دێربیی مەدریدەوە، فێرناندۆ نایەوێت ئەنجامەکانی سەرەتای ئەم وەرزە لەبەرچاو بگرێت، چونکە ئەو پێیوایە ئەوەی بۆ ئاتلێتیکۆ زۆر گرنگە، دۆخی دەروونیی تیپەکەیە.
ئەو دەڵێ، هەرگیز حەزم لە پۆلێنکردنی شتەکان نییە، کێ پاڵێوراوە؟ پێموایە ئاتلێتیکۆ، پاڵنەری گەورەی بۆ بردنەوەی یارییەکە هەیە، تیپەکە متمانەی بەخۆی هەیە و ئەوەش زۆر گرنگە.
تۆرێس پێیوایە ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئێستا جیاوازە لە تیپەکەی وەرزی رابردوو، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییە بەرچاوەکانی پێکهاتەکەی لە هاوینی ئەمساڵدا.
دەڵێ، دەزانم گرێبەستی زۆر و هەندێک رۆیشتنی گرنگ هەبووە، هەروەها بەڕوونی لە قۆناخی گەشەکردندان، بۆ نموونە ئەمڕۆ پێشبینیکردنی پێکهاتەی سەرەکی ئەستەمە، ئەوان رۆحێکی بەکۆمەڵەی گەورەیان هەیە و پێکهاتەیەکی خەیاڵین.
یادگارییەکانی تۆرێس لەگەڵ مۆرینیۆ
تۆرێس قسەی بۆ رۆژنامەی 'مارکا' کردووە، کاتێک گفتوگۆکە روو لە قسەکردن لەسەر ریال مەدرید و ئێستای ئەو یانەیە دەکات، باسوخواس دێتە سەر جۆزێ مۆرینیۆ، یەکێک لەو راهێنەرانەی پێشتر تۆرێس کاری لەگەڵ کردوون، ئەو پێیوایە کە دیارترین تایبەتمەندی ئەو راهێنەرە، توانای سەرکردایەتیکردنیەتی لەناو ژووری جلگۆڕیندا.
ئەو دەڵێ، "من لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو تیپە نیم، بەڵام وەکخۆم، مۆرینیۆم وەک سەرکردەیەکی تۆقێنەر لە ژووری جلگۆڕیندا ناسیوە، کە تایبەتمەندی ناوازەی سەرکردایەتی هەیە".
هەروەها دەڵێ، "ئەو راهێنەرێکی پێگەیشتووە، من دڵنیام لەوەی لێزانانە گرووپەکەی بەڕێوەدەبات، پێموایە ئەو زۆر گرنگە لە ژووری جلگۆڕیندا".
سەبارەت بە بۆچوونی خۆی لەسەر ریال مەدریدی ئێستا، تۆرێس دانیبەوەداناوە کە لەم وەرزەدا سەیری زۆر یاریی تیپەکەی نەکردووە، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە ئەوەی بینیویەتی پشتڕاستیکردووەتەوە یانەکە خاوەنی کۆمەڵێک یاریزانی ناوازەیە.
تۆرێس دەڵێ، لەڕاستیدا ئەمساڵ زۆر سەیری تۆپی پێم نەکردووە، بەڵام زۆر سەیری یارییەکانی بارسێلۆنام کردووە، چونکە خەیاڵین.
جارێ زووە
کاتێک پرسیار لە تۆرێس کرا لەبارەی بەربژێربوونی بارسێلۆنا بۆ بردنەوەی نازناوەکان، ئەو رەتیدەکاتەوە لە ئێستاوە بڕیار بدات، دەڵێ، وەرزەکە هێشتا لە قۆناخی سەرەتاییدایە و هەموو تیپەکان رێگایەکی دووریان ماوە.
روونیدەکاتەوە، "ئێمە هێشتا لە سەرەتای یارییەکەداین، وەرزەکە زۆر درێژە، پێکان هەیە، دەکرێ هەر شتێک رووبدات، پێموایە ئێستا بارسێلۆنا، یەکێکە لە باشترین تیپەکانی ئەورووپا، بێگومان، بەڵام هێشتا رێگایەکی درێژیان لەبەردەمدا ماوە".
ئەگەرچی تۆرێس لەو چاوپێکەوتنەدا باسی ئەوەی نەکردووە، لە داهاتوودا دەبێتە راهێنەری کام یانە، بەڵام هەموو سەرچاوەکان کۆکن لەسەرئەوەی ئەو راهێنەرە گەنجە، وێستگەی یەکەمی لە مەشقدانی تیپێکی گەورە، ئاتلێتیکۆ مەدرید دەبێت، ئەویش ئەوکاتەی دیێگۆ سیمیۆنی، بڕیاردەدات لە مەشقدانی یانەکە، بڕوات.




