رووداو دیجیتاڵ
داواکارییەکانی جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری نوێی یانەی ریال مەدرید لە کارگێڕیی یانەکە کۆتایییان نایێت و دەیەوێت یاریزانێکی دیکە بۆ بێنن کە پێیوایە 'پارچە ونبووەکە'ـی پێکهاتەکەیەتی.
سەرەڕای ئەوەی ریال مەدرید خاوەنی یەکێک لە مەترسیدارترین هێرشبەرەکانی جیهانە، بەڵام هێشتا جۆزێ مۆرینیۆ بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت کە بە 'پارچە ونبووەکە' ناوی دەبات، کە رەنگە لە یارییە هەرە ئاڵۆزەکاندا لە وەرزی نوێدا رۆڵی یەکلاکەرەوە ببینێت.
مۆرینیۆ داوای لە کارگێڕیی ریال مەدرید کردووە گرێبەست لەگەڵ هێرشبەرێکی نوێدا بکەن، سەرەڕای بڕوای بەو توانایانەی کە کیلیان ئێمباپێ لە ناوەندی هێرشبەردا هەیەتی.
راهێنەرە پۆرتوگالییەکە پێیوایە ئێمباپێ باشترین بژاردەی بەردەستە بۆ تیپەکە لەو شوێنەدا، بەڵام پێیوایە ئەو ئەستێرە فەرەنسییە، کە سەرەتای کاروانی وەرزشی وەک باڵ دەستپێکردووە پێش ئەوەی ببێتە هێرشبەر، هەموو ئەو تایبەتمەندییانە پێشکەش ناکات کە ئەو لە هێرشبەرێکی سەرەکی و دیاردا بەدوایاندا دەگەڕێت.
تایبەتمەندییەکانی هێرشبەرە داواکراوەکە
کورتیجانا، رۆژنامەنووس لە زا ئاتلێتیک لە رێگەی چەناڵی رۆبن مارتن لە یوتیوب، بەپێی ئەوەی پێگەی دیفێنسا سێنتراڵ گواستوویەتییەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هەنگاوە ئێستا ئاڵۆز دەردەکەوێت، چونکە زۆربەی یاریزانانی تیپەکە نایانەوێت یانەکە جێبهێڵن.
بەپێی راپۆرتەکە، ریال مەدرید پێیوایە تیپەکە پێویستی بە هێرشبەرێکی پسپۆر هەیە لە قۆستنەوەی تۆپەکان لە ناوچەی سزادا و کۆتاییهێنان بە هێرشەکان، بەتایبەتی لەو یارییانەی رووبەڕووی بەرگرییەکی چڕ دەبنەوە.
مۆرینیۆ هەڵسەنگاندنی ئەرێنی بۆ هەردوو یاریزان گۆنزالۆ گارسیا و ئێندریک دەکات، بەڵام پێیوایە هەردووکیان توخمێکی سەرەکییان کەمە، ئەویش باڵابەرزی و توانای مامەڵەکردنە لەگەڵ تۆپە بەرزەکاندا.
راهێنەرە پۆرتوگالییەکە بەدوای هێرشبەرێکی باڵا بەرزدا دەگەڕێت کە شارەزا بێت لە وەرگرتنی تۆپە درێژەکان و یەکلاکردنەوەی هەلەکان لە ناوچەی سزادا، بەتایبەت لەبەردەم ئەو تیپانەی کە پشت بە بەرگری چڕ دەبەستن، ئەمەش ئەو نموونەیەیە کە لە هەموو وێستگەکانی پێشووی راهێنەرایەتیدا راهاتبوو پشتی پێ ببەستێت.




