رووداو دیجیتال
یانەی هەولێر بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە گرێبەستی لەگەڵ لوئەی سەڵاح واژۆکرد، بۆ وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی تیپەکەیان.
دوای دوو رۆژ گفتوگۆی بەردەوام لە شاری هەولێر، دواجار یانەی هەولێر توانی راهێنەرێک بۆ تیپەکەی دەستنیشان بکات، رووداو سپۆرتس ناوەڕۆکی گرێبەستەکە ئاشکرا دەکات، کە بەمشێوەیەی خوارەوەیە:
سەرەتا لوئەی سەڵاح، راهێنەری نوێی یانەی هەولێر داوای 300 ملیۆن دیناری عێراقی کردووە، دوای گفتوگۆیەکی زۆر لەگەڵ دەستەی کارگێڕیی یانەکە بە 250 ملیۆن دینار گرێبەستەکەی واژۆکردووە، کۆی پارەی گرێبەستی خۆی و هاوکارەکانی دەگاتە 510 ملیۆن دیناری عێراقی.
سەرچاوەیەک لە یانەی هەولێر بۆ رووداو سپۆرتس ئاشکرایکرد "راهێنەرەکەمان ئاستی بەرزە و خۆی کوڕی یانەکەیە، بەر لە هەموو شتێک داوایکرد کە کێشەی دارایمان نەبێت و بتوانێت لە کەشێکی ئارام کار بکات و رکابەریش بکات".
وەرزی رابردوو یانەی هەولێر پلەی سێیەمی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق وەرگرت، ئەمساڵ تیپەکە بەشداریی جامی یانەکانی کەنداو دەکات.
سەرچاوەکەی یانەی هەولێر زیاتر روونیکردەوە "لوئەی سەڵاح لیستێکی 9 یاریزانی داوەتە لیژنەی گرێبەستی یاریزانان کردووە، داوایکرد لەو یاریزانانە بە لایەنی کەم پێنج یاریزان بهێنن ئەوا رکابەرییەکی بەهێز لەسەر ئاستی خولەکە دەکات".
یانەی هەولێر جیا لە گفتوگۆکردن لەگەڵ یاریزانانی ناوخۆی عێراق، ئێستا دەرگای گفتوگۆی لەگەڵ چەند یاریزانێکی پیشەگەر کردووەتەوە، بەڵام کێشەی یانەی هەولێر ئەوەیە بەهۆی سکاڵای یوسف بن سۆدە، یاریزانی تونسی لە یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، هەولێر ناتوانێت گرێبەستەکانی پشتڕاست بکرێتەوە، بۆیە دەبێت لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.
یانەی هەولێر قەرزێکی زۆری لەسەر کەڵەکە بووە، بڕی 750 ملیۆن دیناری عێراق قەرزی مووچە و شایستە داراییەکانی سەردەمی راهێنەرایەتی سەمیر بابۆی ماوە، بڕی 700 ملیۆن دیناریش قەرزاری راهێنەر و یاریزانانی وەرزی رابردووە.
بەر لە هەفتەیەک ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا هەموو پاڵپشتییەکی خۆی بۆ یانەی هەولێر دووپاتکردەوە، دەبێت هەولێر کێشەکان چارەسەر بکات، لەپێناو ئەوەی بتوانێت بەشداریی خول و پاڵەوانێتییەکانی وەرزی داهاتوو بکات.




