رووداو دیجیتاڵ
ئاتلێتیکۆ مەدرید دەرگای ئاشتبوونەوە بەڕووی جولیان ئەلڤارێزدا دادەخات و پێشوازی لە 'زەبرێکی کوشندە' بۆ بارسێلۆنا دەکات.
جیابوونەوەی جولیان ئەلڤارێز لە یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید تەنیا پەیوەستە بە کاتەوە، چونکە پەیوەندی نێوان هەردوولا گەیشتووەتە بنبەست.
دوای لێدوانەکانی پاش یاریی نێوان ئەرجەنتین و نەمسا، ئەم هێرشبەرە تەمەن 26 ساڵە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دروست کرد.
بەپێی رۆژنامەگەریی ئیسپانی، یاریزانە نێودەوڵەتییە ئەرجەنتینییەکە پێش دەسپێکردنی مۆندیال، لە کۆبوونەوەیەکدا کارگێڕیی یانەکەی لە نیازی خۆی بۆ رۆیشتن ئاگادار کردبووەوە، تەنانەت راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە دابوو کە یانەی بارسێلۆنای وەک وێستگەی دڵخوازی خۆی هەڵبژاردووە، بەڵام راگەیاندنی ئەم بابەتە بەئاشکرا لەبەردەم جەماوەردا، تووڕەییەکی زۆری لای بەرپرسانی ئاتلێتیکۆ مەدرید دروست کردووە.
بەگوێرەی رۆژنامەی سپۆرت، هەرچەندە ئاتلێتیکۆ مەدرید پێشتر بیرۆکەی رۆیشتنی جولیان ئەلڤارێزی قبوڵ کردبوو، بەڵام شێوازی راگەیاندنی ئارەزووی رۆیشتنەکەی بەتووندی رەتکرایەوە. تەنانەت خیل مارین، سەرۆکی جێبەجێکاری ئاتلێتیکۆ، بێدەنگیی شکاند و سەرزەنشتی هێرشبەرەکەی کرد. لە ناوخۆی یانەکەشدا، راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە دیێگۆ سیمیۆنی، کە هەمیشە داوای دڵسۆزی و پابەندبوونی تەواو لە یاریزانەکانی دەکات، دەرگای ئاشتبوونەوەی بەڕووی ئەلڤارێزدا داخستووە.
راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە چیدی نایەوێت یاریزانێک لە تیپەکەیدا بهێڵێتەوە کە بەڕوونی دەڵێت دەمەوێت بڕۆم، و چیدی هەوڵی رازیكردنی نادات بۆ مانەوە.
ماتیۆ ئەلیمانی، بەڕێوەبەری وەرزشیی ئاتلێتیکۆ مەدرید، دەزانێت کە فرۆشتنی یاریزانەکە پێویستە، بەڵام کارگێڕیی یانەکە پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی کۆنتڕۆڵی گفتوگۆکانی لای خۆی بێت. لێرەدا گەورەترین بەربەست دێتە بەردەم بارسێلۆنا؛ چونکە بەهێزکردنی رکابەرێکی راستەوخۆ بە هەر نرخێک بێت، کارێکی رەتکراوەیە.
بەپێی رۆژنامەی سپۆرت، کارگێڕیی ئاتلێتیکۆ هێشتا داوای 150 ملیۆن یۆرۆ بەشێوەی کاش دەکات بۆ رەزامەندی لەسەر گواستنەوەی یاریزانەکە بۆ کەتەلۆنیا.
هیچ جۆرە قەرزێک یان گۆڕینەوەی یاریزان قبوڵ ناکرێت؛ نە فێران تۆرێس، نە مارک کاسادۆ و نە هیچ یاریزانێکی دیکە کە دیکۆ پێشنیازی بکات، ناتوانن هەڵوێستی یانەکە بگۆڕن. بەپێی راپۆرتەکان، پێشنیازە سەرەتاییەکەی بارسا کە 90 ملیۆن یۆرۆ و 10 ملیۆن پاداشت بوو، بەبێ ئەوەی لێی وردببنەوە رەتکراوەتەوە.
تاکە جیاکارییەک کە لەوانەیە هەڵوێستی ئاتلێتیکۆ بگۆڕێت، یانەی ئارسیناڵە. تۆپچییەکان دەتوانن ڤیکتۆر یۆکێرێش بخەنە ناو گرێبەستەکەوە، لەگەڵ بڕە پارەیەکی زۆر، ئەمەش هاوکێشەیەکە کە لای بڕیاردەرانی ئاتلێتیکۆ مەدرید پەسەندە. وا دیارە بارسێلۆناش هەست بە قەبارەی ئەو سەختییانە دەکات کە دەوری گرێبەستەکەیان داوە، بۆیە دەستیان بە گفتوگۆ لەگەڵ ئەستێرەی نێودەوڵەتی هاری کەین کردووە.




