رووداو دیجیتاڵ
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید، بەنیازە دۆسیەی نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینیسیۆس جونیۆری بەرازیلی راستەوخۆ دوای کۆتاییهاتنی مۆندیالی 2026 یەکلایی بکاتەوە. ئاستە ناوازەکەی ئەم ئەستێرەیە لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، یانە شاهانەکەی گەیاندووەتە ئەو بڕوایەی کە ناتوانرێت دەستبەرداری یەکێک لە گرنگترین سامانەکانی ببێت، ئەمەش وایکردووە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی ببێتە لەپێشینەی کارەکان تەنانەت پێش هەر گرێبەستێکی دیکەی گەورە.
ماڵپەڕی دیفێنسا سێنتڕاڵ، کە نزیکە لە ریال مەدرید، بڵاویکردەوە کە گوتەی "ئەگەر ڤینیسیۆس پێشتر یاریزانی ئێمە نەبووایە، هەوڵمان دەدا بیکڕین" لە نێوان بەرپرسانی ریال مەدریددا زۆر دووبارە دەبێتەوە کاتێک باسی داهاتووی ئەم یاریزانە بەرازیلییە دەکەن، کە بووەتە یەکێک لە ئەستێرە بێڕکابەرەکانی مۆندیالی ئێستا.
ماڵپەڕەکە لە سەرچاوە نزیکەکانی یانە شاهانەکەوە گواستوویەتییەوە کە پێرێز بڕیاری داوە نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینیسیۆس بخاتە پێش هەوڵەکان بۆ هەر گرێبەستێکی دیکەی گەورە، چ جولیان ئەلڤارێز بێت یان ئۆلیسی بەبڕی 150 یان 200 ملیۆن يۆرۆ؛ ئاماژەی بەوەش کردووە کە "یەکەم گرێبەست لەگەڵ ڤینیسیۆس دەبێت".
لە گۆڕانکارییەکی بەرچاودا، ریال مەدرید هەڵوێستی خۆی گۆڕی؛ لە هەڵوێستێکی تووندەوە کە چەند رۆژێک لەمەوبەر هەیبوو، بۆ بیرکردنەوە لە پێشکەشکردنی پێشنیازێکی دارایی باشتر بۆ یاریزانەکە، هەرچەندە ناگاتە ئەو بڕە پارەیەی کە بەڕێوەبەری کارەکانی داوای کردبوو (کە دەیویست مووچەکەی هاوتای ئێمباپێ بێت). یانەکە ئامادەیە نەرمی بنوێنێت وەک نیازپاکییەک بەرامبەر یاریزانەکە، بەو هیوایەی ئەویش هەندێک نەرمی بنوێنێت.
پێرێز پێشتر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی ئێل پاییس گوتبووی "زۆر هیوادارم ڤینیسیۆس بۆ هەمیشە لای ئێمە بمێنێتەوە. ئەو لە دوو وەرزی رابردوودا رێبەرایەتی کردین بۆ بردنەوەی خولی یانە پاڵەوانەکان و پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی لەگەڵ یانەکە هەیە". هەروەها گوتیشی "ئەگەر نەیویست لە مەدرید بمێنێتەوە و ویستی بچێتە تیپێکی دیکە، ئازادە. من ناچاری هیچ شتێکی ناکەم. پارە گرنگترین شت نییە".
لەلایەکی دیکەوە، ڤینیسیۆس جەختی لە ئارەزووی زۆری خۆی بۆ مانەوە کردووەتەوە و چەند مانگێک لەمەوبەر گوتی "دەمەوێت تەواوی ژیانم لێرە بمێنمەوە. گرێبەستم تاوەکو ساڵی 2027 هەیە و دەبێت لەگەڵ ریال مەدرید قسە بکەم. سەرۆک متمانەی بە من هەیە و منیش متمانەم پێیەتی. دەبێت چاوەڕێ بکەین". بەڵام تێپەڕبوونی کات بێ یەکلاییکردنەوەی ئەم بابەتە، بووەتە هۆی نیگەرانی هاندەرانی یانە شاهانەکە.
ئەگەر شتەکان بەپێی پلانی سەرۆکی یانەکە بڕۆن، ڤینیسیۆس راستەوخۆ دوای مۆندیال گرێبەستەکەی نوێ دەکاتەوە، لەگەڵ هەموارکردنی ئەو پێشنیازەی چەند مانگێک لەمەوبەر بۆی کرابوو. ئەمەش وەک ئاماژەیەک دەبێت بۆ ئەوەی کە ئەو یاریزانێکی زۆر بەهادارە لە یانەکەدا،و چاوەڕوان دەکرێت ئەمە بەس بێت بۆ گەیشتنە رێککەوتنێک کە هەردوولا رازی بکات.




