رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە، یانەی ریال مەدرید رووداوێکی مێژوویی بەخۆوە دەبینێت، کاتێک ئەندامانی دەنگدەری یانەکە، روو لە سندوقی دەنگدان دەکەن، بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکی داهاتووی یانەکە بۆ چوار ساڵی داهاتوو.
هەڵبژاردنەکە یەکەمجارە لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا ئەنجامدەدرێت، پاشئەوەی ژمارەی بەربژێرانی سەرۆکایەتی یانەکە، بوونە زیاتر لە یەک کەس.
لە ساڵی 2009ەوە کە فلۆرێنتینۆ پێرێز بۆ جاری دووەم، سەرۆکایەتی یانەکەی وەرگرتەوە، لە هیچ هەڵبژاردنێکدا، جگە لەخۆی کەس بەربژێری ئەو پۆستە نەبوو، هەربۆیە هەڵبژاردنەوەی سەرۆکی یانەکە، بەزۆرینەی دەنگ ئەنجامدەدرا.
ئەمجارە، هەریەکە لە فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ئێستای یانەکە و ئینریکێ ریکێلمی، سەرمایەداری ئیسپانی، رکابەریی لەسەر بەدەستهێنانی کورسی سەرۆکایەتی یانەکە دەکەن.
ریکێلمی بەربەستە قورسەکانی بڕی
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یانەی ریال مەدرید، پڕۆسەی خۆبەربژێرکردن بۆ سەرۆکایەتی یانەکە بۆ هەمووان بەردەست نییە، چونکە بەربژێر دەبێ کۆمەڵێک مەرجی سەرەکی و قورسی تێدابێت، تاوەکو بتوانێت ببێتە بەربژێری سەرۆکایەتی یانەکە.
بەربژێربوون بۆ سەرۆکایەتی ریال مەدرید، پێویستی بەدەستەبەربوونی چوار مەرجی سەرەکی هەیە، یەکەمیان بەربژێر دەبێ خاوەن وڵاتینامەی ئیسپانیا بێت، دووەم لەسەرووی 18 ساڵەوە بێت. سێیەمیان بریتییە لەوەی لانیکەم بۆ ماوەی 20 ساڵ، ئەندامی کارای یانەکە بووبێت و هاوبەشی موڵکایەتی یانەکە بووبێت بۆ ماوەی دوو دەیە.
قورسترین مەرجی بەربژێربوون بۆ سەرۆکایەتی یانەکە، ئەو مەرجەیە کە پێویستی دەکات لەسەر بەربژێر، دەستەبەری ئەوە بداتە یانەکە کە توانای دارایی 15 لەسەدی بودجەی یانەکەی هەیە.
ئینریکێ کە لە بواری وزەی نوێبووەوەدا کاردەکات، توانی مەرجە قورسەکە دابین بکات، پاشئەوەی بەبەڵگە سەلماندی بایی 193،7 ملیۆن یۆرۆ، ماڵوموڵکی هەیە.
شێوازی دەنگدان
بەپێچەوانەی زۆر یانەی دیکەی ئەورووپاوە، ریال مەدرید سیستمی دەنگدانی گشتیی و راستەوخۆ لە دەستنیشانکردنی سەرۆکی نوێی یانەکەدا پەیڕەو دەکات.
لە کۆی 100 هەزار ئەندامی یانەکە، زیاتر لە 70 هەزار ئەندام لە هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆدا مافی دەنگدانیان هەیە. دەنگدانەکە کاژێر 9ی بەیانی دەستپێدەکات و هەشتی ئێوارە بەکاتی ناوخۆی ئیسپانیا کۆتایی دێت.
دەنگدان لە بارەگای مەشقەکانی یانەکە ئەنجامدەدرێت.
مافی دەنگدان تەنیا بۆ ئەو ئەندامانەی یانەکە بەردەستە کە زیاتر لە ساڵێکە ئەندامن و تەمەنیان لەسەرووی 18 ساڵەوەیە.
کێ دەبێتە سەرۆک؟
بەپێی سیستمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی یانەکە، بەربژێر بۆ بوون بەسەرۆکی یانەکە، ئەوەندەی بەسە کە زۆرینەی دەنگ بەدەست بهێنێت، جا بەهەر جیاوازییەک بێت لە رکابەرەکانی. بەوەش خاوەن زۆرترین دەنگی هەڵبژاردن، بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەبێتە سەرۆکی یانەکە و هیچ رێژەیەک دەستنیشان نەکراوە بۆ بەربژێر، هەربۆیە لە یەک گەڕی دەنگداندا، سەرۆکی نوێی یانەکە هەڵدەبژێردرێت.
بەڵێنەکانی هەڵبژاردن
لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆکایەتیی یانەکەدا، هەردوو بەربژێر بەڵێنی زۆریان بەدەنگدەران و باشترکردنی دۆخی یانەکەدا، پاشئەوەی تیپی تۆپی پێی یانەکە، لە دوو وەرزی لەسەریەکدا، بەبێ نازناو لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان هاتە دەرەوە.
ئینریکێ ریکێلمی بەڵێنی پەیڕەوکردنی پلانێکی تەواوی بۆ داڕشتنەوەی پەیکەربەندیی یانەکە داوە کە بریتییە لە دەستنیشانکردنی راول گۆنزالێسی ئەفسانەی پێشووی یانەکە بەبەڕێوەبەری وەرزشی.
هەروەها دەستنیشانکردنی فێرناندۆ هێرۆ بە سەرۆکی ئەکادیمیای لاوانی یانەکە و هێنانی ئێرلینگ هالاند و رۆدری بۆ پێکهاتەی تیپەکە و دەستنیشانکردنی یۆرگن کڵۆپ بە راهێنەری داهاتوو.
لە بەرامبەردا فلۆرێنتینۆ پێرێز، رێکەوتنی لەگەڵ جۆزێ مۆرینیۆ کردووە بۆ مەشقدانی یانەکە بۆ دوو ساڵی داهاتوو، لەگەڵ گرێبەستکردن لەگەڵ ئیبراهیما کۆناتێ و دینزل دۆمفرێس و بەڵێنیداوە کە دەستەوارەیەکی 150 ملیۆن یۆرۆیی بداتە یاریزانێکی ئەستێرە لەپێناو یارییکردن بۆ ریال مەدرید.




