رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی یانەی ریال مەدرید دەچێتە قۆناخی گورزە قورسەکانەوە؛ بەڵێنی ملیاری هەن و ئەفسانەکان لەپێشەوەن.
گەیشتینە ساتی یەکلاکەرەوە لە هەڵبژاردنەکاندا. ئەو ناوانەی کە ئینریکێ ریکێلمی و فلۆرێنتینۆ پێرێز بۆ پشتگیریکردنی پڕۆژەکانیان ئاشکرایان کردن، سیماکانی هەڵمەتێکیان کێشا کە بە ئارامییەکی رێژەیی دەستیپێکرد، پێش ئەوەی لە رۆژانی کۆتاییدا بگۆڕێت بۆ ململانێیەکی گەرم و گوڕ.
تەنیا لە ماوەی پێنج رۆژدا، هەردوو کاندیدەکە سەرکەوتوو بوون لە کۆکردنەوەی کۆمەڵێک لە دیارترین ناوەکانی پەیوەست بە ریال مەدرید و تۆپی پێی جیهانی، چ لەسەر ئاستی کارگێڕی، هونەری یان لە ناو لاکێشەی سەوزدا، بەئامانجی بەدەستهێنانی پشتگیری ئەندامانی یانەکە. بەگشتی دەرکەوتنی 13 ناو بوو بە خاڵێکی وەرچەرخانی راستەقینە کە دیمەنی هەڵبژاردنەکەی بەتەواوی دووبارە کێشایەوە.
وەک ئەوەی یارییەکی یەکلاکەرەوەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بێت، ئینریکێ ریکێلمی و فلۆرێنتینۆ پێرێز هەڵمەتی هەڵبژاردنیان بەوریاییەکی زۆرەوە دەست پێکرد، کە تێیدا هەر لایەنێک هەوڵی دەدا نەبزی ئەوی دیکە بپێوێت.
رۆژانی یەکەم بە ئاڵوگۆڕکردنی رەخنە و تۆمەتەکان جیاکرایەوە، لەگەڵ هەندێک پێشنیازی سەرنجڕاکێش، وەک پڕۆژەی 'شاری ئەندامان' کە ریکیلمێ لە سەرەتای هەڵمەتەکەیدا رایگەیاند، ئەمەش بگوێرەی ئەوەی رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە.
لە بەرامبەردا، فلۆرێنتینۆ پێرێز وریایی هەڵبژارد و وەک تیپێک مامەڵەی دەکرد کە بەرگری لە پێشکەوتنێکی روون دەکات. لە سەرەتادا تەنیا بە هەڵمەتە ییکلامییە تەقلیدییەکەی و وتارە هێرشبەرییەکەی وازی هێنا، کە تێیدا رکابەرەکەی بەوە وەسف کرد کە دەیەوێت یانەکە بگەڕێنێتەوە بۆ 'سەردەمی شوومی کالدیرۆن'، بێئەوەی کارتە سەرەکییەکانی خۆی ئاشکرا بکات.
راول و هیێرۆ.. ئەو سەرەتایەی کە کێبڕکێیەکەی گەرم کرد
هەموو شتێک گۆڕا لەگەڵ دەرکەوتنی یەکەم ناو. ریکێلمی یەکەم کەس بوو کە پەیوەندیکردنی کەسایەتییەکی دیاری بۆ پڕۆژەکەی راگەیاند، ئەمەش بەشێوەیەکی دەنگدانەوەدار بوو کاتێک رایگەیاند کە راول گۆنزالێس وەک بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە دادەمەزرێنێت. لە یەکی حوزەیراندا، کاپتنە مێژووییەکەی ریال مەدرید بوو بە یەکەم ناوی گەورە کە بەفەرمی چووە ناو جەنگی هەڵبژاردنەکانەوە.
بەم راگەیاندنە، ریکێلمی ئەو گوڕ و تینەی بە هەڵمەتەکەی بەخشی کە جەماوەر و میدیاکان چاوەڕێیان دەکرد. ئەم بازرگانە ئیسپانییە هۆکاری هەڵبژاردنەکەی روونکردەوە و گوتی: "لە ژێر رۆشنایی دۆخی ئێستای یانەکەدا، ئێمە پێویستمان بە گەڕانەوەیە بۆ ئەو بەهایانەی کە ریال مەدریدیان دروست کردووە. دەبێت یەکێک لە ئەفسانەکانی یانەکە لەگەڵ کۆمەڵێک کەسی پرۆفیشناڵ سەرکردایەتی پڕۆژەکە بکات. کەس وەک راول شارەزای ریال مەدرید نییە، ئەو گونجاوترین کەسە بۆ سەرکردایەتیکردنی ئەم پڕۆژە وەرزشییە".
بابەتەکە لێرەدا نەوەستا، چونکە راستەوخۆ دوای ئەوە دامەزراندنی فێرناندۆ هیێرۆی وەک بەڕێوەبەری ئەکادیمیای لاوان (لا فابریکا) راگەیاند، بەمەش یەکەم تیمی سەرکردایەتی لە پڕۆژەی هەڵبژاردنەکەیدا تەواو بوو.




