رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، خەڵاتی 'شازادە ئەستۆریاس'ـی بۆ ساڵی 2026 بەدەستهێنا، کە لەلایەن دامەزراوەی شازادە ئەستۆریاسەوە دەبەخشرێت، ئەمەش تەنیا چەند رۆژێک پێش دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیال.
مێسی خۆی ئامادە دەکات بۆ سەرکردایەتیکردنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەمەبەستی بەرگریکردن لە نازناوی مۆندیال، کە بۆ یەکەمجار لە کاروانی وەرزشییدا لە ساڵی 2022 لە قەتەر بەدەستیهێنا. بڕیارە جامی جیهانی کە لە وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت، لە 11ـی ئەم مانگە دەستپێبکات و لە 19ـی تەمموز کۆتایی بێت.
لە لایەکی دیکەوە، رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ ئاماژەی بەوە کردووە کە 27 کاندید لە 12 وڵاتی جیاوازەوە کێبڕکێیان لەسەر خەڵاتی شازادە ئەستۆریاس کردووە، پێش ئەوەی ئەفسانەکەی بارسێلۆنا ئەمڕۆ چوارشەممە خەڵاتەکە بباتەوە.
خەڵاتی شازادەی ئەستۆریاس یەکێکە لە خەڵاتە بەناوبانگەکانی ئەورووپا و ئیسپانیا، ساڵانە پێشکەش بە تاکەکان یان دامەزراوەکان دەکرێت وەک رێزلێنانێک بۆ دەستکەوتە ناوازەکان لە سەرانسەری جیهاندا لە چەندین بواردا: هونەر، ئەدەب، زانستە کۆمەڵایەتییەکان، پەیوەندی و زانستە مرۆییەکان، توێژینەوەی زانستی و تەکنەلۆژیا، هاوکاری نێودەوڵەتی و وەرزش.
لیژنەی دادوەری کە لەلایەن مەلەوان تێریزا پیرالیسەوە سەرۆکایەتی دەکرا و سانتی نۆلا، بەڕێوەبەری گشتی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ تێیدا ئەندام بوو، لیۆنێل مێسییان وەک براوەی خەڵاتی ساڵی 2026 لە نێوان هەموو کاندیدەکاندا هەڵبژارد.
بەگوێرەی رۆژنامە کەتەلۆنییەکە، ئەم یاریزانە ئەرجەنتینییە کە خاوەنی ژمارەی پێوانەییە لە زۆرترین نازناو لە مێژووی تۆپی پێدا، نەک تەنیا بۆ بەهرە و کاروانی وەرزشییە ناوازەکەی، بەڵکو بۆ هەوڵە خێرخوازییە بەردەوامەکانی لە رەخساندنی هەلی خوێندن و چاودێریی تەندروستی بۆ ئەو منداڵانەی کە بێبەشن و لە بارودۆخێکی سەختدان هەڵبژێردراوە.
لیۆنێل مێسی رێزی هەموو هاندەرانی تۆپی پێی بەدەستهێناوە، نەک تەنیا بۆ ئەوەی لە ناو یاریگادا پێشکەشی کردووە، بەڵکو بۆ ئەو شوێنپەنجەیەی کە جێیهێشتووە و ئەو کاروانە ئەفسانەییەی کە لەسەر بنەمای "بەردەوامی، سادەیی و پابەندبوون بە گیانی تیم" بونیادی ناوە.
مێسی لەگەڵ بارسێلۆنا خاوەنی چوار نازناوی چامپیۆنزلیگ، دە نازناوی خولی ئیسپانی، حەوت جامی شای ئیسپانیا، سێ جامی جیهانی یانەکان، سێ جامی سوپەری ئەورووپا و هەشت جامی سوپەری ئیسپانیایە. دوای ئەوە لەنێوان ساڵانی 2021 بۆ 2026 بۆ یانەی پاریس سانجێرمان یاری کرد، پاشان پەیوەندی بە ئینتەرمەیامییەوە کرد کە تاوەکو ئێستا چوار وەرزی لێ بەسەربردووە.
ساڵی رابردوو سێرینا ویلیامزی یاریزانی تێنسی ئەمریکی ئەم خەڵاتەی بردەوە، دوای ئەوەی 23 نازناوی گراند سلام و 4 مەدالیای زێڕی ئۆڵۆمپیی بەدەستهێنابوو. هەروەها کارۆلینا مارین، پاڵەوانی ئۆڵۆمپی و جیهان لە یاریی بادمینتۆن، لە ساڵی 2024 خەڵاتەکەی پێدرا، لەکاتێکدا ئەلیۆد کیپچۆگی راکەری کینی لە ساڵی 2023 بەدەستیهێنا.
هەرچەندە ئەم خەڵاتە لەساڵی 1987ـەوە دەستیپێکردووە، بەڵام یاریی تۆپی پێ تەنیا 4 جار بەدەستیهێناوە کە بریتین لە: هەڵبژاردەی بەرازیل 2002، هەڵبژاردەی ئیسپانیا 2010، هەروەها ئیکەر کاسیاس و چاڤی هێرناندێز بەهاوبەشی لە 2012، و دواجار نۆرەی مێسی هات لە ساڵی 2026.
ئاهەنگی فەرمی خەڵاتکردن لە مانگی ئۆکتۆبەری داهاتوو لە شانۆی کامپۆئامۆر لە ئۆڤیدۆی ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت، لە ئاهەنگێکی گەورەدا بە ئامادەبوونی خێزانی شاهانەی ئیسپانیا.




