گەڕی سێیەمی پرێمەرلیگ بە یارییەکی ئاگرین دەستپێدەکات

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئارسیناڵ برایتن پرێمەرلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گەری سێیەمی پرێمەرلیگە و برایتن دەیەوێت بچێتە پلەی یەکەمی پرێمەرلیگ، ئەگەر بەشێوەیەکی کاتیش بێت، ئەو تیپەی فابیان هورزێلەر حەزدەکات بۆنی پێشەنگایەتی پرێمەرلیگ بکات، بەڵام چۆن و کەی؟ لە کاتێکدا دەبێتە میوانی ئارسیناڵ لەنێو ئیماراتدا؟.
 
برایتن 6 خاڵی هەیە و ئێستا بەجیاوازی تەنیا گۆڵێک لەدوای مانچێستەر سیتی، پلەی دووەمی ریزبەندیی گرتووە، بەڵام ئارسیناڵیش هەر لە سەرەتای وەرزەوە تواناکانی خۆی سەلماندووە، کە بەئاسانی لە وۆلڤێرهامپتن بردووەتەوە و پێشتریش تۆڵەی خۆی لە ئاستۆن ڤێلا کردەوە، کە وەرزی رابردوو دووجار پێیدۆرا. 
 
گەنەرز بەسەرکردایەتی میکێل ئارتێتا، ئەمساڵ ئامانج و هیواکانی گەورەترن، چونکە دوای ئەوەی لە دوو وەرزی رابردوودا تاوەکو دوایین گەڕەکانی پرێمەرلیگ، رکابەری مان سیتی کرد، ئەمجارە نایەوێت کەمترین خاڵ لەدەستبدات، بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا پاشگەز نەبێتەوە.
 
میکێل ئارتێتا پێناچێت بۆ ئەم یارییە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە پێکهاتەکەیدا بکات، چونکە هەردوو یاریی رابردووی بە ئاستێکی بەرز و بە کەمترین هەڵە ئەنجام داوە، لەگەڵ ئەوەشدا لەوانەیە یەک دوو گۆڕانکاری بچووک بکات.
 
برایتن هیچی لە ئارسیناڵ کەمتر نییە و لە ئێڤێرتن و مانچێستەر یونایتدی بردووەتەو و ئێستا پێکهاتەی فابیان بەشێوەیەک ئامادەیە کە دەکرێت لە هەر تیپێکی پرێمەرلیگ بباتەوە، بە گەورەکانیشەوە، بۆیە دەبێت تیپی خاوەن یاریگە زۆر بەوریاییەوە بەرامبەر ئەو تیپە یاری بکەن کە هێڵێکی هێرشبردنی بەهێزی هەیە و لە دوو یارییدا 5 گۆڵیان تۆمارکردووە.
 
لە یارییەکی دیکەدا، وێستهام لەسەر یاریگای لەندەن میوانداریی مانچێستەر سیتی پاڵەوانی پرێمەرلیگ دەکات، کە ئەم یارییە ئاڵنگارییەکی گەورەیە بۆ تیپەکەی جولین لوپێتیگێ، کە لە گەڕی رابردوودا یەکەم بردنەوەی لەم وەرزەدا بەدەستهێنا و 2-0 لە کریستاڵ پاڵاس بردەوە، هەروەها لە دوایین یاریشدا وێستهام توانی سەرکەوێت بۆ قۆناخی سێیەمی جامی یەکێتیی ئینگلیزی، کاتێک بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر لە بۆرنمۆسی بردەوە. 
 
وێستهام هەوڵ دەدات ئەو تۆمارە خراپەی دابخات کە بەرامبەر مان سیتی لە پرێمەرلیگدا هەیەتی و لە دوایین 17 یارییدا نەیتوانیوە لێیبباتەوە، کە دواجار وێستهام توانی بێت لە مانچێستەر سیتی بباتەوە لە سپتێمبەری 2015 بووە.
 
مانچێستەر سیتی وەرزەکەی بە بەهێزی دەستپێکردووە و بە 6 خاڵ لە پێشەنگە، بۆیە دەیەوێت بەردەوام بێت لە سەرکەوتنەکانی، ئەگەرچی پێشبینی دەکرێت یارییەکە تووند و تیژ بێت، کە مان سیتی بەربژێرە بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵەکەی، بەڵام وێستهام هەوڵدەدات بەرگرییەکی تووند لەبەردەم هاندەرانیدا بکات.
 
یارییەکانی ئەمڕۆی پرێمەرلیگ:ـ
 
ئارسیناڵ - برایتن 14:30
برێنتفۆرد - ساوسامپتۆن 17:00
ئێڤێرتۆن - بۆرنمۆس 17:00
ئیپسویچ تاون - فولهام 17:00
لیستەر سیتی - ئاستۆن ڤیلا 17:00
نوتینگهام فۆرێست - وۆلڤێرهامپتن 17:00
وێستهام - مانچێستەر سیتی 19:30
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە