گالەری

 
رووداو دیجیتاڵ

دێربیی بادینان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لە نێوان هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ بەڕێوەچوو، دهۆک بە گۆڵێکی بێبەرامبەر یارییەکەی بردەوە و زاخۆ پلەی یەکەمی ریزبەندی لەدەستدا.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 25ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی دهۆک لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی یانەی زاخۆی کرد، یارییەکی بەهێز و سەرنجڕاکێش لەنێوان هەردوولادا بینرا، بەڵام نیوەی یەکەم هەژاندنی تۆڕ نەبینرا.
 
لە نیوەی دووەمدا، هەردوو یانە لە رکابەریکردنی یەکدی بەردەوامبوون، هێرشبەرانی هەردوو یانە چەند هێرشێکیان بردە سەر گۆڵی یەکدی و لە دوایین ساتەکانی یارییەکەدا کەریم دەروێش، بەلێدانێکی بەهێز گۆڵێکی بۆ یانەی دهۆک تۆمارکرد، یارییەکە بەو تاکە گۆڵە لە بەرژەوەندی خاوەن یاریگە کۆتاییهات.
 
دهۆک بەبردنەوەی ئەم یارییە بووە خاوەنی 37 خاڵ و بە ئەنجامدانی 5 یاریی کەمتر لە رکابەرەکانی لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولەکەیە، یانەی زاخۆ لە پلەی یەکەمەوە دابەزی بۆ پلەی سێیەم.