رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، دانیبەوەداناوە کە لیۆنێل مێسی، کاپتنی هەڵبژاردەکە ویستی بەشداریکردن لە مۆندیالی 2026ی لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا هەیە.
سکالۆنی لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەڤانیدا دەڵێ، "بەرلەهەر شت، مێسی و هەموو هاوڕێکانی دەزانن کە هێشتا کات ماوە بۆ مۆندیالی داهاتوو".
هەروەها دەڵێ، "بەڵێ بەدڵنیاییەوە ئێمە چاوەڕێدەکەین بزانین دۆخەکە چۆن دەچێتە پێشەوە و دۆخی ئەو (مێسی) لە بەرەبەری دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە چۆن دەبێت".
سکالۆنی هەروەها باسی لە گۆڕانکاری لە پێکهاتەی تانگۆی پاڵەوانی جیهان کردووە بەر لە مۆندیالی داهاتوو و دەڵێ، "ئەمە ساتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی هەل بدەینە هەندێک لە لاوەکان کە تاوەکو ئێستا هەلیان وەرنەگرتووە".
راهێنەری ئەرجەنتین هەروەها روونیدەکاتەوە، "بێگومان بناخەیەک هەیە بۆ هەڵبژاردەکە، بەڵام بیر لە لاوێک بەدیاریکراوی ناکەینەوە، ئێمە بڕوامان بەساتی گونجاو هەیە، بەرلە راگەیاندنی لیستی هەڵبژاردەکە، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکان دەکەین".
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، ساڵی 2024ی بەمانەوە لە پێشەنگی هەڵبژاردەکانی جیهان بەپێی ریزبەندی فیفا کۆتایی پێهێنا، پاشئەوەی لە 12 یاریدا 25 خاڵی کۆکردەوە و بەجیاوازیی پێنج خاڵ لە پێش هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای دووەمەوە مایەوە.
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، یەکەم یاریی خۆی لەمساڵدا لە رۆژی 19ی مانگی سێی داهاتوو بەرامبەر ئۆرۆگوای لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بەمۆندیال ئەنجامدەدات. پاش سێ رۆژ، لە یاریگەی خۆیدا رووبەڕووی بەرازیل دەبێتەوە.
لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا، ئانخێل دیماریا بەیەکجاری وازی لە یاریکردن بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین هێنا.
سکالۆنی لەبارەی ئەو ئەستێرەیەوە دەڵێ، "ئەوە قۆناخێک بوو کۆتایی هات، بەباشترین شێوە کۆتایی هات. ئەو ئەگەر بیویستایە کتێبێک لەبارەی چیرۆکی خۆیەوە بنووسێتەوە، باوەڕناکەم بیتوانیایە بەو شێوەیە سیناریۆکەی دابڕێژێت".
هەروەها دەڵێ، "دوای بیرکردنەوەیەکی درێژ بڕیاری خۆیدا، دەتوانین بڵێین بڕیارەکەی دروستبوو، لەبەرئەوەی لە لووتکەدا وازی هێنا، ئەو یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی مێژووی ئەرجەنتین".
لەبارەی ئەگەری رۆیشتن و بەجێهێشتنی مەشقدانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە 2018ەوە، سکالۆنی 46 ساڵ، دەڵێ، هەموو کەسێک خەون بەمەشقدانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینەوە دەبینێت. دووپاتیدەکاتەوە، رۆژی بەجێهێشتنی هەڵبژاردەکە، "ناخۆشترین رۆژی ژیان"ی دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ