رووداو دیجیتاڵ
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئاشکرایکرد بەهیچ شێوەیەک بیر لە کۆتایی گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید ناکاتەوە، دووپاتیکردەوە زۆر بەجۆشوخرۆشە بۆ کارەکەی.
ئەنچیلۆتی، قسەی بۆ رادیۆی 'ئانیکۆ سپۆرت'ی ئیتاڵی کردووە، دەڵێ، "مەشقدانی ریال مەدرید بۆ من چێژ و شانازییە، لێرە بردنەوە ئاسان نییە، بەڵام لە راستیدا بردنەوە لەگەڵ ریال مەدرید، لە شوێنەکانی دیکە ئاسانترە".
ئەو هەروەها دەڵێ، "دڵخۆشم و بیر لە داهاتووم ناکەمەوە، دوو ساڵ لە گرێبەستەکەم ماوە و هەموو گرێبەستێک دەکرێ نوێبکرێتەوە و دەکرێ هەڵبوەشێنرێتەوە".
ئەنچیلۆتی دووپاتیکردووەتەوە کە "کاتێک نازناوێک دەبەیتەوە، بیر لە بردنەوەی نازناوی دواتر دەکەیتەوە، بەڵام بۆ ئێمە لە ریال مەدرید نازناوی دواتر تەنیا یەک نازناو نییە، چونکە ئێمە بیر لە جامی سوپەری ئیسپانیا، چامپیۆنزلیگ و مۆندیالی یانەکانیش دەکەینەوە".
زیاتر دەڵێ، "لێرە هەرگیز ویستەکە کۆتایی نایەت و ئەوەش بۆ من مایەی دڵخۆشی و هاندانی زیاترە بۆ کارکردن".
ئەنچیلۆتی نایشارێتەوە کە ئامانجی ئەو لەگەڵ ریال مەدرید "وەک ئامانجی هەمووانە کە گەیشتنە بەیاریی کۆتایی چامپۆنزلیگ". ئاشکرایدەکات کە "رێگەکەمان ئەمساڵ ئاسان نەبوو، بەڵام دوو یارییمان ماوە تاوەکو سەربکەوین بۆ قۆناخی داهاتوو، پاشئەوە ئیدی شتی دیکە دێت".
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئاستی ناوازەی لیڤەرپوول لە وەرزی ئەمساڵی چامپیۆنزلیگ، کارلۆ ئەنچیلۆتی دەڵێ، "لیڤەرپوول تاوەکو ئێستا ئاستێکی زۆر باشی پێشكێشکردووە، بەڵام مانگەکانی سێ و چوار، ئەو مانگانەن کە دەبێ تیایاندا ئامادەبیت بۆ بردنەوە".
ریال مەدرید ئەمڕۆ دووشەممە مەشقە بەکۆمەڵەکانی خۆی لەپێناو ئامادەسازیی بۆ یاریی داهاتووی خۆی لە لالیگا بەرامبەر ڤالێنسیا دەستپێکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ