رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕی دووەمی خولی عێراقدا یانەی هەولێر توشی یەکەم دۆڕانی ئەم وەرزە بوو.
یانەی هەولێر بووە میوانی یانەی قاسم لە گەڕی دووەمی خولی عێراقدا و یارییەکەی بە ئەنجامی 2-1 پێ دۆڕاند.
یارییەکە دەستی پێکرد و هەرزوو یانەی قاسم دەستی خۆی وەشاند و لە خولەکی 14ـی یارییەکەدا لە رێگەی یاریزان پێر جیان توانی گۆڵی یەکەم تۆمار بکات. دواتر هەولێر دەستی بە هێرشکردن کرد و هەوڵی یەکسان کردنەوەی ئەنجامەکەی دا، تاکو لە خولەکی 22ـدا یاریزانی یانەی هەولێر شێرکۆ کەریم توانی لەرێگەی لێدانێکی راستەوخۆوە گۆڵێکی جوان تۆمار بکات و ئەنجامەکە بۆ هەولێر یەکسان بکاتەوە و گێمی یەکەم بە یەکسان بوون کۆتایی هات.
دواتر لە گێمی دووەمدا و لە خولەکی 64ـدا یاریزان حارس حاتەم تەنیا یەك خولەک دوای هاتنەناوەوەی بۆ یاریگە توانی گۆڵی دووەم و پێشکەوتن بۆ یانەی قاسم تۆمار بکات و یارییەکە بەو ئەنجامە کۆتایی هات و هەولێر توشی یەکەمین دۆڕانی ئەم وەرزە بوو.
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەولێر لە یاری یەکەمیدا دژی یانەی نەفت نەیتوانی سەرکەوتن بەدەستبێنێت و یارییەکە بە گۆڵێك بۆ هەردوولا کۆتایی هات و هەردوو یانە یەکسان بوون.
هەولێر لەم وەرزەدا یەکسان بوونێك و دۆڕانێکی هەیە و نەیتوانیوە هیچ بردنەوەیەك تۆمار بکات و تەنیا خاوەنی یەك خاڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ