حەکیمی دەیەوێت بگەڕێتەوە قەڵای سپی

30-05-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئەشرەف حەکیمی ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەشرەف حەکیمی، ئەستێرەی مەغریبی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، ئارەزووی جێهێشتنی یانەکەی هەیە، و دەیەوێت بگەڕێتەوە ریال مەدرید. بەڵام کۆمەڵێک بەربەست لەبەردەم رۆیشتنیدا هەن.
 
رۆژنامەکانی ئیسپانیا، باس لەوە دەکەن کە حەکیمی هەست بە ئاسوودەیی ناکات لەگەڵ کەشوهەوای تۆپی پێ و ژیان لە پایتەختی فەرەنسا.
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، حەکیمی دەیەوێت بڕوات، بەڵام زیاتر لە یەک بەربەست هەیە کە هەڕەشە لە هاتنەدی خواستی ئەستێرە مەغریبییەکە دەکەن، لەوانەش ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان، کە ماوەکەی هێشتا 3 وەرزی ماوە، بەو پێیەی لە هاوینی 2026 کۆتایی دێت.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، بەربەستێکی دیکە مووچەی گەورەی ئەستێرە مەغریبییەکە، کە ساڵانە 10 ملیۆن یۆرۆی دەستدەکەوێت.
 
ئەشرەف حەکیمی، لە هاوینی 2021 رووی لە ریزەکانی یانەی پاریسی کردووە، کە  بەرامبەر بە 60 ملیۆن یۆرۆ لە ئینتەرمیلانی ئیتاڵیا هاتبوو، و لە ماوەی دوو وەرزدا 3 نازناوی ناوخۆیی لەگەڵ یانەکەی بەدەستهێناوە.
 
حەکیمی بەم دواییە رووبەڕووی چەندین کێشە لە دەرەوە و ناوەوەی یاریگە بووەتەوە، کە لە دوو یاری لەسەریەک لە خولی فەرەنسا بە کارتی سوور دەرکرا، هەروەها تۆمەتبارکرا بە دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی فەرەنسی، ئەمەش بووە هۆی جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی.
 
بە گوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، حەکیمی خەون بە گەڕانەوە بۆ ریزەکانی ریال مەدرید دەبینێت، کە ئێستا ئەو یانەیە بەدوای شوێنگرەوەیەک دەگەڕێت بۆ دانی کارڤاخال.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەستێرە مەغریبییەکە لە چەند بۆنەیەکدا خواستی گەڕانەوەی بۆ مێرینگێ دەربڕیوە، هەروەها بەڕێوەبەری کارەکانیشی باسی لەوە کردووە، تەنانەت راهێنەری پێشووی لە ئینتەرمیلان، ئەنتۆنیۆ کۆنتیش وایگوتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە