راپۆرتی یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا لەبارەی یاریی عێراق و ئوردن

30-01-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا، لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا سەرکۆنەی ئەو رووداوانەی کرد، کە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەی عێراق و ئوردندا، کۆمەڵێک رۆژنامەڤانی عێراقی هێرشیان کردە سەر خیسوس کاساسی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق و تەنانەت یەکێکیان ویستی لێشیبدات.
 
لە یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و ئوردن، ئەیمەن حوسێن، هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق، لەلایەن ناوبژیوانەکەوە بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، ئەمەش کاردانەوەی گەورەی لەلایەن هاندەران و میدیای عێراقی دروستکرد و پێیانوایە ناوبژیوانەکە زوڵمی لە تیپەکەیان کردووە. 
 
یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت "ئێمە باوەڕمان بە رەخساندنی ژینگەیەکە کە رۆژنامەڤانان بتوانن بەشێوازێکی پیشەگەرانە رووماڵی رووداوە گرنگەکانی جامی ئاسیا بکەن."
 
لە راگەیێنراوەکەدا زیاتر هاتووە "یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا زۆر بێئومێدبوو بەو رووداوانەی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەی نێوان عێراق و ئوردن روویاندا و بڕیاریدا بە سڕکردنی ئەو کەسانەی بەرپرسیاربوون لەو رووداوە نەک تەنیا لە رووماڵکردنی جامی ئاسیا، بەڵکو لە هەموو پاڵەوانێتییەکی دیکە کە لە داهاتوودا لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی ئاسیاوە سەرپەرشتی دەکرێن."
 
یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا زیاتر دەڵێت "کاتێک ڕووبەڕووی رەفتاری تێکدەرانەی لەم شێوەیە دەبینەوە کە مەترسی لەسەر سەلامەتی مرۆڤەکان لە پاڵەوانێتییەکانماندا دروست دەکات، یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا بە خێرایی کاردەکات بۆ پاراستنی لایەنە پەیوەندیدارەکان، ناوبانگ و پیرۆزی پاڵەوانێتییەکانمان. ئێمە دڵنیاین کە وەڵامدانەوەمان بۆ ئەم رووداوە ناردنی پەیامێکی روونە کە نابێت کاری لەم جۆرە لە پاڵەوانێتییەکانماندا ئەنجامبدرێن."
 
لە کۆتایی راگەیێنراوەکەدا هاتووە "لە کاتێکدا یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا هیچ لێدوانێک لەسەر ئاستی تاکەکەسی ناوبژیوانان نادات، ئێمە بە توندی ئیدانەی هەر جۆرە هەڕەشەیەک، هەراسانکردنێک، یان ئاشکراکردنی زانیاری کەسی دەکەین کە ناوبژیوانان، یاریزانان، بەرپرسان یان هەر لایەنێکی پەیوەندیدار بکاتە ئامانج. ئەم جۆرە رەفتارانە پێچەوانەی رۆحی وەرزشی و رێزگرتنە کە ئێمە لەناو کۆمەڵگەی تۆپی پێی ئاسیادا پەرەی پێدەدەین."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە