ڤیدیۆ؛ نەورۆز یارییە پڕ رووداوە جیاوازەکەی لە دهۆک بردەوە

29-12-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن نەورۆز دهۆک خولی ئەستێرەکانی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە یارییەکی سەرنجڕاکێش و پڕ لە رووداوی جیاوازدا، یانەی نەورۆز لە یانەی دهۆکی بردەوە و سێ خاڵی دیکەی لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا بەدەستهێنا.
 
لە یارییەکی دواخراوی گەڕی دەیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، یانەی نەورۆز لە سلێمانی میوانداریی یانەی دهۆکی کرد، یارییەکە رووداوی جیاوازی بەخۆیەوە بینی و زیاتر لە 20 خولەک بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەوە راگیرا.
 
سەرەتا لە خولەکی 22 ئاسۆ رۆستەم، بەلێدانی سزا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی نەورۆز تۆمارکرد.
 
دوای 6 خولەک مەروان حوسێن، یانەی نەورۆزی بە گۆڵێکی سەرنجڕاکێش کردە خاوەنی دوو گۆڵ.
 
دوای ئەوە لێدانێکی سزا بۆ یانەی دهۆک هەژمارکرا، بەڵام کەریم دەروێش لێدانەکەی لەدەستدا و نەیتوانی ئەنجامەکە کەمبکاتەوە، بەمەش نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندی یانەی نەورۆز کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا نەورۆز هێرشەکانی بۆ سەر گۆڵی دهۆک بەردەوامبوون، لە خولەکی 58 ئەحمەد مەحموود، بۆ جاری سێیەم تۆڕی یانەی میوانی هەژاند و نەورۆزی زیاتر لە بردنەوەی یارییەکە نزیککرد.
 
رووداوە کاریگەرەکە لە خولەکی 62 بوو، کاتێک ناوبژیوان یاسین عەباس، یاریزانی یانەی نەورۆزی لە یاریگە کردە دەرەوە، یاریزانەکە لە کاتی بەجێهێشتنی یاریگەدا ئاماژەی سێی بەدەستەکانی بەرزکردەوە، وەکو ئاماژەیەک بۆ سێ گۆڵەکەی نەورۆز و دوای ئەوەش ئاماژەیەکی کرد کە گوێم لە دەنگی ئێوە نییە، ئەوە بووە هۆکاری تووڕەکردنی هاندەرانی یانەی دهۆک و دوای ئەوە لە نێو یاریگە و دەرەوەی یاریگەش گرژی و ئاڵۆزییەکی زۆر لەنێوان یاریزانان و هاندەرانی هەردوولادا روویدا و یارییەکە زیاتر لە 20 خولەک راگیرا.
 
لەو ماوەیەدا یاریزانانی یانەی دهۆک یاریگەیان بەجێهێشت و گەڕانەوە ژووری جلگۆڕین، چەند هاندەرێکیش چوونە نێو یاریگە و ناوبژیوان بە ناچاری بەردەوامیی بە راگرتنی یارییەکەدا.
 
دوای هەوڵی هەردوو یانە بۆ دەستپێکردنەوەی یارییەکە، رکابەرییەکە دەستیپێکردەوە، لە خولەکی 87 زانا عەلی، ئەنجامەکەی بۆ یانەی دهۆک کەمکردەوە و گۆڵێکی تۆمارکرد، بەڵام سوودی نەبوو و یارییەکە بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بەرژەوەندی یانەی نەورۆز کۆتاییهات.
 
نەورۆز بەم بردنەوەیە ژمارەی خاڵەکانی بۆ 11 خاڵ بەرزکردەوە و لە پلەی حەڤدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە، یانەی دهۆک لە پلەی دەیەمە بە 15 خاڵ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە