ریال مەدرید بەرامبەر یانەیەک یاری دەکات 23 ساڵە پێی نەدۆڕاوە

29-08-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید بۆ سێیەم یاریی لالیگا ئامادەیە و دەیەوێت دووەم بردنەوەی لەسەریەک لە رکابەرییەکانی خولەکەدا تۆماربکات.
 
ئەمشەو لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی لالیگادا، یانەی ریال مەدرید دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا سەرکەوتنی بەرامبەر ڤایادۆلید بەدەستهێنا، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی لاس پالماس.
 
ریال مەدرید لە دوو یاریی رابردوودا یەکسانبوونێک و بردنەوەیەکی هەیە، بۆ ئەم یارییە دەیڤد ئالابا، ئێدوارد کاماڤینگا و جود بێلینگهام بەشداری ناکەن.
 
ئەوەی لە ریال مەدرید زۆرترین چاوی لەسەرە کیلیان ئێمباپێیە، کە تاوەکو ئێستا لە لالیگادا گۆڵی نەکردووە و هاندەرانی یانەکە چاوەڕێن ئەمشەو بێدەنگی بشکێنێت و سەرکردایەتیی یانەکە بکات بۆ بردنەوەی دووەم یاریی لەسەریەک.
 
لاس پالماس لە دوو یاریی رابردوو یەکسانبوونێک و دۆڕانێکی هەیە و دەیەوێت سوود لە یاریگەی خۆی وەربگرێت بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش.
 
لاس پالماس لە 23 ساڵی رابردوودا هیچ یارییەکی لە ریال مەدرید نەبردووەتەوە و دوایین بردنەوەیان لە یانەی شاهانە لە ساڵی 2001 بوو لە یاریگەی خۆیان بە چوار گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ، کە ئەو کاتە هێشتا زینەدین زیدان، یاریزانی ریال مەدرید بوو و لە یارییەکەدا گۆڵێکی تۆمارکرد.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید رۆژێک بەر لە یارییەکە گوتی "کیلیان ئێمباپێ دوایین گۆڵی لە 14-8 تۆمارکرد، ئێستا 28ـی مانگە، کەواتە دوو هەفتەیە یاریزانەکە هیچ گۆڵێکی تۆمار نەکردووە، ئەم کاتە بەس نییە بۆ ئەوەی نیگەران بم، بۆیە ئێمە نیگەران نین، ئێوەن کە دوو دڵن، من زۆر دڵخۆشم و ئەو زۆرباشە، بەدڵنیاییەوە هاوشێوەی ڤینیسیحس لە یاری داهاتوودا دەیەوێت گۆڵ بکات، بەڵام تۆمار نەکردنی گۆڵ لە سێ یاریدا مانای ئەوە نییە دوو دڵ بین."
 
کارلۆ باسی بەهێزی لالیگا دەکات و دەڵێت "خولی ئیسپانیا ئێستا یارییەکانی بەشێوەیەکی گشتی و لە هەموو روویەکەوە رکابەرییەکی زۆری تێدایە، یارییەکە زۆرن و بەهێزن، سەرەرای بەرزی پلەکانی گەرما و ئەنجامدانی ئەم جۆرە یارییانە لەسەرەتای وەرز، بۆیە یارییەکی تووندمان هەیە، لاس پالماس تیپێکە چێژ لە یاریکردن وەردەگرێت و دەیەوێت یاری بکات، ئەمە پێشبینی منە بۆ ئەوان و ئەوە چاوەڕوانکراوە."


 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە