ئێمباپێ و شەش یاریزان لەگەڵ ریال مەدرید نابن لە ئەمریکا

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شاندی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی گەیشتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ژمارەیەک ئەستێرەی یانەکە لە گەشتەکەدا بەشداری ناکەن.
 
بەرلەبەڕێکەوتنیان بۆ ئەمریکا، کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید لیستی یاریزانانی یانەکەی بۆ گەشتەکە راگەیاند، یەکلابووەوە کە کیلیان ئێمباپێ، بەشداری لە گەشتەکەدا ناکات.
 
ریال مەدرید لە ئەمریکا کەمپی مەشق و ئامادەسازی بۆ وەرزی نوێ دەستپێدەکات و ژمارەیەک یاریی دۆستانە ئەنجامدەدات.
 
رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، ریال مەدرید یەکەم یاریی دۆستانەی خۆی بەرامبەر میلانی ئیتاڵی ئەنجامدەدات، پاشان رووبەڕووی بارسێلۆنا دەبێتەوە و دوا یارییشی بەرامبەر چێڵسی دەبێت رۆژی چوارشەممەی داهاتوو.
 
لیستە راگەیێنراوەکەی ئەنچیلۆتی، دوورخستنەوەی ژمارەیەک یاریزانی یانەکەی بەخۆوە بینی کە بەهۆکاری بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییە کیشوەرییەکان لە کەمپەکە دوورخراونەتەوە.
 
کیلیان ئێمباپێ کە هاوینی ئەمساڵ بەفەرمی بووە یاریزانی ریال مەدرید، دیارترین ئەستێرەی بەشدارینەکردوو لە کەمپەکە دەبێت.
 
ئێمباپێ لەگەڵ فەرەنسا بەشداری یۆرۆی کرد و پاش ناساندنی وەک یاریزانی نوێی ریال مەدرید، پشووی وەرگرت.
 
لیستەکەی ریال مەدرید بەشدارینەکردنی هەریەکە لە دانی کارڤاخال، جود بێلینگهام، فیدریکۆ ڤاڵڤێردی، ئۆریلیێن چوامینی، فێرلان مێندی و ئێدواردۆ کاماڤینگا بەخۆوە دەبینێت کە بەشدارییان لە کۆپا ئەمێریکا و یۆرۆدا کردووە.
 
سەرنجڕاکێش لە لیستەکەدا بوونی هەریەکە لە ئیندریکی هێرشبەری نوێی یانەکەیە کە وێڕای بەشداریکردنی لە کۆپا ئەمێریکا، بەڵام لەگەڵ یانەکەدا گەشتی ئەمریکای کردووە.
 
پێشبینیکراوە لە رۆژانی داهاتووشدا هەریەکە لە فران گۆنزالێس، جاکۆبۆ رامۆن، ڤینیسیۆس جۆنیۆر و رۆدریگۆ پەیوەندی بەشاندی یانەکەوە بکەن لە ئەمریکا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە