ئەمشەو ئاتلێتیکۆ مەدرید بەبێئومێدییەوە لە سان مامیس دەردەکەوێت

29-02-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن جامی شای ئیسپانیا ئاتلێتیک بیلباو ئاتلێتیكۆ مه‌درید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لەپێناو گەیشتن بە یاریی کۆتایی ژمارە 40 لە مێژووی جامی شای ئیسپانیا، ئاتلێتیک بیلباو کە لە یاریی چووندا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی نیوەی رێگەی بڕیوە، رووبەڕووبوونەوەی ریال ماریۆکای لە یاریی کۆتاییدا، کردووەتە ئامانج.
 
بیلباو کە ئەمساڵ لەگەڵ ئێرنێستۆ ڤاڵڤێردیدا بەشێک لە درەوشانەوە و شکۆی خۆی بەدەستهێناوەتەوە، دەیەوێت لە کۆتایی وەرزدا یەکێک بێت لە براوەکانی دوو نازناوە نێوخۆییەکەی ئیسپانیا، پاشئەوەی نەیتوانی لە پێشبڕکێی لالیگادا تا دوا هەنگاوەکان بڕوات.
 
بیلباو ئەمشەو لە ئانوێتا و بەپشتگیری هاندەرەکانی بەدوای پەڕینەوە بۆ دوا وێستگەی جامەکەدا دەگەڕێت، پشتقایمە بەوەی لە یاریی چووندا بەگۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا و ئاتلێتیکۆ مەدریدی دووچاری سەرئێشە و رووگیرییەکی گەورەکرد لەبەردەم هاندەرەکانیدا.
 
جامی شا، مەیدانێکی باشی قەرەبووکردنەوە دەبێت نەک تەنیا بۆ بیلباو، بەڵکو بۆ ئاتلێتیکۆ مەدریدیش، بەڵام تیپەکەی دیێگۆ سیمیۆنی بە شکست لە یاریی چووندا رێگەی خۆی بۆ گەیشتنە فایناڵ ئاڵۆز کرد و ئەمشەو وەک ئەو راهێنەرەش ئاماژەی پێداوە، پێویستیان بەدووهێندە خۆماندووکردن هەیە لەپێناو پەڕینەوەدا.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید، بەپێی لێکدانەوەکانی پێش یارییەکە و نائامادەیی یاریزانە سەرەکییەکانی، هەلی بردنەوەی یارییەکە و سەرکەوتنی لاوازە، بەتایبەت کە کاریگەرترین یاریزانی تیپەکە کە ئانتوان گریزمانە، بەشداری لە یارییەکەی ئەمشەودا ناکات و لەگەڵیدا سێ یاریزانی دیکەش گومان لە دەرکەوتنیان لە یارییەکەدا هەیە.
 
ئەگەرچی پێدەچێ کەشی بێئومێدی بەسەر ئاتلێتیکۆ مەدریدا زاڵ بێت، بەهۆی شکست لە یاریی چوون بەگۆڵێکی بێبەرامبەر و ئامادەنەبوونی ژمارەیەک یاریزانی کاریگەری تیپەکە، بەڵام ئەو تیپە پاش بێئومێدبوون لە نازناوی لالیگای ئەمساڵ و زەحمەتیی بەردەوامبوون لە چامپیۆنزلیگ بەهۆی بەرکەوتنی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی، دەکرێ هەموو سەرنج و تواناکانی خۆی لە یارییەکەی ئەمشەودا چڕ بکاتەوە لەپێناو کۆتایی نەهێنان بەوەرزەکە بەدەستبەتاڵی.
 
دیێگۆ سیمۆنی، پێشتر پێشانیداوە کە دەزانێ چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخە قورسەکاندا بکات و بەئەنجامی باشەوە لە ساتە هەستیارەکان بێتە دەرەوە و ئەمشەویش پێویستی بەدووبارەکردنەوەی دۆخێکی لەو شێوەیە هەیە تاوەکو جارێکی دیکە خۆی لە فایناڵی ئەو جامی شایەدا ببینێتەوە کە پێشتر دە جار نازناوەکەی بەدەستهێناوە.
 
ڤاڵڤێردی گەشبینە
 
ئێرنێستۆ ڤاڵڤێردی، لەبارەی یارییەکەوە دەڵێ، "راستە بەئەنجام ئێمە لە پێشەوەین، بەڵام ئەمە مانای یەکلابوونەوەی هەموو شت نییە".
 
ئەو راهێنەرە زیاتر دەڵێ "جیاوازییەکە گەورە نییە، چونکە پێویستمان بە یارییەکی دیکە هەیە. دەبێ وا یاریی بکەین کە یاریی پێشوو یەکسانبووین".
 
لەبارەی ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە ئەو راهێنەرە دەڵێ، "ئەوان تیپێکی ناوازەن و بەردەوام هەوڵی بردنەوە دەدەن و باش بەرگری دەکەن
پێشبینیدەکەم ئەوان یارییەکی بەهێز ئەنجام بدەن و بەهێزەوە دەربکەون".
 
 
سیمیۆنی چی گوتووە؟
 
دیێگۆ سیمیۆنی لەبارەی یارییەکەوە گوتوویەتی، "هەندێکجار ئەوەی ئاواتی بۆ دەخوازیت روودەدات".
ئەو راهێنەرە پێشبینیدەکات، "هاندەران شانۆیەکی گەورە دروستدەکەن، چونکە بەتووندی پشتگیری تیپەکەیان دەکەن و یاریزانی زۆر باشیان هەیە".
سیمیۆنی زیاتر دەڵێ، "تەنیا چاوەڕێی یارییەکی تووند دەکەم. ئەرکی ئێمە ئەوەیە دوو گۆڵ زیاتر لە رکابەرەکەمان تۆمار بکەین
ئاتلێتیکۆ مەدرید ئامادەیە بۆ لەئەستۆگرتنی ئەوەی لە یارییەکەدا لێمان داواکراوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە