بڕیارێکی چاوەڕوەننەکراو لەبارەی سکاڵاکەی سێڤییا لە دژی ریال مەدرید

28-02-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
لیژنەی تەمبێکاری بڕیاری کۆتایی لەسەر داواکەی سێڤییا بەرامبەر ریال مەدرید دەدات، کە لەبارەی تەلەڤزیۆنی فەرمی ریال مەدرید لەسەر ئەو یانەیە تۆماریکردبوو. 
 
بابەتی رەخنەگرتن لە ناوبژیوانان لەلایەن تەلەڤزیۆنی یانەی ریال مەدریدەوە ماوەیەکی زۆرە لە میدیاکان بڵاوبووەتەوە و زۆر لە یانەکان ناڕەزایەتییان لەو بارەیەوە نیشانداوە و باسیان لەوە کردووە کە ئەو کارە دەبێتە هۆی گوشاردروستکردن لەسەر ناوبژیوانان. رۆژی شەممە، 24-2-2024، یانەی سێڤییا رایگەیاند کە سکاڵای فەرمییان لە دژی ڤیدیۆیەکی تەلەڤزیۆنی یانەی ریال مەدرید تۆمارکردووە کە تێیدا کەناڵەکە هێرش دەکاتە سەر ناوبژیوانانی یارییەکەی ریال مەدرید و سێڤییا لە گەڕی 26ـی لالیگا، کە دواتر یانە مەدریدییەکە بە گۆڵێکی بێوەڵام سەرکەوتنی تێدا بەدەستهێنا. 
 
بەپێی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، لیژنەی تەمبێکاری بڕیاریداوە لێکۆڵینەوە لەبارەی داواکەی سێڤییاوە نەکات و هیچ کردارێک بەرامبەر ریال مەدرید ئەنجامنەدات، چونکە بەڵگەنامەکانی سێڤییا ئاماژە بەو یاسایەنە ناکەن کە گوایە یانە مەدریدییەکە شکاندوونی.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە خاڤیێر تێباسی سەرۆکی لالیگا، لە رابردوودا چەند جارێک ناڕەزایەتی خۆی لەبارەی ئەو ڤیدیۆیانەی تەلەڤزیۆنی ریال مەدریدەوە پیشانداوە کە تێیدا هێرش دەکەنە سەر ناوبژیوانان، لە ماوەی رابردوودا هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە کە دەستەی لالیگا بڕیاریدابوو کە ئەگەر لیژنەکە دەست بە لێکۆڵینەوە بکات ئەوا پشتی سێڤییا بگرێت و لە دژی ریال مەدرید بوەستێتەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە