ڤیدیۆ؛ هالاند هەموو جیهان شۆک دەکات

28-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ئێرلینگ هالاند
ئێرلینگ هالاند
نیشانەکردن ئێرلینگ هالاند مانچێستەر سیتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی هەموو جیهان شۆک دەکات و لە یەک یارییدا 5 گۆڵی تۆمارکرد و یانەکەی گەیاندە قۆناخی داهاتووی جامی ئێف ئەی کەپ.
 
لە رکابەرییەکانی قۆناخی پێنجەمی جامی ئینگلتەرا، مانچێستەر سیتی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی لوتن تاون یارییکرد، سەرکەوتنی مانچێستەر سیتی لە یارییەکەدا چاوەڕوانکراوبوو، بەڵام هالاند دوور لە هەموو چاوەڕوانییەکان دەرکەوت و لە یارییەکەدا مێگا هاتریکی تۆمارکرد.
 
دوای تەنیا سێ خولەک یارییکردن، هالاند بە ئاسیستی کیڤن دیبرۆین گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 17 دیبرۆین ئاسیستێکی دیکەی کرد و هالاند گۆڵی دووەمی تۆمارکرد.
 
پێشکۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم، دیبرۆین تۆپێکی دیکەی گەیاندە هالاند، ئەستێرە نەرویجییەکە بووە خاوەنی هاتریک و بۆ جاری سێیەم تۆڕی یانەی لوتن تاونی هەژاند.
 
لە خولەکی 44 جۆردان کلارک بەلێدانێکی بەهێز گۆڵێکی بۆ یانەی لوتن تاون تۆمارکرد و ئەنجامەکەی کەمکردەوە، نیوەی یەکەم بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بۆ مان سیتی کۆتاییهات.
 
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا و لە خولەکی 51 جۆردان کلارک گۆڵی دووەمی خۆی و لوتنی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی بۆ یەک گۆڵ کەمکردەوە.
 
دوای سێ خولەک، دیبرۆین چوارەم ئاسیستی بۆ هالاند کرد و مان سیتی بووە خاوەنی گۆڵی چوارەم.
 
لە خولەکی 57 بێرناردۆ سیلڤا تۆپێکی جوانی دایە هالاند، ئێرلینگی گۆڵی پێنجەمی خۆی و مانچێستەر سیتی لە یارییەکەدا تۆمارکرد و بووە خاوەنی مێگا هاتریک.
 
دوای ئەوە ماتیۆ کۆڤاچیچ بەلێدانێکی بەهێز گۆڵی شەشەمی تۆمارکرد، مانچێستەر سیتی 6-2 یارییەکەی بردەوە و گەیشتە قۆناخی چوارەمی جامی ئێف ئەی کەپ.

 

سەرنجڕاکێش و جیاواز




دوای ئەم 5 گۆڵەی بەرامبەر لوتن تاون تۆماریکردن، هالاند جاری دووەمە بەدرێسی مانچێستەر سیتییەوە لە یەک یارییدا 5 گۆڵ تۆمار دەکات، پێشتر بەرامبەر یانەی لایپزیگ لە چامپیۆنزلیگدا ئەو کارەی کردبوو.
 
هێرشبەرە 23 ساڵەکە لە کاروانی یارییکردنیدا 20 هاتریکی تۆمارکردووە، 8 هاتریکی بەدرێسی مانچێستەر سیتییەوە تۆمارکردووە.
 
لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە، کە بەر لە یارییەکەی بەرامبەر لوتن تاون، هالاند پێشتر بەرامبەر ئەو یانەیە یاریی نەکردبوو و تاکە یانەبوو هێرشبەرە نەرویجییەکە گۆڵی لێنەکردبوو، بەڵام لە یەک یاریی بەرامبەر ئەو یانەیە لە 58 خولەکدا 5 گۆڵی تۆمارکرد.
 
دوای بردنەوە مێژووییەکەی مانچێستەر سیتی و تۆمارکردنی 5 گۆڵ لە یارییەکەدا، ئێرلینگ هالاند گوتی "دوای گەڕانەوەی دیبرۆین، ئێستا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو رکابەرەکان ئامادەین."



 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە