رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی ئیسپانی ناوی ئەو یاریزانە دەخاتەڕوو کە یانەی ریال مەدرید بەتەمای گواستنەوەیەتی و دەکرێت تاکە گواستنەوەی یانەکە بێت بۆ وەرزی داهاتوو.
یانەی ریال مەدرید وەرزێکی یەکجار سەخت بەڕێدەکات و ئەو یانەیە لە چەند بەرەیەکەوە لە جەنگدایە، ریال مەدرید ئەم وەرزە لە 7 پاڵەوانێتیی جیاواز یاریدەکات و ئەوەش ماندووبوونێکی زۆری خستووەتە ئەستۆی یاریزانانی یانەکە، زۆری ژمارەی یارییەکان وایکردووە، ژمارەی پێکانەکانیش زیادبکات و ئەوەش بووەتە کێشەیەک کە یانەکە پێی دەناڵێنێت.
هەمووان پێشبینی ئەوە دەکەن کە یانەی شاهانە بۆ وەرزی نوێ، کۆمەڵێک گرێبەستی نوێ ئەنجامبدەن بۆ ئەوەی پێکهاتەی یانەکە بە شێوەیەکی باشتر ئامادەبێت، بەڵام ئەوەی ئەو سەرچاوە ئیسپانییە رایگەیاندووە، پێچەوانەی ئەو دەنگۆیانەیە، ئەوان دەڵێن یانە ئیسپانییەکە تەنیا بەتەمای گواستنەوەی یەک یاریزانە و ئەویش ترێنت ئەلێکساندەر ئارنۆڵدە.
ئارنۆڵد ئەم وەرزە لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول لە پاڵەوانێتییە جیاجیاکاندا 36 یاری ئەنجامداوە و لەو یارییانەدا توانیویەتی 3 گۆڵ و 7 ئەسیست بکات، ئەو یارمەتیدەر بووە لەوەی لیڤەرپوول لە پلەی یەکەمی پرێمەرلیگ بێت و بگات بە یاریی کۆتایی جامی کاراباو، لە چامپیۆنزلیگیشدا ئەو یانەیە گەیشتووەتە قۆناخی 16 و رووبەرووی یانەی پاریس سانجێرمان دەبێتەوە.
ئارنۆڵد گرێبەستەکەی خەریکە تەواو دەبێت، ئەو یاریزانە تاوەکو ئێستا گرێبەستەکەی نوێ نەکردووەتەوە و لە کۆتایی ئەم وەرزە دەتوانێت بەخۆڕایی رووبکاتە یانەیەکی نوێ، ریال مەدریدیش دەیەوێت ئەو هەلە بقۆزێتەوە و ئارنۆڵد بگوازێتەوە ریزەکانی، بە تایبەت دوای پێکانی کارڤاخال، ئەوە دەرکەوت کە ریال مەدرید کێشەی هەیە لە یاریزانەکانی باڵی راستی بەرگری، دانی کارڤاخال تەمەنی گەورەیە و هیچ جێگرەوەیەکی نییە لە یانەکە، بە چوونی ئارنۆڵد دەکرێت ئەو بۆشاییە پڕبکرێتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە، پێی وانییە کە یانەکە پێویستی بە گواستنەوەی زۆر بێت و ئەو یانەیە دەیەوێت تەنیا ئارنۆڵد بباتە ریزەکانی، بەڵام لە دوو حاڵەتدا، دەکرێت یانەکە یاریزانی دیکەش بگوازێتەوە.
بەپێی سەرچاوەکە، ئەگەر ئەم وەرزە یانەی ریال مەدرید هیچ نازناوێک بەدەستنەهێنێت، ئەوە دەکرێت یانەکە گواستنەوەی زیاتر ئەنجامبدات، لە ئەگەری رۆیشتنی یەکێک لە ئەستێرە گرنگەکانی ئێستای یانەکە، دەکرێت یاریزان بگوازنەوە بۆ ئەوەی شوێنی پڕبکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ