ڤیدیۆ؛ بنزیما بۆ سێیەمجار لێدانی سزای لەدەستدا و ئیتیحاد بردییەوە

27-02-2024
ئیحسان تاهیر
کەریم بنزیما
کەریم بنزیما
نیشانەکردن یانەی ئیتیحاد کەریم بنزیما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جارێکی دیکە عەبدولڕەزاق حەمدەڵڵا، درەوشایەوە و سەرکردایەتی یانەی ئیتیحادی کرد بۆ بردنەوە لە وەحدە بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک.
 
لە یارییەکی بەهێزی گەڕی بیست و یەکەمی خولی تۆپی پێی رۆشنی سعودیەدا، کە یانەی ئیتیحاد بە 10 یاریزان تەواویکرد، لە دواخولەکدا توانی سێ خاڵی یارییەکە بکاتە بەشی خۆی.
 
کەریم بنزیما، لە خولەکی 30ـدا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ ئیتیحاد تۆمارکرد، بەڵام ڤار رەتیکردەوە.
 
یانەی وەحدە لە خولەکی سی و پێنجدا بە گۆڵێکی ئۆدیۆن ئیگالۆ پێشکەوتنی بەدەستهێنا.
 
لە کاتی زیادکراوی نیوەی یەکەمدا، دەرفەتێکی زێڕین بۆ بنزیما رەخسا بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە، بەڵام ئەستێرە فەرەنسییەکە لێدانی سزای لەدەستدا و گێمی یەکەم بە پێشکەوتنی وەحدە کۆتاییهات، کە ئەمە سێیەم لێدانی سزایە کەریم لەدەستیبدات، و پێشتر لەگەڵ هیلال و ئەهلیش لەدەستیداوە.
 
ناوبژیوان لە گێمی دووەمدا لێدانێکی سزای دیکەی لە بەرژەوەندی یانەی ئیتیحاد هەژمارکرد، و ئەمجارە عەبدولڕەزاق حەمدەڵڵا لە خولەکی هەشتا و پێنجدا بەسەرکەوتوویی جێبەجێیکرد و ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
 
یانەی ئیتیحاد یارییەکەی بە 10 یاریزان کۆتایی پێهێنا، کاتێک لە خولەکەکانی کۆتایی گێمی دووەمدا ناوبژیوان بە کارتی سوور سەعد ئەلموسای دەرکرد، بەڵام سەرەڕای ئەوەی حەمدەڵڵا لە خولەکی چوارەمی کاتی زیادکراودا پاسێکی لە بنزیماوە پێگەیشت و گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی و سەرکەوتنی تۆمارکرد.
 
ئەمە سێیەم سەرکەوتنی یەک لە دوای یەکی ئیتیحاد بوو، کە ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە  سی و حەوت خاڵ لە بیست و یەک یارییدا و پلەی پێنجەمی ریزبەندیی گرتووە و بیست و دوو خاڵ لە دوای هیلالی پێشەنگەوەیە.
 
لە کاتێکدا وەحدە بە بیست و شەش خاڵ لە بیست و یەک یارییدا پلەی نۆیەمی بەدەستەوەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە