رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی یانەی لیگانێسی ئیسپانی لە هەرێمی کوردستانە و کار بۆ پێگەیاندنی یاریزانانی تۆپی پێ دەکات.
شاندەکە ماوەی دوو رۆژە لە هەرێمی کوردستان بە دوای بەهرەی نوێی تۆپی پێدا دەگەڕێت و دەیەوێت چەند فێرخوازێک لەگەڵ خۆی بباتە مەدرید بۆ ئەوەی لە ئەکادیمیای یانەکەدا بەشداری بکەن و لە داهاتوودا ببنە یاریزانی تۆپی پێ.
شاندەکە دوو راهێنەر سەرپەرشتیان دەکات و لە نزیکەوە هەڵسەنگاندن بۆ بەهرە و توانای فێرخوازەکان دەکات و ئامانجی ئەوەیە بەهرەی نوێ بۆ یانەکەی بدۆزێتەوە.
گیێرمۆ سانچێز گازاپۆ، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی دەرەوەی یانەکەیە، میوانی بوولتەنی کاژێر 13:30ـی وەرزشیی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و لەبارەی هاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان و ئامانجی سەردانەکەیان بە وردی قسەیکرد.
تۆڕی میدیایی رووداو، سپۆنسەری میدیایی ئەو پڕۆژە هاوبەشەیە کە یانەی لیگانێسی ئیسپانی و ئەکادیمیای یانەی کوارک بۆ پێگەیاندنی یاریزانان لە هەرێمی کوردستان هەیانە.
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ گیێرمۆ سانچێز گازاپۆ، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی دەرەوەی یانەی لیگانێس
رووداو: بەڕێز گیێرمۆ سانچێز گازاپۆ، سڵاو، بەخێربێیت بۆ رووداو، ئەم دوو رۆژی ئێوە وەکو شاندی یانەیەکی دیاری ئیسپانیا و تۆپی پێی ئەوروپا، یانەی لیگانێس لە هەولێر چۆن بەڕێوەچوو؟
گیێرمۆ سانچێز گازاپۆ: زۆر سوپاستان دەکەم، بۆ بەخێرهاتن کردنت بە زمانی ئیسپانی، هەموو شتێک بەباشی و زۆر جوان بەڕێوەچووە، سوپاست دەکەم بە ئیسپانی بەخێرهاتنت کردم، ئێمە راهێنانمان کردووە و هیوادارین لە هەولێر بە وردەکاری زیاترەوە کاربکەین.
رووداو: بەدڵنیاییەوە ئەمە یەکەمجارە بێنە عێراق و هەرێمی کورستان، ئەوەی کە بینیتان بۆ ئێوە پێشبینیکراو بوو؟ چاوەڕێی ئەمەتان دەکرد؟
گیێرمۆ سانچێز گازاپۆ: نەخێر، راستگۆیانە بڵێم زۆر شتمان نەدەزانی سەبارەت بە هەولێر، دەمانزانی خەڵکێکی زۆر حەزیان لە تۆپی پێیە، بەڵام تووشی شۆکبووین کە شتی تازەمان بینی.
رووداو: بۆچی یانە لیگانێس، هەولێر و هەرێمی کوردستانی هەڵبژاردووە بۆ گەڕان بەدوای بەهرەی نوێدا بۆ بوون بە یاریزانی تۆپی پێ؟
گیێرمۆ سانچێز گازاپۆ: یەکەم، لالیگا و خولی ئەستێرەکانی عێراق، دوو ساڵ لەمەوبەر رێککەوتنێکیان واژۆکرد و هاوکاری و ئاسانکارییەکانیان پێشکێشکرد، ئێمە بەمشێوەیە زانیمان و زانیاریمان کۆکردەوە و پەیوەندیمان دروستکرد.
رووداو: پێتانوایە لێرە دەتوانن بگەنە ئامانجەی کە هەتانە، ئەو ئامانجەی کە ئێوەی بۆی هاتوون لێرە دەتوانن بیپێکن؟
گیێرمۆ سانچێز گازاپۆ: بەڵێ، بەدڵنیاییەوە دواجار ئەوەی ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین، ئەو حەز و توانایە شاراوەیە بێت کە لە یاریزاناندا هەیە، دەزانین لێرە راهێنەری ئیسپانی هەیە و زانیاریان پێداوین و دەزانین دەتوانین ئەو کارە بکەین.
رووداو: ئێوە گەنجن و لە هەرێمی کوردستان گەنجی زۆر هەن حەزیان لە تۆپی پێیە، ئێوە لەسەر چ بنەمایەک فێرخوازانە هەڵدەبژێرن و دەبێت چ تایبەتمەندییەکیان تێدابێت بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە ئەکادیمیای یانەی لیگانێس؟
گیێرمۆ سانچێز گازاپۆ: چەندین مەرج هەن، تۆپی پێ زمانێکی جیهانییە، ئێمە بەدوای یاریزانێکدا دەگەڕێین کە خۆیان بن و هەوڵ نەدەن لاسایی کەسی دیکە بکەنەوە، بیر لەوە بکەنەوە زیرەک و لێهاتوو بن، خواردنیان باشبێت و رۆژانە بتوانن راهێنان بکەن و توانا و وزەیان هەبێت، ئەوە بابەتە سەرەکییەکەیە.
رووداو: من گوتم، لیگانێس ئارمانجی ئەوەیە 5 تاوەکو 10 فێرخواز لەگەڵ خۆی بباتە ئیسپانیا، ئێوە هیچ ژمارەیەکی دیاریکراوتان هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆتان ببەنە مەدرید و لە ئەکادیمیای لیگانێس یاری بکەن، ئەگەر ژمارەیەکی دیاریکراو هەیە، ئەو ژمارەیە چەندە؟
گیێرمۆ سانچێز گازاپۆ: ئەوە بە ئاستی یاریزانەکان بەستراوەتەوە، لە راستیدا ئێمە بیر لەوە دەکەینەوە 20 کەس ببەینە ئیسپانیا، بۆ ئەوەی ژینگەیەکی نوێ ببینن و بزانن چۆن تێکەڵ بەو پڕۆسەیە دەبن.
رووداو: ئەم پڕۆژەیەی ئێوە لێرە لە هەولێر هەتانە، لە چەند وڵاتی دیکە هەیە بۆ گەڕان بەدوای بەهرەی نوێدا بۆ بوون بە یاریزانی تۆپی پێ؟
گیێرمۆ سانچێز گازاپۆ: تاوەکو ئێستا ئەمساڵ، ئەمە یەکەم پڕۆژەیە ئەنجامیدەدەین، لە سێ مانگی کۆیایی ساڵی 2024 چووینە نەیجیریا و ئوسترالیا و گەڕاین و گەشتێکمان ئەنجامدا، بەڵام ئێستا دەمانەوێت یەکەم گەشتمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە هەولێر بێت.
رووداو: جگە لە هەولێر دەچن بۆ شارەکانی دیکەی کوردستان و عێراق؟
گیێرمۆ سانچێز گازاپۆ: تاوەکو ئێستا تاکە ئامانجمان لە هەولێرە، ئێمە گفتوگۆ دەکەین بۆ ئەوەی بزانین هەنگاوی داهاتوومان چی دەبێت، بەڵام ئامادەین بچین بۆ شارەکانی دیکەش.
رووداو: کە ئەم هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەیەتان لێرە لە هەولێر کۆتاییدێت، هەنگاوی داهاتووتان چییە؟
گیێرمۆ سانچێز گازاپۆ: دەچینەوە مەدرید، لەوێ قسەدەکەین سەبارەت بەو شتانەی بینیومانن و پڕۆفایلی یاریزانەکان دەبینین و بڕیار دەدەین لەسەر ئەو یاریزانانەی دەستنیشانکراون، تاوەکو بزانین چییە و چۆنە و پاشان بانگهێشتیان دەکەین.
رووداو: هەموو ئەو یانانەی وەکو ئێوەن و گەورەن ئەکادیمیای تایبەتیان هەیە بۆ پێگەیاندنی یاریزانان، ئێوە لە یانەی لیگانێس ژمارەیەکی دیاریکراوتان هەیە کە وەریبگرن بۆ ئەوەی کاری لەسەربکەن ببێتە یاریزان؟
گیێرمۆ سانچێز گازاپۆ: ئێمە ئەکادیمیاییەکی نێودەوڵەتیمان هەیە و ئەوە بۆ هەموو ئەو یاریزانانەیە کە لە سەرانسەری جیهانەوە دەیانەوێت بێنە ئیسپانیا و راهێنان بکەن، تێکەڵ بە تۆپی پێی ئیسپانی بن، ئێمە ئەو هەلەیان پێدەدەین و ئەوە لە بنەمای سەرەکی یانەکەماندا هەیە و کاری لەسەردەکەین بۆ ئەوەی ببنە یاریزان.
رووداو: لێرە وەکو سەرۆکی شاندی یانەی لیگانێس و بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەو یانەیە، چی بەو گەنجە کوردانە دەڵێی کە حەزیان لێیە ببنە یاریزانی تۆپی پێ؟
گیێرمۆ سانچێز گازاپۆ: من دەمەوێت پێیان بڵێم، ئەوان پێویستیان بەوەیە بە ویست و خەونەوە تێکەڵی ئەم بابەتە بن، چونکە تۆپی پێ پێویستی بەو حەزەیە، ئەو گەنجانەی ئێمە بینیمان ئەو حەزەیان تێدابوو و هیوادارم ئەوان بتوانن ئامانجی خۆیان دەستەبەر بکەن.
رووداو: هیچ ژمارەیەکی دیاریکراو هەیە کە ئێوە لێرە فێرخواز وەربگرن، یان دەرگاکە کراوەیە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت بەشداری بکات؟
گیێرمۆ سانچێز گازاپۆ: نەخێر بەو جۆرە نییە، ژمارەکە کراوەیە، ئەوە شتێک نییە کاتێکی دیاریکراوی هەبێت و ژمارەکە سنووردار بێت.
رووداو: بەڕێز گیێرمۆ، لێرە لە کوردستان لالیگا بینەری زۆری هەیە، بەتایبەت ریال مەدرید و بارسێلۆنا، هاندەرانی بارسێلۆنا گلەیی ئەوە لە ئێوە دەکەن و دەڵێن، لە ئێمە و ئاتلێتیکۆ مەدرید دەبەنەوە و بەرامبەر ریال مەدرید دەدۆڕێن، بۆچوونی ئێوە وەکو بەرپرسێکی یانەکە چییە؟
گیێرمۆ سانچێز گازاپۆ: دواجار ئەمە یاریی تۆپی پێیە، ئێمە دەمانەوێت تیپێک بین لە ئاستی رکابەرییەکان بین، ساڵانی رابردوو ئێمە پێشانماندا هەرگیز خۆمان بەدەستەوە نادەین، کاتێکیش دەدۆڕێین شەرم ناکەین، دواجار لالیگا یاریی تێدا و هەموو شتێکی تێدا روودەدات.
رووداو: بۆرخا خیمینێز سانچێز، راهێنەری تیپی یەکەمی ئێوە دوای ئەوەی لە بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدریدی بردەوە گوتی :ئەمجارە نۆرەی ریال مەدریدە، لە کۆپا دێل رێی بەرامبەر ئەو یانەیە یاری دەکەن، دەتوانن تۆڵەی ئەو دۆڕانە بکەنەوە کە سەرەتای وەرز بەرامبەر ئەو یانەیە بە 3-0 بەر ئەو یانەیە تووشی بوون؟
گیێرمۆ سانچێز گازاپۆ: یارییەکی زۆر قورس دەبێت، ئێمە بەرامبەر ریال مەدرید رکابەری دەکەین و خۆشحاڵین گەیشتووینەتە ئەم ئاستە و هەموو هاندەرانی ئێمە حەزدەکەن لەگەڵ ریال مەدرید یاری بکەین و سەرکەوتن بەدەستبهێنین.
رووداو: بڕیارە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، گرێبەستی لۆیس دێلا فوێنتێ نوێبکاتەوە، وەکو ئیسپانییەک بۆچوونتان لەسەر راهێنەری هەڵبژاردەی نیشتمانی وڵاتەکەتان چییە، پێتان باشە گرێبەستەکەی بۆ ماوەیەکی درێژ نوێبکرێتەوە؟
گیێرمۆ سانچێز گازاپۆ: راستگۆیانە بڵێم، ئەم نوێنەرایەتی هەموومان دەکات، بەدیاریکراوی کارێکی زۆرباشی کردووە لەگەڵ ئەوانەی توانایەکی زۆرباشیان هەیە، بەدیاریکراوی لە دوایین رکابەریماندا و زۆر خۆشحاڵبووین بەوەی روویدا و هیوادارین بتوانین بەباشترین شێوە یاری بکەین.
رووداو: بەڕێز، گیێرمۆ ئەگەر پێت بڵێم، ئێستا لە تۆپی پێی ئیسپانیادا کێ باشترین یاریزانە لەلای ئێوە، دەتوانن ناوێکم پێ بڵێن؟
گیێرمۆ سانچێز گازاپۆ: قورسە ئەوە بڵێم، پێدریم زۆر بەدڵە کە یاری دەکات، ئەو پێکراوە، بەڵام وا دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی خۆی، دوایین یاری بارسێلۆنام نەبینی، بەڵام پێموایە ئاستێکی باشی هەیە و ئەو وەکو تیم یارییەکی باشی دەکرد و هیوادارین باشتریش یاری بکات لە ئایندەدا.
رووداو: زۆر خۆشحاڵبووم هاتی بۆ رووداو، ئێوە وەکو یانەی لیگانێس پەیامتان چییە، ئەگەر پێتانخۆشە شتێک بڵێن؟
گیێرمۆ سانچێز گازاپۆ: راستگۆیانە بڵێم، ئێمە زۆر زۆر دڵخۆشین کە لێرەین و ئەو پێشوازییەی لە ئێمە کراوە بەرز دەنرخێنین و ئەو کار و چڕ و پڕەی لەلای ئەوانەی حەزیان لە تۆپی پێیە بینیومانە، هیوادارم تاوەکو کۆتایی هەفتە ئەزموونێکی باشمان بەدەستهێنابێت لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵ ئێمە بەشدارن.
رووداو: بەڕێز گیێرمۆ سانچێز گازاپۆ، زۆر بەخێربێیت بۆ رووداو، خۆشحاڵبووم.
گیێرمۆ سانچێز گازاپۆ: زۆر سوپاس بۆ ئێوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ