داوای رووخاندن و سەرلەنوێ دروستکردنەوەی ئۆڵدترافۆرد دەکرێت

26-12-2023
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن مانچتیستەر یونایتد ئۆلترافۆرد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پلانی نۆژەنکردنەوەی یاریگەی ئۆڵدترافۆردی تایبەت بەیانەی مانچێستەر یونایتد، گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا دێت.
 
سێر جیم راتکلیف، کە لە چەند رۆژی رابردوودا بووە خاوەنی 25٪ـی پشکەکانی یانەی مانچێستەر یونایتد، پلانی بۆ نۆژەنکردنەوە و نوێکردنەوەی یاریگەی یانەکەی داناوە، بەڵام ئەو سەرمایەدارە داوای لێکراوە، یاریگەکە بە تەواوی بڕوخێنێت و یاریگەیەکی نوێ درووستبکات. 
 
راتکلیف بە بڕی 1.03 ملیار پاوەند، بووە خاوەنی 25٪ـی پشکەکانی مانچێستەر یونایتد و سەرپەرشتی هەموو کاروبارێکی پەیوەست بە تۆپی پێ لە یانەکەدا دەکات، یەکەم کاریشی تەرخانکردنی 237 ملیۆن پاوەند دەبێت، بۆ نۆژەنکردنەوەی ئۆڵدترافۆرد، بەڵام بەپێی هەواڵەکان راتکلیف دەزانێت کە دەبێت لە داهاتوودا پارەیەکی زۆر زیاتر خەرج بکات ئەگەر بیەوێت بەتەواوی کێشەکانی یاریگەکە چارەسەر بکات.
 
کۆمپانیای پاپیڵەس، کە کۆمپانیایەکی بواری ئەندازیارییە و یاریگە ناوازە و نایابەکەی تۆتێنهام هۆتسپێرسی درووستکردووە، سێ بژاردەی پێشنیازکردووە، بۆ ئەوەی کێشەکانی شانۆی خەونەکان چارەسەربکات، بژاردەی یەکەم پڕۆژەیەکی بچووکە بۆ گۆڕانکاریکردن لە شێوەی یاریگەکە. بژاردەی دووەم فراوانکردنی بەشی باشووری پەیژەکانی یاریگەکە و نۆژەنکردنەوەی بەشەکانی دیکەیەتی، بژاردەی سێیەمیش ئەوەیە ئۆڵدترافۆرد بەتەواوی بڕوخێنرێت و لە هەمان شوێندا یاریگەیەکی نوێ درووستبکرێت. 
 
ئۆڵدترافۆرد لە ساڵی 1910ـەوە وەک یاریگەی سەرەکی مانچێستەر یونایتد بەکاردەهێنرێت، بەڵام یاریگە مێژووییەکە بە شێوەیەک کۆن بووە کە بەشێکی زۆری بۆیاخی سەر دیوارەکانی یاریگەکە لاچووە، بنمیچەکەی کون بووە و لە کاتی بارانباریندا ئاوێکی زۆر دێتە نێو یاریگەکەوە.
 
کریس ڵی، بەڕێوبەری گشتیی کۆمپانیای پاپیڵەس، پێیوایە رووخاندنی ئۆڵدترافۆرد و درووستکردنی یاریگەیەکی نوێ، باشترین چارەسەرە بۆ بارودۆخی ئێستای یاریگەکە و دەڵێت "پێموایە درووستکردنی یاریگەیەکی نوێ لە رووی خەرجییەوە باشترین بژاردەیە بۆ مانچێستەر یونایتد".
 
ڵی زیاتر دەڵێت "راستە بژاردەی سێیەم لە سەرەتادا زۆرترین خەرجی هەیە و بڕە پارەیەکی زیاتری دەوێت، بەراورد بەدوو بژاردەکەی دیکە، بەڵام لە دەوروبەری ئۆڵدترافۆرد پارچە زەوی زۆری لێیە و لە رووی ئەندازیارییەوە دەتوانرێت کاری زۆر سەرنجراکێش و داهێنەرانەی تێدابکرێت، کاتێکیش کارەکان لە یاریگەکەدا دەستپێدەکەن، مانچێستەر یونایتد دەتوانێت بە شێوازێکی ئاسایی بەکاریبهێنێت و بەردەوامبێت لە میواندارییکردنی یارییەکان، واتا هیچ کێشەیەک لە بەڕێوەچوونی یارییەکان درووستنابێت".
 
لەم وەرزەدا ئۆڵدترافۆرد بووە گۆڕەپانی دێربی مانچێستەر کە تێیدا مانچێستەر سیتی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی بردەوە و هاندەرانی یانەکە بە یەک دەنگ هاواریان دەکرد "ئۆڵد ترافۆرد دەڕوخێت". شانۆی خەونەکان بە سیمبولی مانچێستەر یونایتد دادەنرێت و یەکێکە لە یاریگە مێژووییەکانی ئینگلتەرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەتەواوی لەلایەن یانەکەوە پشتگوێخراوە، یاریگەکە بەرەو کۆتاییەکانی تەمەنی دەچێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە