کیلیان ئێمباپێ بە بێباک و خۆپەرست تۆمەتبار دەکرێت

26-03-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ هەڵبژاردەی فەرەنسا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی پاریس سانجێرمان و کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا، لەم دواییانەدا رووبەڕووی تۆمەتێکی گوماناوی بووەتەوە و هەندێک پێیانوایە کە خۆپەرستە و بایەخ بە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی نادات.
 
رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی، بڵاویکردەوە کە کیلیان ئێمباپێ و هاوڕێکەی ئۆریلیان چوامینی دوای دۆڕاندنی یارییە دۆستانەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەڵمانیا وەک دوو سەرکردەی ئامادەنەبووی ژووری جلگۆڕینی هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکانی فەرەنسا هاتنە بەرچاو، چونکە بێباکانە دەرکەوتن و هیچ هەڵوێستێکیان نەبوو.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئێمباپێ دوای یارییەکە لە ژووری جلگۆڕیندا هیچ قسەی لەگەڵ هاوڕێکانی نەکردووە سەبارەت بە هۆکاری دۆڕاندنەکە، ئەو هەڵوێستەیشی  ئەو بڕوایەی بە هاوڕێکانی بەخشیوە کە سەرنجی لەسەر کێشەکانی خۆیەتی، زیاتر لە کێشەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسا.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو دۆڕانە بە ئەڵمانیا کۆمەڵێک کەموکوڕی لە ریزەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسای دووەمی جیهاندا نیشان دەدات، وەک لاوازی باری دەروونی و بێتوانایی یاریزانە یەدەگەکان، کە دیدێ دیشامی راهێنەر پشتیان پێدەبەستێت.
 
رۆژنامەکە پرسیاری کردووە، سێ مانگ پێش پاڵەوانێتی یۆرۆی 2024، ئایا دۆڕاندنەکە بەرامبەر ئەڵمانیا تەنیا کۆسپێکە یان زەنگێکی ئاگادارکردنەوە؟ ئایا ئەم شکستە مایەی نیگەرانی نییە؟.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەمیشە گومان لەسەر هەڵبژاردەی فەرەنسا دروست دەبێت، پێش پاڵەوانێتییە گەورەکان، وەک ئەوەی پێش دوایین مۆندیال لە ساڵی 2022 روویدا.
 
لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا، رۆژنامە فەرەنسییەکە رایگەیاندووە، هەڵبژاردەی فەرەنسا بەرامبەر ئەڵمانیا ئاستێکی باش و کەسایەتییەکی باشی لە یاریگەدا نەبووە، و ناتوانرێت یارینەکردنی ئەنتوان گریزمانەوە بکرێتە پاساو بۆ ئەم دۆخە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە