رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە، لەسەر شێوازی ئاهەنگگێڕانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یاریی بەرامبەر شەباب لە خولی سعودیە هاتە دەنگ و لێکۆڵینەوە لە مامەڵەکردنی ئەستێرە پۆرتوگالییەکەدا دەکرێت.
فیدراسیۆنەکە بڕیاریداوە، دوای ئەو کاردانەوە زۆرانەی شێوازی مامەڵەکردنی یاریزانەکە بەدوای خۆیدا هێنا، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکاندا بکات و ئەگەر یاریزانەکە هەڵسوکەوتی نابەجێی ئەنجامدابێت، سزابدرێت.
لە یاریی نێوان هەردوو یانەی نەسڕ و شەباب لە رکابەرییەکانی خولی سعودیە، کە نەسڕ یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە و رۆناڵدۆ لە یارییەکەدا گۆڵێکی تۆمارکرد، کریستیانۆ بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ئاهەنگی گێڕا و شێوازی ئاهەنگگێڕانەکەی کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.
لەسەر شێوازی ئاهەنگگێڕانی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە، هاندەرانی تۆپی پێی سعودیە تووڕەن و داوای دوورخستنەوەی یاریزانەکە دەکەن، لە میدیای جیهانیشدا شێوازی ئاهەنگگێڕانەکەی دۆن کاردانەوەی دروستکرد و بە کارێکی ئابڕووبەرانە ناوی دەبەن.
یانەی نەسڕ بەشی یاسایی یانەکەی راسپاردووە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەو رووداوانە بکات و هەموو ئەو کەسانەی هێرشی نابەجێیان کردووەتە سەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ رێکاری یاسایی بەرامبەر بگرێتەبەر.
ئەمە جاری یەکەم نییە شێوازی مامەڵەکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کاردانەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، لە دوای دۆڕانی یارییەکەیان بەرامبەر هیلال لە جامی ریازیش، یاریزانەکە بەهۆی ئەوەی سووکایەتیی بە لۆگۆی یانەی هیلال کرد، لەلایەن هاندەرانی ئەو یانەیەوە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە، بەڵام یاریزانەکە هیچ سزایەکی نەدرا.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەم وەرزەی خولی سعودیەدا 22 گۆڵی تۆمارکردووە و دوای بردنەوەیان لە شەباب لە پەیامێکدا گوتی "بەردەوامدەبین و تاوەکو کۆتایی ناوەستین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ