ڤیدیۆ؛ عەبدوڵڵا جەلال لە رێگەی رووداوەوە مژدەیەکی گەورە دەداتە هاندەرانی دهۆک

26-02-2024
ئیحسان تاهیر
دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک
دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک
نیشانەکردن دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک یاریگەیەکی نوێ لە دهۆک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یانەی دهۆک، لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە مژدەیەکی خۆش بۆ هاندەرانی یانەکەی رادەگەیێنێت و دەڵێت "کار بۆ دروستکردنی یاریگەیەکی نوێ بۆ یانەکە دەکەین و شوێنەکەیشی دیارییکراوە". هەروەها دووپاتیشیکردەوە کە لە سەرەتای وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، هەندێک ناحەقی بەرامبەر بە یانەکانی کوردستان کراوە، بەتایبەتیش یانەی نەورۆز.
 
دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک، دوای 5 مانگ دوورکەوتنەوە، بۆ یەکەمجار لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە دەرکەوتەوە و لە بوولتەنی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا، گوتی "کار بۆ دروستکردنی یاریگەیەکی نوێ بۆ یانەی دهۆک دەکەین، شوێنەکەی لە سەرەتای دهۆک دیارییکراوە، پارێزگاری دهۆکیش رەزامەندیی لەسەر پڕۆژەکە داوە و چاوەڕێی ئەوە دەکەین وەبەرهێنەرێک بێتە پێشەوە بۆ ئەوەی کارکردن لە پڕۆژەکەدا دەستپێبکات."
 
سەرۆکی یانەی دهۆک، زیاتر دەڵێت "کۆمپانیایەک هاتووەتە پێشەوە، بەڵام جارێ هەندێک وردەکاری ماون بۆ ئەوەی گفتوگۆیان لەبارەوە بکەین بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکە."
 
ئەو دووپاتیکردەوە کە دەیانەوێت یاریگایەکی باشی هاوشێوەی یاریگەی نێودەوڵەتی بەسرە یان یاریگە مەدینە لە بەغدا دروست بکەن.

 

 
دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال، پێیوایە ئێستا دۆخی یانەکەیان باشترە بەراورد بە جاران و گوتی "جاران گەشتمان دەکرد بۆ یاریکردن، تەنیا سێ یان چوار یەدەگمان هەبوو، بۆیە پێموایە ئێستا تیپەکەمان لە دۆخێکی باشتر دایە و ئەمساڵ ئێمە دەتوانین رکابەری بکەین، هەرچەندە ئاستی رکابەری زۆر بەهێزە".
 
یانەی دهۆک بە 10 ملیۆن دینار سزا دراوە لەگەڵ ئەنجامدانی یارییەک لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا.
 
سەرۆکی یانەی دهۆک، لەو بارەیەوە ئاشکرایکرد کە یانەکەیان بەهۆی یاریی کەربەلا سزا دراوە و گوتی "سزا دراوین لەبەرئەوەی هاندەرێکمان لە یاریی بەرامبەر کەربەلا لافیتەیەکی دژی ناوبژیوان بەرزکردبووەوە، بەڵام هەرزوو لافیتەکەمان لێوەرگرت و لە یاریگەش دەرمانکرد، تەنیا یەک بوتڵ ئاویش فڕێدرایە نێو یاریگە، کەچی یاری هەبوو هەزاران بوتڵ فڕێدراونەتەوە نێو یاریگە و کەسیش سزای نەداون".

 

 
ئەو سەرۆک یانەیە نەیشاردەوە کە ئامانجی یانەکەیان لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا بەدەستهێنانی یەکێک لە پلەکانی پێشەوەیە، لە پلەی یەکەم تاوەکو شەشەم بۆ ئەوەی بلیتێکی پاڵەوانێتییەکی ئاسیا بەدەستبهێنن.
 
سەبارەت بە خەرجییەکانی ئەمساڵی یانەکەی، عەبدوڵڵا جەلال ئاشکرایکرد کە ئەم وەرزە نزیکەی دوو ملیار و پەنجا ملیۆن دینار خەرج دەکەن و گوتی "یانەی دهۆک یەکێکە لەو چوار یانەیەی کە کەمترین خەرجی لەم وەرزەدا دەکات".
 
ئەو هەروەها دووپاتیکردەوە کە لەم دۆخەی دارایی هەرێمی کوردستاندا ناتوانن لەوە زیاتر خەرج بکەن و گوتی "ئەگەر پێنچ ملیار دیناریش خەرج بکەین هەر ناتوانین رکابەریی یانەکانی شورتە و جەوییە بکەین".
 
سەرۆکی یانەی دهۆک، دووپاتیکردەوە کە یانەکانی کوردستان هەڵە و ستەمیان بەرامبەر کراوە و گوتی "ناوبژیوانان زۆر هەڵە دەکەن، لە زۆر لە یارییەکاندا، بەڵام ئەو هەڵانەی بەرامبەر یانەکانی کوردستان دەکەن لەوانەیە بەرامبەر یانە گەورەکانی دیکە نەیکەن، بەڵام ئێستا دۆخەکە باشترە و هیوادارم بەردەوام بێت". 
 
ئەو کە پێیوابوو یانەکەی بەهۆی هەڵەی ناوبژیوانانەوە 6 خاڵی لەدەستداوە، زیاتر گوتی "لەوانەیە زۆرترین ستەم بەرمبەر یانەی نەورۆز کرابێت".
 

 

 
دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال، پێیوابوو سەرۆک یانە پێویستە دیبلۆماسی و نەرمونیان بێت لە ئیدارەدانی یانە و گوتی "هەرگیز نامەوێت تووند بم، بەتایبەتی کە هەمیشە هنادەرانمان پشتگیرییان کردووین".
 
ئەو نەیشاردەوە کە بەهۆی گوشار و هەندێکجاریش بەهۆی ئەوە ناحەقییانەی بەرامبەر یانەکەی کراون، هیوای خواستووە سەرۆکی یانەی دهۆک نەبووایە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە